ئەو کەناڵەی سوکایەتیی بە ژنی کورد کرد لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەکرێتەوە

دوای ۲٤ کاتژمێر لە داخرانی، وابڕیارە ئەمڕۆ کەناڵی سروشت لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە بکرێتەوە.


بەپێی فەرمانێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و  چاپ و بڵاوکردنەوە، کە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٣:٠٠ پەخشی کەناڵی سروشت دەکرێتەوە.

 ئەمە لەکاتێکدایە، کە دوێنێ هەمان بەڕێوەبەرایەتیی بە بڕیاری وەزارەت، پەخشی کەناڵەکەی داخست بە هۆی سوکایەتیکردن بە ژنانی کورد لەلایەن مەلا مەزهەر خۆراسانی، کە خاوەنی کەناڵەکەیە.

مەلا مەزهەر، لە شاشەی کەناڵەکەیەوە ژنی کوردی بە "داینەسور" ناوبرد و هانی پیاوانی دەدا بۆ فرەژنی و دوورکەوتەنەوە لە ژنانی کورد و هاوسەرگیرییکردن لەگەڵ ژنانی تورک و فارس و عەرەب.

ئەو وتارانەی مەلا مەزهەر ناڕەزایی هاوڵاتیانی و ڕێکخراوەکانی ژنانی بەدوای خۆیدا هێنا و لە بەرامبەریشدا وەزارەتی ڕۆشنبیریی بڕیاری داخستنی دا، بەڵام دوای تەنیا ٢٤ کاتژمێر، بڕیارەکە لەکار دەکەوێت و پەخشی تەلەفیزیۆنەکەی مەلا مەزهەر دەستپێ دەکاتەوە.

 

ش.ف