ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی کەڵەژنێکی دیکەی کوردە

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ژنە شۆڕشگێڕ و پارێزەری مافەکانی ژنان و دامەزرێنەری یەکەمین کۆمەڵەی تایبەت بە ژنان لە باشور، کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆش وەک پێویست یادی ئەو کەڵە ژنە ناکرێتەوە.


ئەمڕۆ ٦٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەپسەخانی نەقیب-دا تێدەپەڕێت، کە یەکێک بووە لە ژنە سیاسەتمەدار، لێهاتوو و پارێزەرەکانی مافی ژنان و گەلی کورد.

حه‌پسه‌خانی نەقیب، کچی مەعروف به‌رزنجی-یه‌ و نه‌وه‌ی کاک ئەحمەدی شێخ و ئامۆزای شێخ مەحمودی مه‌لیک و هاوسه‌ری شێخ قادری حەفید بووە، له ‌ساڵی ۱۸۹۱ له ‌شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ١٢/نیسان/١٩٥٣ هەر لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

حەپسەخان، هەر لە منداڵییەوە جیاوازیی لەگەڵ منداڵانی دیکەی هاوڕێیدا دەرکەوتووە، کەسێکی بلیمەت و چاونەترس بووە، خولیای دەستکەوتنی زانیاریی هەبووە، ئەو تایبەتمەندیانەی حەپسەخان وای لە باوکی کردووە، کە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆڕ و کۆبوونەوەی پیاوە سیاسیی و دەستڕۆیشتووەکانەوە و گرنگیی بە سەرنجەکانی دەدرا.

لەساڵی ١٩١٤ شێخ مارف لە سەردانێکیدا بۆلای سەردانیان لە سەرگەڵو بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کۆچی دوایی کردووە، ئەم کۆچە لەلایەن ناحەزانەوە بە خراپ لێک دەدرێتەوە، ئەگەر ژیریی حەپسەخان نەبوایە شەڕێکی گەورەڕووی دەدا، بەڵام ئەو ڕێگریی کرد و زیاتر لە جاران لەیەکتری نزیککردنەوە.

حەپسەخانی نەقیب برای نەبووە، دوای کۆچی دوایی باوکی خۆی دەبێتە جێنشێن و کاروباری دیوەخان بەڕێوەدەبات، بەهۆی لێهاتووییەکەشیەوە، نەک ڕێگریی لێنەکراوە، بەڵکو پشتگیریی لێکراوە، بەڵام لەلایەن پیاوانی میرییەوە دژایەتیی کراوە، ئەو دژایەتییەش نەیتوانیوە کارگەریی لەسەر حەپسەخان دروست بکات

لە ساڵی ١٩٢٣ لەگەڵ شێخ قادری ئامۆزای هاوسەرگیریی کردووە و منداڵێکیان بووە ناویان ناوە شامیل، بەڵام هەر لەتەمەنێکی بچوکدا کۆچی دوایی دەکات، ئیدی هیچ منداڵێکی دیکەیان نەبووە.

حەپسە خان، ڕۆڵێکی باڵای گێڕاوە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، پارێزەرێکی سەرسەختیی مافەکانی ژنان بوو، بۆیە ماڵەکەیان بووە بە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و بەتایبەتیش بۆ ژنان، حەپسەخانیش  ڕێنوێنیی دەکردن، کە چۆن مافەکانی خۆیان بستێنن و بیری نەتەوەییانی جۆش دەدا، باسی جوڵانەوەی ژنانی عەرەب و جیهانی بۆ دەکردن، فێری دەکردن ڕێز لە بەرهەمی هونەرمەند و شاعیران بگرن.

لەوسەردەمەدا، خوێندن بۆ کچان عەیبەبووە، ئەمە بەلای حەپسەخانەوە قبوڵنەکراو بوو، بۆیە هانی هنانی داوە بۆ خوێندن و ساڵی ١٩٢٦ خوێندنگای زانستیی کچانی لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی کردووەتەوە، خۆشی ماڵ بە ماڵ گەڕاوە تا خەڵک ڕازیی بکات، کچەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، خۆیشی لەگەڵ ئەواندا دەبێتە خوێندکار و خۆیان فێری خوێندەوەرایی دەکەن.

هەر لەبارەی خوێندنی ژنانەوە، وتارێکی بەناوبانگی حەپسەخان هەیە، کە لە کۆڕی ژنان-دا خوێندوویەتییەوە و وتویەتی:"میلـلەتێک تەنیا پیاوی خویندەواربێت، تەرازووەکەی لاسەنگ دەبێت و ئەو میلـلەتە وەک پیاوێکی سەقەت و جاهیل دەمێنێتەوە، کەواتە لازمە ژنیش خوێندەوار و عالم بێت".

حەپسە خان، هانی ژنانی دەدا گۆڤار و ڕۆژنامە بخوێننەوە، ڕووبەڕووی پەچەکردنی ژنان بووەتەوە و ڕێگای لێگرتووە، هەروەها، پێش ژنان دەکەوت و دەیبردن بۆ سینەما، ئەمەش بۆ ئەو سەردەمەی ڕێکچکەشکێنییەکی سەرسوڕهێنەر بووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی حەپسەخان هاوکارییکردنی هەژاران بووە، لەو بارەیەوە مێژوو نووس شەفیقە عەلی ناسراو بە لەیلان، یادەوەرییەکی خۆی لەگەڵ حەپسەخان بۆ ڕۆژنیوز گێڕایەوە و وتی: لە پۆلی چواری سەرەتاییدا بووم، لەگەڵ هاوڕێکانم سندوقێکی هاوکارییمان دانا بۆ لێقەوماوان و هەژاران و بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بە ماڵاندا دەگەڕاین، کاتێک چووینە ماڵی حەپسەخان زۆر بە گەرمیی پێشوازی لێکردین و پارەیەکی زۆری خستە ناو سندوقەکەوە، هەروەها خواردنی بۆ ئامادەکردین و دەستی بەسەرماندا هێنا، ئەم هەڵوێستەی حەپسەخان زۆر دڵخۆشی کردین.

لەیلان، ڕەخنە لە ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ئێستا دەگرێت، کە وەک پێویست گرنگیی بە مێژووی ژنانی وەک حەپسە خان نادات.

حەپسە خان، لە ٢٨ی حوزەیران-ی ١٩٣٠ یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی (کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد) دامەزراند و حەپسه‌ عیرفانی کرد بە سکرتێری کۆمەڵەکە و خۆشی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکانی کۆمەڵەکەی دەکرد، کە دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە.

حەپسەخان، لە ساڵی ۱۹۳۰نامەیەکی ناردووە بۆ کۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم) لە جنێف، بەئاشکرا داوای مافی کوردی کردووە.

کاتێک کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد، لەبەرامبەریشدا پێشەوا قازی محەمەد، دامەزرێنەری کۆمار سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.

حەپسەخانی نەقیب، لە تەمەنی ٦٢ساڵیدا، لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرەپەنجە کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

ش.ف