پۆلیسى هەولێر بڵاویکردەوە، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن زڕدایکییەوە سووتێندراوە و تاوانباری ڕووداوەکەش دەستگیرکراوە، کە زڕدایکییەتی.
هۆگر عەزیز، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی پارێزگای هەولێر شەوی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “پاش ئەوەى تیمەکانمان لە بنکەی پۆلیسی کەسنەزان ئاگادارکرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی سووتان و دوای گەیشتنی هێزەکانمان بە شوێنى ڕووداوەکە، دەرکەوت کەوا کچێکی تەمەن (١٧) ساڵ بەناوی (ڕەیان مەحمود جەمیل) لەلایەن زڕدایکیەوە سووتێنراوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە کچەکە ڕێژەی سووتاوییەکەی گەیشتووەتە ٨٠٪ و “دوای وەرگرتنی لێداونى تاوانلێکراو، دەرکەوت لەلایەن زڕدایکیەوە سووتێندراوە”.
ڕەیان مەحمودى لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکانی هەولێرە و چارەسەرى پزیشکیی وەردەگرێت و ڕێژەی سووتاوییەکەشی ٨٠٪ـە.
وتەبێژى پۆلیسى هەولێر باسی لەوەشکردووە: دوای لێکۆڵینەوە توانرا تۆمەتبارەکە بەناوی (م.ح.ح) دەستگیر بکرێت و لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە بەپێی ماددەى (٤٠٨) لە یاسای سزادان بەندکراوە.

ئ.م