ئاسایشی کەلار بۆ ڕێگرتن لە یادی ساکینە بەردەم هۆڵی ڕۆشنبیریان گرتووە

پاش ئامادەبوونی خەڵک لە بەردەم هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان، بۆ بەشداریکردن لە سیمینارێک بۆ یادکردنەوەی ساکینە جانسز و دوو هەڤاڵەکەی، هێزەکانی ئاسایش بەردەم هۆڵەکەیان تەنی و ڕێگەیان بە یادکردنەوەکە نەدا.


بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک-ەوە، سیمینارێک بۆ حەوتەمین ساڵیادی شەهیدان ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بکرێتەوە، بەڵام پاش ئامادەبوونی خەڵک لەبەردەم هۆڵەکە، هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان، بەردەم هۆڵەکەیان تەنی و بڵاوەیا بە خەڵکەکە کرد.

لە بەرامبەر ئەم ڕێگریانەدا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ڕژاک لە گەرمیان بەیاننامەیەکیان دەرکرد و ڕایانگەیاند: سەرەتا ئەو هەڵوێستە سیاسیە نایاساییانەی دەسەڵات ڕسوا و شەرمەزار دەکەین، کە ماوەیەکە ئاستەنگی دروست دەکەن و هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتیشیان تێدا نەهێشتۆتەوە، لەبەرامبەر بەدەستهێنانی هەندێک دەستکەوتی تەسکی حزبی و دڵخۆشکردنی هەندێک وڵاتانی دەوروبەر.

ئەوەش هاتبوو: ئەگەر کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکە تاکوو ئێستا توانیویەتی لە مێژووی خۆیدا چەندین پێشەنگی ژنانی وەکوو لەیلا قاسم و بێریتان و ئاری میرکان و ساکینە جانسزەکان بەرهەمبێنێ و بەگیانی پیرۆزی خۆیان ڕێچکەی خەباتێکی بەرفراوان بکەنەوە، کە ئەمڕۆ هەزاران ژن پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بکەن لە هەموو کایەکانی ژیاندا بێ جیاوازی، وەبەپێچەوانەشەوە هێڵی دەسەڵاتخوازی و وابەستەیی تاکوو دێت زیاتر تەنگاو دەبێت لە بەپراکتیککردنی ئەو دروشمانەی کە زۆرجار بۆخۆیان بۆ چەواشەکاری کۆمەڵگە بەرزی دەکەنەوە، وەکوو ئازادی ڕەگەزی و مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و ئازادی تاک و جۆرەهای دروشمی تر. 

لە کۆتایشدا ئەوە هاتبوو: لە کۆتاییدا ئێمەش وەکوو ژنانی ئازادی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە هیچ لەو ئاستەنگی و کۆت و بەندە نایاساییانەی ئێوە ناتوانێت بمانوەستێنیت و زیاتر برەو بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەدەین تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە دەگەیەنینە ئەو ئاستەی، کە یەکسانی ڕەگەزی و ژینگەپارێزی و دیموکراتی تێدا دەکەین بە پێوان و کولتوور لە هەر تاکێکی کۆمەڵگەدا.


ک.ک