ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی ئەمریکا و فەرماندەی قەسەدە ڕاگەیەندرا

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: ڕوانگەی ئێمە و ئەوان لەسەر ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکە باسکرا یەکێکە.


ئەمڕۆ مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، لەگەڵ کێنت مەکنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و ویلیام ڕۆباک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانی دژی داعش کۆبوونەوە و باسیان لەسەر چەندین بابەتی گرنگ کرد. 

بە گوێرەی ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەسەر ئەم بابەتانە کراوە: هەڕەشەی ئەمنی لەسەر سنوورەکانی باکوری سوریا لەگەڵ تورکیا، پلانی کار و بەڕێوەبردن لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامکردنی شەڕ دژی داعش، هەروەها کێشەی کامپەکان و دیلەکانی داعش کە لەژێر دەستی قەسەدە-دان.

ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماژەی بەوەداوە، کە مەزلوم عەبدی لە لێدوانێکی کورت بە ئەوانی ڕاگەیاندووە: ڕوانگەی قەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر زۆربەی بابەتەکان کە گفتۆگویان لەسەرکرا وەک یەک بوون. 

عەبدی ئەوەشی وتووە: هەردوولا جەختیان لەسەر ڕێبازی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا و یەکهەڵوێستی بۆ لەناوبردنی داعش کردووەتەوە.

س.ح