ئیمام جومعەی تاران: خودا بە فشارە نێودەوڵەتییەکان تاقیتان دەکاتەوە

کازم سدیقی، ئیمام جومعەی تاران، لە وتاری ئەمڕۆی هەینی خۆیدا ڕوو لە خەڵکی ئێران وتی: "خودا بە فشارە نێودەوڵەتییەکان تاقیتان دەکاتەوە، بۆ نیگەرانن گەمارۆکان توندتر بێت؟ بە جەهەنەم کە توندتر دەبێت".


بەپێی هەواڵی ئاژانسە ئێرانییەکان، ئەمڕۆ لە وتاری ڕۆژی هەینی خۆیدا، کازم سدیقی ڕوو لە خەڵکی ئێران، کە ساڵێکە بەدەم گرانی، نەبوونی، هەژاری، بێکاری و هەزاران کێشەی دیکەوە لەوانە کارەساتی لافاو، دەناڵێنن، وتوویەتی: بۆ نیگەرانن گەمارۆکان توندتر بێت، بە جەهەنەم کە توند دەبێت، مەگەر خواتان نییە؟ مەگەر خوا کەمی بە ئێوە بەخشیوە؟ مەگەر قورئان ناخوێنن؟ ئێوە کێن؟!

لە بەردەوامی قسەکانیدا سدیقی وتوویەتی: خوا بەو فشارە نێودەوڵەتیانە تاقیتان دەکاتەوە، ئەم فشارانە وەک دەردی منداڵبوون وایە، ئێشی ناڵەتان دەردێنێت، بەڵام هیوای منداڵبوونیشی تێدایە. 

ئەم قسانەی ئیمام جومعەی تاران لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران پێش گەمارۆکان، لە دۆخێکی نالەبار ژیانیان بەسەر دەبرد و دوای گەمارۆکان و بە هەڵکشانی بەهای شتومەک و دابەزینی بەهای تمەن لەبەرامبەر دولار، تووشی نەبوونی، هەژاری، بێکاری و بەم دواییانەش لافاوی ماڵوێرانکەر بوونەتەوە و بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکانیان تووشی زۆر و زەحمەت بوونەتەوە. 

لەلایەکی دیکەشەوە، کاربەدەستان و دەسەڵاتداران لەوانە ئیمام جومعەکان بە وەرگرتنی پارەی حکومەت و بەشی ئیمام لە زەکات و بەخشینەکانی خەڵک، باشترین ژیان بەسەر دەبەن و ئاگایان لە ژانی گەل نییە. 


ک.ک