توێژەران و چالاکوانانی ژنان ڕایدەگەیەنن، پێشتر توندوتیژییەکانی دژ بەژنان زۆرتر جەستەیی بوون، بەڵام ئێستا پیاوان زیاتر توندوتیژییە دەروونییەکان، بەرامبەر بە ژنان بەکاردەهێنن، دەشڵێن: بەهۆی ئەوەی سەلماندنی توندوتیژی دەروونی لە دادگاکان قورسە، بۆیە پیاوان ئەو ڕێگایە بەکاردەهێنن، بە پێویستیشی دەزانن، لەو ڕوەوە پیاوان هۆشیار بکرێنەوە.
توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، چەندین جۆری جیاوازیان هەیە، لەوانەش توندوتیژیی دەروونی، جەستەیی، ئابووریی و چەندین جۆری دیکە، بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان ئەگەر ژنێک هەرکام لەو توندوتیژیانەی لە دژ کرا لەکاتی تۆمارکردنی سکاڵادا، دەبێت ئەو توندوتیژیەی بەرامبەری ئەنجامدراوە لە دادگا بیسەلمێنێت، بەڵام وەک چالاکوانانی ژنان باسی دەکەن، سەلماندنی توندوتیژی دەروونی کارێکی قورسە، لەبەرئەوەشە ئێستا زیاتر توندوتیژی دەروونی بەرامبەر بە ژنان بەکاردەهێندرێت.
دەربارەی ئەو پرسە لەنجە کەمال، توێژەری کۆمەڵایەتی و ئەندام لە ڕێکخراوی ئاسوودەی تایبەت بە ژنان، باس لەوە دەکات کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە جیهان و کوردستانیشدا مێژوویەکی کۆنی هەیە، توندوتیژییەکانیش بەپێی سەردەم و شوێنەکان دەگۆڕدرێن، لەپێشتردا توندوتیژییەکان زیاتر جەستەیی بوون، بەڵام ئێستا توندوتیژییەکان زیاتر دەروونین.

ئەو توێژەرە زیاتر ڕوونیدەکاتەوە “بەهۆی ئەوەی توندوتیژی جەستەیی بە ئاسانی دیاری دەکرێت کەمتر ئەنجام دەدرێن، زۆرتر توندوتیژییە دەروونیەکان بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن، ئەمەش لەبەرئەوەی دەبێت لە دادگا ئەو توندوتیژییەی بەرامبەری ئەنجامدراوە بیسەلمێنێت، بەڵام سەلماندنی توندوتیژی دەروونی کارێکی قورسە، بۆیە ئێستا زیاتر توندوتیژی دەروونی ئەنجامدەدرێت”.
لەنجە کەمال، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو ژنانەی توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، ناتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن و خاوەن بڕیاربن، بە پێویستیشی دەزانێت، پیاوان هۆشیار بکرێنەوە، چونکە ئەوەی زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدات پیاوانن.
فەوزییە عەبدولکەریم، چالاکوانی بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانە، بەهەمانشێوە، جەخت لەسەر زیادبوونی توندوتیژییە دەروونییەکان دەکاتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە هۆکارێکی کاریگەری زیادبوونی ئەو توندوتیژیانە دەزانێت، وەک دێوەزمەییەک بۆ ژنانی کورد وەسفی دەکات.

ئەو ژنە چالاکوانە بەشێکی دیکەی هۆکاری توندوتیژییە دەروونییەکان بۆ نەبوونی هۆشیاری تاک، خراپی دۆخی هاوڵاتیان و دۆخی سیاسی گەڕاندەووە، لەبەر ئەوەی خەڵک بەهۆی ئەو کێشانەوە لەڕووی دەروونیەوە جێگیر نییە، هەروەها کۆمەڵگاش خاوەنی پەروەردەیەکی تەندروست نییە، منداڵی کچ و کوڕ بە جیاوازی پەروەردە دەکرێن.
فەوزییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە یاساکان پارێزگاری لە ژنان ناکەن، تەنانەت ئەو یاسایانەی کە هەیە جێبەجێناکرێن، بۆیە پێویستە ڕێکخراوە ژنەکان هەوڵبدەن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان، پێشنیارکردنی یاسایەکی گونجاوتر لە بەرژەوەندی ژنان.
ک.س