ئێران، ژنانی زیندانێک ڕووبەڕووی پاسەوانان بوونەوە

لە زیندانێکی ژنان لە ئێران ئاڵۆزی کەوتە نێوان پاسەوانانی زیندان و زیندانیانی ژن، پاسەوانانی زیندان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر زیندانیان و ئازاری جەستەییان دان.


دوێنێ  لە زیندانی قەرچەک-ی شاری وەرامین لە نزیک تارانی پایتەختی ئێران، کە شوێنی ڕاگرتنی زیندانیانی ژنە، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕێنی زیندانیان و پاشان دەستێوەردانی پاسەوانانی زیندان ئاڵۆزی دروست بووە.

بەپێی میدیا ئێرانییەکان، پاسەوانانی زیندانەکە ئازاریی جەستەیی ژنانیان داوە، جگە لە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، لێیان داون و چەند ژنێک برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

لە ئێراندا ڕوونە، کە ئەو زیندانە شوێنی ڕاگرتنی زیندانیانی ژنی سیاسی و هەروەها ژنە دەروێشەکانی گونابادی-یە، بەڵام مەحمود سادقی نوێنەری پەرلەمانی ئێران لە تویتێکدا پشتڕاستیکردووەتەوە کە لەو زیندانە ئاڵۆزی و پێکدادان ڕوویداوە، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە ئاڵۆزییەکە لەلایەن ئەو زیندانیانەوە دروست بووە، کە بە تاوانی بازرگانی یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیندانی کراون.

لە کاتی هێرشی پاسەوانەکانی زینداندا، زیندانییەکان بۆ بەرگری لە کاریگەری گازی فرمێسکڕێژ قەرەوێڵە و بەتانییەکانی خۆیانیان سووتاندووە و لە ئەنجامدا ئاگر کەوتووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە، بچڕانی هێڵی تەلەفۆنی زیندانەکە، ڕێگەگرتن لە میدیاکان بوون بە هۆکاری ئەوەی، تا ئێستا ژمارەی بریندارەکان و چونیەتی ڕوودانی ئاڵۆزییەکە بەڕوونی ئاشکرانەبووبێت.

س.ح