ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی ژنان لە شەنگال کۆتایهات

ئاهەنگی ٨ی ئازار، ڕۆژی جیهانی ژنان لە شەنگال کە بەبەشداری سەدان ژن دەستیپێکردبوو، تێیدا ژنان پیرۆزبایی ڕۆژی ژنانیان لە هەموو ژنانی دونیا کرد و تیشکیان خستە سەر ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەی ژنان بۆ ئازادی کوردستان و ئازادیی شەنگال داویانە، بە وتنەوەی دروشم کۆتایهات


ئەمڕۆ ژنانی شەنگال بە دەستپێشخەری بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێ، ئاهەنگێکی گەورەیان لە شارەدێی سنونێ بەبۆنەی ٨ی ئازار ڕۆژی جیهانی ژنان ئەنجامدا و بە دروشمەکانی ' رۆحی ٨ی ئازار دەکەینە ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزیدخان، خۆسەری شەنگال دەچەسپێنین' ئاهەنگەکەیان دەستپێکرد.

سەرەتا ژنان لە سنونێ بەڕێپێوانێک بە کۆڵانەکاندا ڕۆشتن و پیرۆزباییان لە ژنان دەکرد و دروشمەکانی ' ژن ژیان ئازادی، بژی ڕێبەر ئاپۆ' یان دەوتەوە.

دواتر ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئازار دەستیپێکرد و تێیدا سابیحە سەبری، وتەبێژی تاژێ و رێحان هجۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، ڤیان حەبابی، فەرماندەی یەکینەکانی ژنی شەنگال-یەژەشە، وتەیان پێشکەشکرد.

لە وتەکانیاندا ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەریان لەهەموو ژنانی جیهان پێشکەشکرد و تیشکیان خستە سەر هەموو تێکۆشانی ئەو ژنانەی کە لەپێناو ئازادیی کوردستان و ئازادیی شەنگالدا گیانیان بەختکردووە.

لەدوای وتارەکان، ئاهەگەنگەکە بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی بەردەوامبوو، تیپی هونەری گروپی شەهید نوژیان و هونەرمەند نارینخان بەرهەمیان پێشکەشکرد.

د.ع