ئەوقاف بێدەنگە لەو سوکایەتییانەی بەناوی دینەوە دژ بە ژنان دەکرێت

سوکایەتییکردن بە ژنان بەناوی ئیسلامەوە ناڕەزایی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەکاتێکدا وەک مامۆستایەکی ئاینیی دەڵێت"ئەو زمانە زبرە بەهیچ شێوەیەک لە ئیسلامدا نییە"، وەزارەتی ئەوقافیش بێ هەڵوێستە و دەڵێت، کە پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە.


لە هەرێمی کوردستان سوکایەتییکردن بە ژنان لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە خەریکە دەبێت بە دیاردە و هەر دەمە و مامۆستایەک لە مینبەری مزگەوتەوە، یان لەڕێگای ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، سوکایەتیی بە ژنان دەکەن، هەندێک جاریش لەڕێگای فەتوا و ڕێنمایی لەلایەن خودی ئەنجومەنی باڵای فەتوای زانایانی ئاینی ئیسلامییەوە لە ژنان دەدرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

لەبەرامبەردا پارێزەرانی مافەکانی ژنان دژ بەو سوکایەتییانە دەوەستنەوە، هەندێک جار بە ڕاگەیاندنی کەمپەین، دەرکردنی بەیاننامە و گردبوونەوەی ناڕەزایی، هەندێک جاریش بە سکاڵا تۆمارکردن لەسەر ئەو مامۆستا ئاینییانە، هەوڵی ڕاگرتن و کۆتاییهێنان بەو گوتارانە دەدەن.

لە دیارترین ئەو سوکایەتییانەی، کە لەلایەن مامۆستای ئاینییەوە بە ژنان کرا و ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و جنێودان بوو بە هونەرمەند "ماریا هەورامی" و جنێودان بەو پیاوانەی، کە 'ڕێگا دەدەن هاوسەر، یان دایک و کچیان بەبێ حیجاب بچنەدەرەوەی ماڵەکانیان' لەلایەن مامۆستا هەڵۆ هەورامی، هەروەها ناوهێنانی ژن بە "دایناسوڕ" لەلایەن مەلا مەزهەر خۆراسانیی و 'قەدەغەکردنی سەرکەوتنی ژن بە تەنیا لەگەڵ شۆفێری تاکسییدا' لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتواوە.

ئەو فەتوا و وتارانە کۆمەڵگای کرد بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پشتیوانییان لە مامۆستایانی ئاینیی کرد و دژ بە ناڕەزایەتییەکانی ژنان هەڵوێستییان دەربڕی، بەشێکی دیکەش دەنگی خۆیان خستە پاڵ ئەو ژنانەی، کە دژ بەو سوکایەتییانە وەستانەوە.

ژنان پێیانوایە، ئەوە تەنیا ئەرکی ژنان نییە، کە لەبەرامبەر ئەو دیاردەیەدا بێنە دەنگ، بەڵکو دەبێت پیاوانیش هەڵوێستیان هەبێت، هەوراز محەمەد، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان هەمان بۆچوونی هەیە و دەشڵێت:"دەبێت حکومەت دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگا بە تەشەنەکردنی ئەم جۆرە دیاردانە نەدەن، چونکە سوکایەتییەکە لە ئاستێکی مەترسیداردایە و سوکایەتییکردنە بە کۆی کۆمەڵگا".

هاتنەدەنگی ژنان و سکاڵاتۆمارکردن دژ بەو مامۆستا ئاینییانە، هەندێک جار کاریگەریی هەبووە و بووەتەهۆی ئەوەی مامۆستا ئاینییەکە داوای لێبووردن بکات، هەندێک جاریش بەهۆی پشتیوانیینەکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، هەوڵەکان نەگەشتوونەتە ئەنجام، لەگەڵ ئەوەشدا، وەک هەوران دەڵێت، نابێت ئەو جۆرە لە سوکایەتییکردن ژنان تێکبشکێنێت و دەبێت زیاتر دژیان بووەستنەوە.

ئەو گوتارانە مامۆستایانی ئاینیشی دابەش کرد و بەشێکیان باس لەوە دەکەن، کە بە هیچ جۆرێک لە ئاینی ئیسلامدا سوکایەتییکردن بە ژنان قبوڵکراونییە و تەفسیری هەڵە بۆ قورئان و فەرموودەکای پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکەن.

مەلا نادر عەلی، وتارخوێنی مزگەوتی ڕەشید لە شاری سلێمانی، لەوبارەیەوە دەڵێت:"ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر قورئان و ئاکارەکانی پێغەمبەر، ئەو شتانەی کە ڕوودەدات و دەکرێت بە هیچ شێوەیەک دروست نییە، لە ئیسلامدا ئەم زمانە زبر و سووکایەتییکردنە نییە".

بەبۆچوونی مەلا نادر، هزری ئیسلامی سیاسیی لەپشت ئەو گوتارانەوەیە و دەڵێت:"هەندێک کەس هاتوون بە ناوی دینەوە خەڵکی ئێمە پەروەردە دەکەن و ئەو شەڕەی بە داعش نەکرا ئەوان بە شێوەی توندڕەوانە هەوڵی بۆ دەدەن".

ئەو مامۆستا ئاینییە، بەپێویستیشی دەزانێت، کە پێداچوونەوەیەکی گشتیی بۆ دامەزراوە ئاینییەکان بکرێت"دەبێت ئەوانەی بڕوانامەی زانستی و ئەکادیمیان هەیە دەست بدەن لە بواری دینیی، نەک کەسانی جیاواز و ناشارەزا لەو بوارە".

بەپێچەوانەی ئەو دوو بەرەیە، هەندێک پێیانوایە، ئەو جۆرە لە گوتاردان و هەڵانانەوە، سیناریۆی خودی دەسەڵاتە و مامۆستایانی ئاینیی بۆ بەکاردەهێندرێت، تا لەو ڕێگایەوە ئەو پرسانە لەبیر خەڵک ببرێتەوە، کە دژی بەرژوەندییەکانی خەڵکە و دەسەڵات لێی بەرپرسە، لەوبارەیەوە مەلا نادر دەڵێت:"زۆر جار دروستبوونی ئەم فەوزایانە دەگەڕێتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی بیری کۆمەڵگا بەلای شتی دیکە و بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکان".

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتەکە وتاری هەینیی بۆ هەر وتارخوێنێکی هەرێمی کوردستان دیاریی دەکات و تەنیا دەتوانن لەسەر ئەو کۆمەڵە پرسە وتار بدەن، کە ئەوقاف بۆیان دیاریی دەکات، هەندێک جاریش مامۆستای ئاینیی لە وتاردان دوورخراوەتەوە بەبەهانەی ئەوەی پابەند نەبوو بە بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقافەوە، بەڵام لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت و دەڵێت، کە لێپرسینەوە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

 نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:"ئەو بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی ئەوقافەوە نییە، ئەو کەسانە لە دەرەوەی مزگەوتەکان قسە دەکەن، کاتێک دەتوانین لێپێچینەوە بکەین، کە لە مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان بێت، بۆیە دادگا دەتوانێت بە سکاڵاکانی خەڵک و چالاکوانان لێپێچینەوە بکات لەو کەسانە".

لە ڕابردوودا ٣٠ ڕێکخراو و چالاکوانی ژن، کە لە دادگای هەولێر دژ بە مەلا مەزهەر خۆراسانیی سکاڵایان تۆمار کرد، لەبەرامبەر ئەو سوکایەتییانەی، کە بە ژنانی دەکات، بەتایبەت لەڕێگای تەلەفیزیۆنەکەی خۆیەوە "تەلەفیزیۆنی سروشت" و ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە دادگاییەکەی بەڕێوەچوو، لەبەردەم دادوەر وتە لە سکاڵاکەر و سکاڵالێکراو وەرگیرا و بۆ وردبینیی لە بابەتەکەش دادوەر دانیشتنەکەی بۆ ڕۆژی ٦ی شوبات دواخست.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی ئاینیی، پێشمەرگە، پیاوانی حزبیی، پارێزەر و تەنانەت چەند ژنێک-یش بۆ پشتیوانیی مەلا مەزهەر چووبوونە بەردەم دادگا و دروشمی"تکبیر اللە اکبر"یان دەوتەوە، هەروەها باسیان لەوە دەکرد، ئەمەش پرسیاری لای خەڵک دروستکرد و بە سیناریۆی دەسەڵات ناویان برد، تا لەوڕێگایەوە یاسای چاکسازیی لەبیر خەڵک بباتەوە، کە ڕەخنەی زۆری هاوڵاتیانی لەسەرە، لەلایەکی دیکەشەوە پێیانوایە دەسەڵاتە ئەو کەسانە لەبەرچاوی کۆمەڵگا وەک قارەمان نیشان دەدات و دەڵێت، کە پشتیوانیان هەیە، بەمەش ئامادەیان دەکات بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمان و حزبی دەسەڵاتداری هەولێر دەیکات بە کاندیدی خۆی.

ئەو کەسانە، کە ئەم بۆچوونەیان لادروستبووە، دەپرسن، ئەو کاتەی، کە مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل لە هەولێر تیرۆرکرا و ڕیشی مامۆستا نادر کانی کوردەیی لە مزگەوتێکی هەمان شار سوتێندرا، ب ئەو کەسانە لەکوێبوون؟ بۆچی نەچوونە سەر شەقام و ناڕەزایی نیشان بدەن؟

ش.ف