لە شارەدێی هەریری، لە سنووری پارێزگای هەولێر، پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ کردووە، لەبری ئەوەی قەرزی لای باوکی کچەکە بووە.
بەپێی وتەی بەهار مونزیر، لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، کە هاوکات چالاکوانێکی بوارەکانی مافی ژنانە، شەوی ڕابردوو، لە شارەدێی هەریری، لە سنووری پارێزگای هەولێر، پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لەبری قەرز هاوسەگیریی لەگەڵ مێردمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ کردووە.
بەهار مونزیر، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئەو پیاوە تەمەن ٤٠ ساڵە، بڕی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی لای باوکی ئەو کچە ١٣ ساڵانە بووە، لەبری ئەو پارەیە باوکەکە کچەکەی پێداوە و شەوی ڕابردوو لای مامۆستای ئاینی مارەی بڕیوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو پیاوە پێشتر سێ جاری دیکە پڕۆسەی هاوسەرگیریی پێکهێناوە.
بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان، هیچ کچێک پێش تەمەنی ١٨ ساڵ لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا گرێبەستی هاوسەرگیرییان بۆ ناکرێت، هەو مامۆستایەکی ئاینیش، پڕۆسەی مارەبڕینی کچێک ئەنجام بدات لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵ ئەوا لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینەکانەوە سزا دەدرێت، بەڵام هەندێک جار ئەو کەسانەی پڕۆسەی هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ ئەنجام دەدەن، لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستی هاوسەرگیریی دەکەن.
د.ع