ئەلمۆنیتۆر: ئەوەی لە هەولێر کوژرا بەرپرسی میت بووە نەک دیپلۆماتکار

سایتی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی، دەربارەی ڕووداوەکەی هەولێر لە بابەتێکدا ڕایگەیاندووە، کە ئەوەی لە هەولێر کوژرا "عوسمان کۆسە"، بەرپرسێکی باڵای میتە و هەر بەناو دپلۆتکارە و لەناو لیستی ناوەکانی وەزارەتی دەرەوەدا ناوی نییە.


دەربارەی ڕووداوەکەی ١٧ی ئەم مانگەی هەولێر، کە تێیدا ڕاگەیەندرا "جێگری کونسوڵی تورکیا لە هەولێر دوو هاوڵاتی کوژراون"، سایتی ئەلمۆنیتۆر نووسینێکی بەدووداچوونی نووسەر 'عەمبەری زەمان' باوکردووەتەوە.

بەپێی ئەلمۆنیتۆر، لە بەخاکسپاردنی کۆسەی تەمەن ٣٦ ساڵ لە ئەنقەرە، مەلود چاوشئوغلو وەزیری دەرەوە، هاكان فیدان سەرۆكی میت، سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ و خلوسی ئاكاری وەزیری بەرگری ئامادەییان هەبووە، ئەوەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی، کە کەسی کوژراو بەرپرسیارییەتییەکی باڵای هەبووە.

ئەلمۆنیتۆر لە زاری سەرچاوەکانییەوە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە "عوسمان كۆسە ئەندامی دەزگای هەواڵگری توركی- میت بووە‌و پێشتر لە ئێران كاری بۆ میت كردووە ‌و بۆ ماوەی شەش مانگ چەند ئەركێكی پێسپێردراوە لە كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر".

لەسەر کوژراوەکە ئەوەی ئاشکراکردووە، کە "تەنها بەناو دپلۆماتكار بووە، تەنانەت پلەو پۆستەكەی لە وەزارەتی دەرەوەدا دیاریی نییە و جێگری كونسوڵی توركیاش نەبووە لە هەولێر، بەڵکو کاری تایبەتی بۆ میت کردووە".

ئەو سایتە ئەمریکییە بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەوکەسانە ئاشکرا بکات، ڕایگەیاندووە "عوسمان کۆسە لە ڕێستۆرانتەکەدا لەگەڵ چەند هاوکارێکیدا دانیشتووە کە پەیوەندییان بە کونسوڵخانەوە نەبووە"، لە راپۆرتەکەدا ئەوکەسانە بە شەریکی بازرگانیی کۆسە ناویان هێنراوە.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئەلمۆنیتۆر وەها ئاماژەی بە پیلانەکانی تورکیا کردووە "توركیا تۆڕێكی سیخوڕی لە باشوری كوردستان بەڕێوەدەبات ‌و بە شێوەیەكی سەرەكی چاودێری پەكەكە و ئەو گروپانە دەكات لێوەی نزیكن‌".

س.ح