ئەنجومەنی خانمان ئاماری ٢٠١٩ی چالاکییەکانی خستەڕوو

ئەمینداری 'ئەنجومەنی باڵای خانمانی كوردستان' لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە ئامار و خەرجییەکانیان لە ساڵی ٢٠١٩دا کرد و وتیشی: حکومەتی هەرێم مانگانە ١٠ ملیۆن دینارمان بۆ خەرج دەکات.


ئەمڕۆ پەخشان زەنگەنە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمانی هەرێمی كوردستان، دەربارەی کاروچالاکییەکانیان لە ساڵی ٢٠١٩دا، لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.

بەپێی ئەو ئامارەی پەخشان زەنگەنە خوێندییەوە، لە ٢٠١٩دا یەكەكانی یەكسانی جێندەری پێكهێنراون، كە ٤٠ ئەندامیان هەیە و نۆ خوولیان كردووەتەوە هەروەها ٣٢ سەنتەری یەكسانی جێندەری لە زانكۆكان كراونەتەوە و ڕاهێنان بۆ تیمەكانی بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەشت وەزارەت بەڕێوەچووە.

زەنگە وتی: ڕەشنووسی یاسای ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لەوێشەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێت.

لەبارەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیشەوە ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای خانمان گوتی: ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیانە هاوكاری كوردستان دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بلاوكردنەوەی هۆشیاری.

لەسەر خەرجییەکانیان، زەنگەنە وتی، مانگانە ٦ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە، بەڵام لە مانگی ١٠وە کراوە بە ١٠ ملیۆن دینار، "كە حكومەتی هەرێم بۆمان دابین دەكات".

لە ئامارەکەدا باس لە ڕێژەی کوشتن و سووتان و خۆسووتانەکانی ژنان و پەنابردنی ژنان بۆ ماڵەکانی داڵدەدان نەکرا.

س.ح