گەریلایەکی ژنی بەڕەگەز عەرەب کە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەربووە بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد و بەشداربووە لە ڕیزەکانی گەریلا، پێیوایە کە پێویستە بۆ بەدیهێنانی “ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانە و یەکسانیی، زیاتر تێکۆشان بکەین”.
ئامارا جودی، بەڕەگەز عەرەبە و ساڵی ٢٠١٦ بەشداریی لە ڕیزی گەریلاکانی کوردستاندا کردووە، ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باس لە چۆنییەتی بەشدارییکردنی بۆ ڕیزەکانی گەریلا و تێکۆشانی لەڕیزی گەریلاکانی کوردستاندا دەکات.
ئامارا دەڵێت: ئێمە لە کۆمەڵگەی خۆماندا ناوی کورد و کوردستانمان نەدەزانی، یانیش بەشێوەیەکی جیاواز باسیان دەکرد بۆ ئێمە، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت شەڕی کۆبانێ، تاڕادەیەک شەڕڤانانی ئازادییم ناسیی، لە شەڕی منبیجیشدا هەلم بۆ هاتەپێش کە شەڕڤانانی ئازادیی ببینم، لەوێوە هەڤاڵانم ناسی.
ئەو باسی کاریگەربوونی دەکات بە شەڕڤانانی ئازادیی و دەڵێت: کاتێک هەڤاڵانم بینی، ئەوەی زۆر کاریگەری کرد، هاوڕێیەتییان بوو پێکەوە، هەمیشە بە پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی بەهێز بەیەکەوەبوون، هەروەها خەڵکیان زۆر خۆشدەویست کە ئەمەش زۆر کاریگەریی لەسەر ئێمە دروست دەکرد، ئێمە هەرچەندە عەرەب بووین، بەڵام هیچ جیاوازییەکیان نەدەکرد و شەڕیان بۆ ئێمە دەکرد، منیش لەوێوە بیرمکردەوە و بڕیارمدا بەشداربم لەو شەڕە ڕەوایە.
ئامارا لەدرێژەی قسەکانیدا تیشکدەخاتە سەر شەڕڤانانی ژن، کە ئەو کاریگەربووە پێیان و دەڵێت: لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان شەڕیان نەدەکرد، بەڵام شەڕکردنی ژنێک لە بەرەی پێشەوە و فکرەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەبارەی ژنەوە، وایان لێکردم بیربکەمەوە، ئەوەش خواستی منی بۆ هاتنە ڕیزی گەریلاکانەوە زیاترکرد، منیش وتم وەک ژنێکی عەرەب دەتوانم شەڕ بکەم.
ئامارا جودی باس لە فکر و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەکات لەبارەی ژنانەوە و دەڵێت: فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خاوەن چوارچێوەیەکی بەرفراوان و قووڵە، پێکهێنانی پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ لەتوانایدایە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ژیانی کۆمەڵگەدا بکات، ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە، سیستمی سەرمایەداریی هەموو ڕێگاکان تاقیدەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێ لە پارادیگمای ڕێبەر ئۆجالان بگرێت.
ئەو گەریلا بەڕەگەز عەرەبە لەکۆتایی قسەکانیدا بانگەوازیی ئاراستەی گەنجان کرد و وتی: بەتایبەت داوا لە گەنجانی عەرەب دەکەم، بێن و بەشداریی ڕیزی تێکۆشانی ئازادیی بکەن، چونکە دەوڵەتی تورک تەنها زوڵم و فشار لە گەلی کورد ناکات، بەڵکو زوڵم لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەگەر دەمانەوێت لە وڵاتی خۆماندا ژیانێکی شەرەفمەندانە و ئازاد بژین، دەبێت زیاتر تێکۆشان بکەین.
ب.ل