شەنگال- ئەڤین زەندا- نەسرین حسێن
دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی شەنگال بۆ بەرخۆدان و ڕاگەیاندنی سەفەربەری، ژنانی شەنگال دەستیان بە پەروەردە و ڕاهێنانی خۆیان کردووە و خۆیان بۆ بەرگری ئێزدیخان ئامادەدەکەن.
حکومەتی بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هەولێر، هەڕەشەی کردبوو کە دەبێت خۆبەڕێوبەریی شەنگال تا ١ی مانگی نیسان هێزەکانی پاراستنی ئێزدیخان لە ناوچەکە دووربخاتەوە، ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریش لەگەڵ نوێنەری هێزە سیاسی و سەرەبازییەکانی شەنگال و عەشیرەتەکانی کۆبووەوە و بڕیاری بەرخۆدانیان دا.
لەسەر ئەو بڕیارەدا، ژنانی شەنگال بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان کە لە ماوەی حەوت ساڵ بەدەستهاتووە، پەروەدە و ڕاهێنان لەسەر چەک دەبینن و خۆیان بۆ بەرگری لە ئێزدیخان ئامادەدەکەن.
یەکێک لەو ژنانە بەناوی نازێ شەنگالی، کە بۆ یەکەمجارە چەک بەدەستەوە بگرێت دەڵێت: ئەمڕۆ لەگەڵ هەڤاڵانمان هاتووین بۆ پەروەردەی چەک، وەک ژن ئەمە بۆ خۆمان بە پێویست دەبینین، چونکە فەرمانێکی گەورەمان بینیوە، بە تایبەتیش ژنان لەم فەرمانەدا ئازارێکی زۆریان چێشت، بۆ ئەوەی کە کۆتایی بەم فەرمانانە بێنین، پێویستە خۆمان پەروەردە بکەین و لە بەرامبەر دوژمن بوەستینەوە.
لە بەردەوامیدا نازێ دەڵیت، دەمەوێت باسی فەرمانەکەتان بۆ بکەم تا بزانن ژنانی شەنگال بۆ پەروەردەی چەک دەبینن؛ دەستپێک لە گوندی سبای بووین، بەیانییەک هەستاین و بینیمان داعش دەستی بەسەر گوندەکەدا گرتووە، ئەوانەی توانیان هەڵهاتن، ئەوانەش مانەوە کەوتنە دەستی چەتەکان، دەستڕێژی گولـلەیان لە ئێمەش دەکرد، بینیم کە چون ژنێکیان بە بەرچاوی مناڵەکەیانەوە کوشت، دوایی چووینە گوندی سکێنیە، لەوێش چووینە چیای شەنگال، حەوت ڕۆژ بێ ئاو و خواردن بووین، پیاوەکان بە چەکی سووکەوە شەڕیان دەکرد، زۆرێک کوژران و زۆرێکیش ڕفێندران.
نازێ ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەر ژنان لە کاتی فەرمانەکەدا شارەزاییان لەسەر بەکارهێنانی چەک هەبواێت، دەیانتوانی خۆیان بپارێزن و وتی: هەر بە لانیکەمەوە دەیانتوانی نەکەونە دەستی چەتەکان و خۆیان کوشتبا، بەڵام نەیانزانی.
نازێ باسی ئەوە دەکات کە لە کاتی هەڵهاتندا، پێیان وتراوە کە هەڤاڵان دێن و دەیانپارێزن و دەڵیت: ئێمە هەڤاڵانمان نەدەناسی، بەڵام لە ڕاستیشدا وابوو، هاتن و ئێمەیان پاراست، ئەگەر ئەوان نەبوایان ئێمەش نەدەماین، لە کاتێکدا بەرەو گوندی کەرسێ دەچووین، ئاویان دەدایە خەڵک، ئەوانەش کە توانای چوونیان نەبوو سواری ئۆتۆمێلیان دەکردن، گەیشتینە دوگرێ، لەوێ دەستڕێژی گولـلەمان لێکرا، من کەوتمە چاڵێکەوە، چیتر نەمدەتوانی بڕۆم، تا ئەو کاتەی گەیشتینە ڕۆژئاوای کوردستان، بیرهێنانەوەی هەر خولەکێکی ئەو کاتە بۆ ئێمە ئێش و ئازارە.
نازێ هەروەها باسی ئەو هێزانە دەکات کە لە کاتی فەرمانەکەدا لەوێ بوون و دەڵێت: پەدەکە نەتەنیا هەڵهات، بووە هۆکاری کوژرانی ئەو مرۆڤانەش، هێشتا کە داعش نەهاتبوو بە ئێمەیان وت؛ بچنە ماڵەکانتانەوە و دەرگاکان داخەن، ئێمە ڕزگارتان دەکەین، بەڵام بینیمان نە حکومەتی عێراق و نە پەدەکەش لە شەنگال نەمان و هەموویان هەڵهاتن، تەنانەت ئەگەر بیانوتایە کە هەڵبێن، ئەوەندە مرۆڤ شەهید نەدەبوون، پێش فەرمانەکە باوەڕمان بە پەدەکە هەبوو، بەڵام بینیمان کە درۆیان کرد، دوای ئەو فەرمانە با وا نەزانن کە جارێکی دیکە باوەڕییان پێدەکین، ئێمە تەنیا و تەنیا باوەڕمان بە ڕۆڵەکانی خۆمان و هێزەکانی خۆمان هەیە.
نازێ لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: دەمانەوێت هەمووان بزانن کە وەک ژنانی شەنگال خۆمان پەروەردە دەکەین تا فەرمانی دیکە بەسەرماندا نەیەت، نەمانوتووە کە لە بەرامبەر دەوڵەتدا شەڕ دەکەین، بەڵام کامە دەوڵەت و هێز پیلان لەدژمان بکات و بیەوێت لەناومان ببات، یان دەستکەوتەکانمان قبوڵ نەکات، بەبێی وەڵام نایهێڵینەوە و بەرخۆدان دەکەین، داواشمان لە هەموو ژنان ئەوەیە کە خۆیان پەروەردە بکەن و بە تایبەتیش پشت بە پیاوان نەبەستن، لە فەرمانەکەدا بینیمان کە چەندە ژن کوژران و فرۆشران، بۆیە پێویستە ژن خۆی بکات بە هێز و خۆی پەروەردە بکات و لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە.
ب.ک