ئەڤیندار ئارارات: ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ مژدەی ڕزگاریی بوو بۆ ژنان

ئەڤیندار ئارارات، ئەندامی کۆریناسیۆنی کەژەکە، ئایدۆلۆژیای ئۆجالان بە مژدەی ڕزگاریی بۆ ژنان ناودەبات و دەشگێڕێتەوە، کە ئۆجالان پێوتوون"ڕاوەستەی ژنی ئازاد دەبێت بەشێوەیەك بێت، کە تەواوی دوەروبەرەکەی بخاتە ناو گۆڕانکارییەوە، وەك ئیرادە و هێزێك خاوەن کاریگەریی ببێت".


ئەڤیندار ئارارات، ئەندامی کۆردیناسیۆنی (کۆمەڵێن ژنێن کوردستان- کەژەکە) لەڕێپۆرتاژێکی ڕۆژنیوزدا، باس لە سەرەتای ئاشنابوونی بە پەکەکە و یەکەم دیداری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دەکات، هەروەها تیشک دەخاتە سەر جیاوازیی و تایبەتمەندیی هزری ئۆجالان و ڕۆڵ و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان.

سەرەتای ناسینی پەکەکە

ئەڤیندار ئارارات، لە ناوچەی بازیدی شاری ئاگری لە باکوری کوردستان لەدایکبووە، ئەندامی خانەوادەیەکی نیشتیمانپەروەر و دیاری ناوچەکەیانە، لە ساڵانی ١٩٨٤-١٩٨٦ کە خوێندکار بووە پەکەکەی ناسیوە.

ساڵی نەوەدەکان کاتێک دەچێتە زانکۆ لەئەلازخ دەبێتە ئەندامی یەکێتی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و لەگەڵ هاوڕێکانیدا بە شاراوەیی ڕۆژنامەی ''سەرخۆبوون'' گۆڤارەکانی ''ئۆزگور هەلك'' و  ''ئۆزگور ئولکە''-یان دەخوێندەوە، هەروەها هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان، هەندێک گفتوگۆی ئۆجالان لەگەڵ ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان بە نهێنی دەگەیشتە دەستی ئەندامانی گروپەکە و دەیانخوێندەوە، هەموو ئەمانەش وەک پەرورەد سودیان لێوەردەگرتن.

ئەڤیندار ئەرارات، دەڵێت:''ئەمانە ئاستێکی هۆشیاریی باشی بۆ دروست دەکردین، ئیترئێمەی ژنان دەمانزانی کە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاێك هەیە کە دەتوانین خۆمانی تیادا ببینینەوە، ئەمەش وەك تاکە هیوایەک بوو بۆ ژیان و داهاتوومان''.

ئارارات بەهۆی بەشدارییکردنی لە چالاکییەکدا بۆ شەرمەزارکردنی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، دەستگیر دەکرێت و زیندان ساڵێک لە خوێندن دوای دەخات، بەڵام نەک پاشگەزبوونەوە، بەڵکو زیاتر پێداگیری دەکات بۆ خەباتکردن لەپێناو سەندنی مافی گەلەکەیدا.

یادگا و مێشکێکی بەهێز

ئەرارات لە مانگی ٥ی ١٩٩٢ لە دێرسیمەوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبێت، دوای ماوەیەك لە تێکۆشان و خەبات لە ساڵی ١٩٩٥ بەشداری کۆنگرەی پێنجەمینی پەکەکە دەبێت لەوێدا بە تەلەفۆن لەگەڵ ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان قسە دەکات. ئەڤیندار ئارارات ساڵێک پێشتر ڕاپۆرتێکی بۆ ئۆجالان ناردبوو، ناوی ئارارات لە یادگەی ئۆجالاندا دەمێنێتەوە و هەر کە لە تەلەفۆنەکەوە گوێ بیستی ناوەکەی دەبێت خێرا دەڵێت'بەڵێ ئەڤیندار، تۆیت؟!، ڕاپۆرتەکەتم خوێندەوە، وەرە بۆ گۆڕەپان و لەوێ زیاتر قسە دەکەین'، ئەم وتانەی ئۆجەلان ئەڤینداری دەخاتە ناو سەرسوڕمانێکی زۆرەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا هەستێکی زۆری خۆشی پێدەبەخشێ، کە دەبینێت ڕێبەرەکەی بەوجۆر گرنگیی بە شەڕڤانەکانی دەدات و تەنانەت ناویشیان لەبیرناکات.

ئارارات بەر لەوەی گوێی لە دەنگی بووبێت بیردەکاتەوە، کە هەرچەندیش جیاوازیی لە ئۆجالاندا هەبێت، بەڵام دواجار ئەویش وەک هەر سەرۆکێکی دیکە کەسێکی لەخۆڕازییە و گرنگیی بە دەوروبەرەکەی نادات، بەڵام دەنگی ناو تەلەفۆنەکە بیرکردنەوەی دەگۆڕێت و دوای داخستنەوەی تەلەفۆنەکە بە سەرسوڕمانی زۆرەوە دەڵێت:"بەڕاستیی سەرۆک ئاپۆ جیاوازە، ئەو سەرۆکی ڕاستەقینە و ئازادی کورد و کوردستانە"، دەشڵێت: من لەوەوە زانیم، کە یادگا و مێشکی زۆر بەهێزە، لەبەرامبەر شەڕڤانەکانی خۆی هۆشیارە و هەرگیز لەیادیان ناکات، یەك بەیەك پێیانەوە سەرقاڵ دەبێت. وە هەمیشە چاودێرییان دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامەکان ببینێت، ئەوە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو و هەستێکی جیاوازی لە مندا دروستکرد.

یەکەم دیداری ئۆجالان

لە ساڵی ١٩٩٦ ئارارات بۆ جاری یەکەم ڕوو لە شام دەکات بۆ دیداری ئۆجالان، دوای گەیشتنیان ئۆجالان پێشوازییان لێدەکات، یەک یەک لە حاڵ و گوزارەنیان دەپرسێت، لەو هۆڵەی کە تیایدا دانیشتوون وێنەیەکی ئۆجالان هەیە، لەئاست وێنەکەشدا ئۆجالان خۆی دانیشتووە، ئەڤیندار ئارارات-یش هەر سەیری وێنەکە و ئۆجالان دەکات و لەخۆی دەپرسێت، "ئاخۆ ڕاستە ئێستا من لەلای سەرۆکم؟!'' وەک ئەوەی سەرۆکەکەی هەستبکات چی لە خەیاڵیدا دەگوزەرێت، بە پرسیارێک لەو شۆکە دەربازی دەکات و دەڵێت، هەڤاڵ تۆ چی دەڵێیت؟، بارودۆخی دێرسیم چۆنە؟!، ئینجا ئارارات دەست بە باسکردنی دۆخی دیرسیمی بۆ دەکات، پاشان ئۆجالان دیسان وەبیری دێنێتەوە، کە ڕاپۆرتەکەیی خوێندووەتەوە و پێی دەڵێت:"ئیتر تۆ لێرە لە پەروەردەدایت، لێرە گفتوگۆکانمان بەردەوام دەکەین، دەبێت زۆر بەهێز بەشدار ببیت''.

ئارارات، بەتەواویی دەوێتە بیری ئەوکاتانە و باسی ئەوەمان بۆ دەکات، کە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆجالان-دا، مرۆڤ چەندە ئاسودە دەبێت، "تەماشاکردنەکانی، بریسکەی چاوەکانی، خەندەکانی، وتەکانی، شیوازی قسەکردنی و سڵاوە گەرمەکانی، هەموو ئەوانە وادەکەن، کە دەوروبەر پێی کاریگەر بێت، وا هەست بکەیت، کە لەنزیکەوە دەیناسیت و پێی ئاشنایت".

ئەڤیندار ئارارات، ماوەی ساڵێک لە شام دەمێنێتەوە لای ئۆجالان خەبات و کاری ڕاگەیاندن ئەنجام دەدات، وەك خۆی دەڵێت:''من ئەو کات تێگەیشتم سەرۆک ئاپۆ بۆ ئەوە بانگی منی کردووە بۆ شام تا ئامادەم بکات بۆ کاری ڕاگەیاندن، ئەو بۆ هەر کادیر و شەڕڤانێکی خۆی پلان و پڕۆژەیەکی تایبەتی هەیە و بە بایەخەوە لە هەموان دەڕوانێت''.

بەهێزیی هەست و زیرەکیی ئۆجالان

لە یادگای ئەڤیندار ئارارتدا دوو بیرەوەریی هەی،ە کە وەك بەهێزی هەست و مێشک و زیرەکی ئۆجالان ناویان دەبات و دەڵێت:'' هەر گیز ئەمە لەیاد ناکەم هەڤاڵێك هەبوو کە لە شاخەوە هاتبوو، لە هیچ نەخۆشییەکی خۆی ئاگادار نەبوو، لە ڕابردووشدا شتێکی بەسەردا نەهاتبوو، سەرۆک لەناکاوێکدا وتی''هەڤاڵ تۆ نەخۆشیی دڵت هەیە!''، هەموومان سەرمان سوڕما ئەو هەڤاڵەش کەوتە خۆ پاراستن وتی؛'نا سەرۆکم شتیکی وا بوونی نییە تەندروستیی من زۆر باشە'، سەرۆک ڕازیی نەبوو بەو وەڵامە و وتی ''بڕۆ بۆلای پزیشک''، ئەو هەڤاڵە چوو بۆ لای پزیشک، هاتەوە دەرکەوت نەخۆیشی دڵی هەیە! سەرسوڕمانەکەمان لەوەدابوو کە چۆن سەرۆک ئەمەی زانی؟! ئەو کاتە سەرۆک وتی''بەڵێ من دەزانم ئێوە دەخوێنمەوە؛ دڵتان، ڕۆحتان، مێشکتان و ژیانتان....''.

بیرەوەریێکی تر ئەوە بووە کە ئەو کاتەی ئارارات وهاوڕێکانی لە ماڵی ئۆجالاندان، بە خواردنی خراپ ژەهراویی دەبن، ئۆجالانیش دەیەوێت بیانبینێت، بەڵام ڕێگریی لێدەکەن و پێی دەڵێن"بۆ تەندروستیی تۆ باش نییە"، ئەویش پێداگریی دەکات و ماوەی ٢٠ خولەک لەبەردەم ژوورەکە دەمێنێتەوە و دەڵێت'ڕێگە بدەن تەنها دەموچاویان ببینم بزانم چۆنن! بەڵام هەر ڕێگای نادەن و ئەویش دەڵێت:"باشە دەڕۆم ٧ ڕۆژتان هەیە و  دەبێت زوو باش ببنەوە''، دوای ٧ ڕۆژەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام توڕە بوو کە بۆچی خۆیان ناپاراستووە و پێیوتوون:''بەڵکو دووژمن ئەمەی کردبێت، کێ دەزانێت، ئێوە کادیری ئاپۆچین و لەناو خودی ماڵی مندان، دەبێت بیرکردنەوەکانتان پڕ لایەن بن، دیار نییە ڕووداوەکان چۆن و لەکوێ دەردەکەون، دەبێت هەمیشە ئامادە بن و خاوەنی شیکاریی خۆتان ببن...''.

لە ژیاندا دەوروبەرەکەی پەروەردە دەکرد

ئارارات، بەردەوامە لە باسکردنی تایبەتمەندییەکانی ئۆجالان"سەرۆک تەنها تیۆریی پەروەردەی نەدەکرد، بەڵکو لە ناو ژیانیشدا ئەمەی دەکرد، گرنگیی بە ڕۆشنبیریی و زانابووون دەدا و لە فەلسەفەی ژیان جیاینەدەکردەوە، شێوازی پەروەردەی ئەو هەمیشە لێگەڕین و لێپرسینی ئاوادەکرد، بۆ نمونە دەیوست زیرەکیی ئێمە تاقیبکاتەوە هەر دەیوت'زوو وەڵامبدەنەوە زوو وەڵامبدەنەوە' ئەمەی بۆ ئەوە دەکرد کە لەلایەنی فکر و وتندا چالاک ببین.

 ئۆجالان، پێیوتوون"زۆر بخوێننەوە و زۆریش بنووسن، بەڵام ئەگەر ڕەوانبێژ نەبن و باش قسەکانتان نەهێننە سەر زمان بێ سوودە'' بۆ هەر کادرێك پلانێکی خوێندنەوەی پەرتوکی داناوە و پێوتوون''لەگەڵ تەواوبوونی هەر پەتوکێکی ڕێکخستنیی لەنێوانیدا ڕۆمانێك یان بابەتێکی لێکۆڵینەوەیی بخوێننەوە''.

ئارارات، باسی لەوەشکرد، ئۆجالان گرنگیی بە زانیاریی و تێگەیشتنی فرەلاینە دەدات، هەمیشە بیروڕای هەڤاڵانی دەوروبەری وەردەگرت و ئاستی شیکار و خستنەڕووی بیروڕای پێشدەخست، کاتێك کە دەیبینی خواردن و خواردنەوەیان هەر بابەتێکی تر بەفیڕۆدانی تێداییە توڕە دەبوو دەیوت:''ئەمانە نرخی شەهیدان و گەلن بۆیە نابێت بەفیڕۆبدرێن''، هەمیشە لەبارەی جلوبەرگ، قسەکردن وهەڤاڵێتیمان قسەی دەکرد و دەیوت''ڕاوەستەی ژنی ئازاد دەبێت بەشێوەیەك بێت، کە تەواوی دوەروبەرەکەی بخاتە ناو گۆڕانکارییەوە، وەك ئیرادە و هێزێك خاوەن کاریگەریی ببێت''، بە هەموو شێوەیەك پەروەردەی دەکردین و لەگەڵمان بوو، بۆ نموونە فێری یاریی تۆپی پێ و تۆپی دەستی دەکردین، لەسەر ئەم بنەمایەش هەم پەروەردەی دەکرد هەم دەیوت بەگوێرەی ئەم یارییە دەتانناسم و بۆ ئەمەش شیکاریی دەکرد. ئەو دەیوت''ژیان خودی خۆی پەورودەیە و بچن با لەناو گەلدا پەوردە ببن''.

سوپای ژن پاراستنی هێڵی  ڕاستەقینەی پەکەکەیە

گوێمان بۆ وتەکانی ئەڤیندار ئارارت ڕاگرتووە، تا زیاتر باسی عەبدوڵا ئۆجالان-مان بۆ بکات، ئەویش ئایدۆلۆژیای ئۆجالان بۆ ژنان بە مژدەی ڕزگاریی ناودەبات و دەڵێت:"ناردنی فەرماننامەی ڕاگەیاندنی سوپای ژن لەلایەن سەرۆکمانەوە، بۆ ئێمە لە وێنای مژدەی ڕزگاریی بوو، ئەوەندە خۆشحاڵ بووین کە تەواوی هەڤاڵانی ژن کۆبووینەوە و بۆ جاری یەکەم لە دێرسیمدا نزیکەی شەش مانگ ٣٩ هەڤاڵی ژن پەروەردەی سیاسیی، سەربازیی، ئایدۆلۆژییمان بینی، سەرۆک ڕەچاوی ئەوەی کرد، کە حزبی ژن دەبێتە پاراستنی هێڵی پەکەکە و هێڵی ژنی ئازاد، دواتریش بە دروستکردنی حزب ژن و بەڕێکخستنکردن، تەواوی ئەم کارە بووە هیوایەک بۆ هەموو ژنانی ئازادیخواز بەتایبەت بۆ ئێمەی هەڤاڵانی ژن. ئەم تێکۆشانەی سەرۆک ئاپۆ دەستی پێکرد بووە بە نموونەی بۆ هەموو ژنانی نیشتیمانەکەمان و وڵاتانی تر".

کۆتا دیدار

وەک ئارارات، باسی دەکات، ئۆجالان هەمیشە تا بەردەم ئۆتۆمبێلەکان لەگەڵیان ڕۆشتووە و یەک بەیەک بەڕێین کردوون، بۆ هەر هەڤاڵێک-یش وتەیەکی هەبووە، بە ئەڤینداریشی وتبوو'ئەڤیندار ژیان زۆر زەحمەت و بێ ویژدانە ئامان هەڵە نەکەیت ژیان بێویژدانە'، بەم جۆرەش شیکردنەوەی بۆ ئەو هۆشدارییدانە کرد"ئەو منی هۆشیار کردەوە، کە دەچێتە ناو شەڕ و ژیانێکی دژوار و دەبێت خۆت بەهێز بکەیت و دەبێت هەڵەیەك لە ژیاندا نەکەیت، بۆ ئەوەی ژیان لەگەڵتدا بێویژدان نەبێت،  بێگومان ئەم وتەیە هەر لەگوێمدایە و بۆ من وانەیەکی مێژووییە، دواتر ڕۆشتمە وڵات و کاتێک  کە لە سلێمانی خەباتم بەڕێوەدەبرد بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک قسەم کرد دوای پرسینی بارودۆخ و کار و خەباتی من؛ ئیتر پرسیاری کرد کە شتێک بڵێم یان نا؟! منیش بۆ ئەو باسی هەڤاڵێکم کرد کە شیوازی ژیا ن و خەباتی خۆپەرستانەیە... بە قاقایەکەوە وتی'ئەڤیندار من لێرە ڕۆژانە بە مستەکۆڵە لەگەڵ هەڤاڵان شەڕ و تێکۆشان دەکەم تۆش شەڕ بکە هەر نەبوو زلەیەک لەڕووی بدە'، مەبەست لە زلە تێکۆشانێکی بێ پایان بوو واتە مەوەستە و تێکۆشان بکە دواتر وتی'دەزانم کە تۆ زیان بە پارتیمان ناگەیەنیت، بەڵام دەبێت خۆت زیاتر ئامادە و بەهێزبکەیت'، ئەو دەنگەی کە تا ئێستاش لە گوێکانمدا دەزرینگێتەوە و لە یادم نەکردوە و لە یادی ناکەم.

"دەمەوێت لە ئامەد سەرۆک گەل بگەن بە یەك"

ئارارات باس لە هیوا و حەسرەتی خۆی دەکات بۆ بینینی ئۆجەلان و دەڵێت''بینین  و هەستی ئەوەی کە سەرۆک جارێکی تر ببینمەوە زۆر جیاوازە،  دوای ئەو هەموو ساڵە دەمەوێت پێی بڵێم، کە 'چۆن ژیایت لەوێ و ئێمەش چۆن ژیاین، وە ڕەخنەی هەڤاڵێتییە کەمەکەمان بکەم، هەروەها نیشاندان و باسکردنی ئەو پێشکەوتنانەی کردوومانە خۆ گەیاندنە ئاستی هەڤاڵێتیی باش"، دەشڵێت: خەیاڵی هەرە گەورەم ئەوەیە کە لە ئامە دیان هەر شوینێکی تر سەرۆک لەناو گەلدا بێت و منیش لەوێ ببم واتە لەلای سەرۆک بم، هیچ هەستێك ئەوندە خۆش و جوان نییە بارتەقای ئەوەی کە بە چاوەکانی خۆت و ڕاستەوخۆ دیمەنی لە ئامێزگرتنی سەرۆک گەل ببینیت و منیش بارتەقای قوڵایی هەموو خانەکانی لەشم هەستی پێبکەم، من لەوە دڵنیام کە ئەم خەیاڵە پێکدێت، ئەگەر منیش نەبم ئەوا لەوە دڵنیام هەر ژنێکی کە شایستەی هەڤاڵێتیی ڕێبەر ئاپۆیە ئەمە دەبینێت، لە دڵی هەریەکێك لەم ژنانەدا دڵی من لێدەدات و بێگومان هەست دەکەم. ئەم هەستە لە ئاستێکی مێژوویدا ژیاندەکرێت و بڕوایەکی گەورەم هەیە. ئەو کاتەش ڕۆحی هەڤاڵانی شەهیدیشمان شاد دەبێت و ئازاری تەواوی دایکان و گەلی کورد لەڕەگ و ڕیشەوەنامێنێت".

ش.ف