ئەو گەنجانەی لە باشورەوە گەیشتنە ڕۆژئاوا پەیامیان بڵاوکردەوە

بەشێک لەو گەنجانەی لە باشورەوە بۆ بەشداری لە ڕیزەکانی بەرخۆدان گەیشتنە ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و داوا لە تەواوی گەنجان دەکەن بەشداری بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە سەرکەوتنی ڕۆژئاوا گەرەنتی کوردستانێکی بەهێزە.


لە دوای پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە چەندین شاری باشوری کوردستان لەوانە؛ شیلادزێ، زاخۆ، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، کەرکوک و هەولێر، دەیان گەنج چوونە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەرگریکردن، لەو چوارچێوەیەدا بەشێک لەو گەنجانەی کە لە گەرمیانەوە گەیشتونەتە ڕۆژئاوا پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

کاروان گەرمیانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان-ەوە ناردوویەتی، لە سەر ناوی گروپەکە باس لە پێویست بوونی بەشداریکردنی گەنجان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات و دەڵێت: وەک گەنجێیکی گەرمیانی داوا لە هەموو گەنجانی باشوری کوردستان و بە تایبەت گەنجانی دەرەوەی وڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان و گەنجانی گەرمیان دەکەم کە بێن و بەشداری ڕیزەکانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شەڕ بکەن.

کاروان، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەبینین کە دەوڵەتی تورک چەندە بە دڕندانەیی هێرش دەکاتە سەر کورد، کە ئامانجی بە تەنیا ڕۆژئاوای کوردستان نییە بەڵکو و تەواوی کوردستان و دەستکەوتی چەندین ساڵەی گەلی کوردە.

ئەو گەنجە گەرمیانە لە کۆتاییشدا وتی: سەرکەوتنی ڕۆژئاوا گەرەنتی کوردستانێکی بەهێزە چونکە خاوەندارییەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان خاوەندارییەتییە لە شەرەف و نامووسی کوردستان.

ک.س