ئەو چالاکوانانەی لە هەولێر دەرکران: سەرکەوتن هی گەلی کوردە

چالاکوانانی ژن، کە لەلایەن ئاسایشی پارتی-یەوە لە سنووری هەولێر دەرکران، هێرشەکەیان شەرمەزار کرد و وتیان، کە هیچ هێزێک ناتوانێت بەرخۆدان ئاستەنگ بکات و سەرکەوتن هی گەلی کوردە. 


ئەندامانی ئەنجومەنی عەشتار، کە بە ئامانجی لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە ٣٠ی کانوونی دووەمەوە لە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر چالاکی مانگرتن لەخواردنیان دەستپێکردبوو، سێ جار ڕووبەڕووی هێرشی هێزەکانی ئاسایشی پارتی بوونەوە و لە سنووری هەولێر دەرکران، چالاکوانان لەسەر ئەو بابەتە بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد. 

"ئێمە سەر دانانەوێنین"

هێلین کارا، یەکێک لە چالاکوانان، وتی: هەروەک دەزانن ئەو چالاکییە لە ٣٠ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد، منیش وەک ماموستایەک و وەک ژنێکی دانیشتووی کامپی مەخمور ویستم لەگەڵ گروپی سێیەم بەشداری لەو چالاکییە بکەم، گروپی یەکەم سەرەڕای ئەوەی ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی وەرگرتبوو، بەڵام ڕووبەڕووی هێرشی ئاسایش بوونەوە، بەڵام بەردەوامیان بە چالاکییەکەیان دا، ئێمەش وەک گروپی سێیەم دەستمان بە چالاکی کرد، بەڵام کاتژمێر ١٤:٠٠ ئاسایش دیسان هێرشی کرد و هەموو کەلوپەلەکانی ئێمەی لەناو برد، ئێمە ئەو هەڵوێستە بە توندی شەرمەزار دەکەین. 

وتیشی: من وەک ژنێکی کورد هیچکات لە بەرابەر ئەو سیاسەتە فاشیستییەی لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەدەبرێت و ئەو هێرشانە سەر دانانەوێنم، ئەو هێرشە هاوکاری دوژمنانی گەلی کورد دەکات، بانگەوازی لە هەموو ژنانی کورد دەکەم کە خاوەنداری لە چالاکی و بەرخۆدانی لەیلا گوڤەن بکەن. 

"سەرکەوتن هی ئێمەیە"

هەروەها ڕێحان بەیتاش، چالاکوانێکی دیکەیە و باسی لەوە کرد: چالاکییەک کە بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە دەستی پێکردووە، لە هەموو شوێنێک بڵاو بوەتەوە، ئێمەش بۆ ئەوەی ببینە دەنگی ئەو چالاکییانە، ئەو چالاکییەمان ئەنجامدا، بەڵام لە بەر چاوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارتی هێرشی کردە سەرمان و پێنج خوێندکاریان کە هاتبوون بۆ پشتیوانی ئێمە دەستگیرکرد.

ئەوەشی وت: هەر ئەو شەوە جارێکی دیکە هێرشیان کرد و هەموو چالاکوانانیان دەستگیرکرد و ئێمەیان لە سنووری هەولێر دەرکرد، ئەو کارە شەرمەزار دەکەین و هیچکات لە بەرامبەر ئەو هێرشانە سەر دانانەوێنین و سەرکەوتن هی ئێمەیە. 

"ئەو هێرشە لە دژی هەموو ژنان بوو"

عایشە شەن، یەکێکی دیکەیە لە چالاکوانان، دەڵێت: ئەو هێرشە نامرۆڤانەی پارتی شەرمەزار دەکەم، ئەو هێرشە لە دژی هەموو ژنان بوو، بۆیە ئێمە وەک ژن و خەڵکی کامپەکە لە بەرامبەر ئەو هێرشە بێدەنگ نامێنین، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرتبوو ئەو هێرشە کرایە سەرمان، پێنج خوێندکار دەستگیرکران کە هێشتاش ئازاد نەکراون.

ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە ئەو هێرشەی پارتی کە خۆی وەک حیزبێکی کورد دەناسێنێت شەرمەزار دەکەین، بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد بەتایبەت ژنان دەکەم کە لە هەر شوێنێک چالاکییەکانیان بەرفراوان بکەن، بانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سی پی تی دەکەم بە ئەرکی مرۆڤایەتی خۆیان هەستن. 

"لە بەرخۆدانی ئێمە ترسان"

سەبری ئیشلەک، چالاکوان وتی: ویستمان دەنگی چالاکی مانگرتن لەخواردن بگەیەنین و سەرنجڕابکێشینەسەر گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەر ئاپۆ، بۆیە دەستمان بەو چالاکییە کرد، سەرەڕای ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاسایشی پارتی هێرشی کردە سەرمان، با دەوڵەتی فاشیستی تورک و پارتی هاوکاری، باش بزانن، بەو کردەوانە بەرخۆدانی گەلی کورد ڕاناوەستێت. 

وتیشی: کارێک کە ئاسایشی پارتی کردی، کارێکی نەشیاو بوو، نیشانیدا کە پارتی لە بەرخۆدانی ئێمە ترساوە، بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد دەکەم ک خاوەنداری لە چالاکییەکان بکەن، چونکە سەرکەوتن هی گەلی ئێمەیە. 

 


ک.ک