شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەگەڵ چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و تاوتوێی ئاڵۆزییەکانی باشوری کوردستان و گرنگی ڕۆڵی ژنیان کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
کۆبوونەوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژنان و ڕێکخراوەکانی بواری مافی ژنان بەشدارییان تێداکردبوو.
ئاسیا عەبدوڵا، ئەندامی کەنەکە لە کۆبوونەوەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی ژنان کرد لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی باشوری کوردستان و مەترسییەکانی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ.
وتیشی: هەرچەندە دۆخەکە بەهۆی هەڵوێستە گشتگیرەکانەوە تاڕادەیەک ئارام بووە، بەڵام ئەمە واتای کۆتاییهاتنی کێشەکان نییە و ئەگەر هەڵوێستی جدیی نەبێت دوورنییە بگاتە ئاستی ڕوودانی شەڕ.
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەزاران ژن هەن لەناو لایەنە سیاسییەکاندا ڕۆڵیان هەیە و “پێویستە فشار لە لایەنەکانیان بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە بە دروستبوونی شەڕی ناوخۆ نەدەن”.
ئاسیا عەبدوڵا ئەوەشی نەشاردەوە، کە ئەگەر شەڕ دروستببێت ژنان “زەرەرمەندی یەکەم دەبن” و وتی: پێویستە چیتر ڕێگە نەدەین ژنان و دایکان ببنە قوربانی شەڕەکان.
هاوکات ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکەش لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ستایشی ڕۆڵی ژنانی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا و وتی: دڵنیاین ئەگەر ژنان ڕۆڵبگێڕن لە پرسەکان و چارەسەرکردنی کێشەکاندا، ئەوا چارەسەر ئاسانتر دەبێت.
کۆبوونەوەکە بە گوێگرتن لە سەرنج و تێبینییەکانی ژنان و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەندامان و هاوسەرۆکی کەنەکە کۆتاییهات.
د.ع