ئێران، لە کارکردنیشدا ستەم لە ژنان دەکرێت

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران لە ساڵی ٢٠١١وە بۆ ئێستا ژمارەی ژنانی بێکار ٢٠٠ هەزار کەس، واتە ٢٥٪ زیادی کردووە و لە هەموو بوارەکانیشدا جیاکارییەکی گەورەیان لەگەڵ پیاودا لەسەر پەیڕوەو دەکرێت.


ناوەندی ئاماری وەزارەتی هەرەوز، کار و خۆشگوزەرانی ئێران ڕایگەیاندووە، کە ژمارەی ژنانی بێکار لە ئێران لە ساڵی ٢٠١١ وە لە ٨٣٠ هەزار کەسەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس زیادی کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە پێناسەی وەزارەتی کار بۆ بێکاری زۆر جیاوازە لە پێناسە جیهانییەکان، بەپێی ئەو پێناسەیە، هەر کەسێک کە لە هەفتەیەکدا تەنانەت یەک کاتژمێریش کاری هەبێت بە بێ کار ئەژمار ناکرێت.

بەپێی دواینی ئاماری وەزارەتی کاری ئێران، ٣٢٪ی بێکارانی ئێران ژنانن، لە کاتێکدا تەنیا ١٩٪ی ئەو کەسانەی کاریان هەیە لە ژنان پێکهاتووە.

دۆخی کار بۆ ژنان لە ئێران زۆر خراپە، بە شێوەیەک کە جگە لە جیاکارییەکە ڕەگەزییەکانی حکومەت، کۆمەڵگای پیاوسالاریش هەر ئەو عەقڵییەتە پەیڕەو دەکات و ژنان لە کەشی کاردا زیاتر لە پیاوان زۆردارییان لێدەکرێت.

بەپێی ئامارێکی دیکەی ئەو ناوەنەدە لە کاتێکدا کە ٦١٪ی ئەو خوێندکارانەی دەچنە زانکۆ ژنانن، ژمارەی ئەو ژنانەی زانکۆیان تەواوکردووە و بێکارن دوو بۆ سێ ئەوەندەی پیاوانی بێکارە.

س.ح