وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان ڕایگەیاند، کە ژنە کۆماندۆکانی سوپای ئەو وڵاتە دەچنە بەرەکانی شەڕ، دژی چەکدارانی تاڵیبان.
ئەمرۆ، فواد ئەمان وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان لە پەیامێکدا، کە لەسەر تویتەرەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، باسی لە ناردنی کۆماندۆکانی سوپای ئەفغانستان بۆ بەرەکانی شەڕ دژی چەکدارانی تاڵیبان کردووە.
ئەمان نووسیویەتی: ١٣٥ کۆماندۆی پسپۆر، کە ٢٠ـیان ژنن، دوای تێپەڕاندنی خولە پسپۆرییەکان، بەمزووانە بۆ شەڕکردن لەگەڵ تێرۆریستان و پاراستنی ئەفغانییەکان، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکرێن.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، هەفتەی ڕابردوو ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە، کە نیشانیدەدات ٢٢ کۆماندۆی ئەفغانستان دوای ئەوەی جبەخانەکانیان تەواو دەبێت، خۆیان ڕادەستی چەکدارانی تاڵیبان دەکەن و دوای ئەوە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە گولـلەباران دەکرێن.
ب.ک