بازاڕێک بۆ فرۆشتنی کارەدەستییەکانی ژنانی کەرکوک کرایەوە

بە ئامانجی ئەوەی ژنان ببنە خاوەن ئابووریی سەربەخۆ، بازاڕێک لە شاری کەرکوک بۆ فرۆشتنی بەرهەمی دەستی ژنان کرایەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شاری کەرکوک كۆمەڵەی هیوای عێراقی بە هاوكاری ڕێكخراوی ئۆكسفامی نێودەوڵەتی، بازارێكیان بۆ فرۆشتنی کاری دەستی ژنان کردەوە.

سروود ئەحمەد، بەرپرسی لقی كەركوك-ی كۆمەڵەی هیوای عێراق، بە ڕۆژنیوزی وت:" ژن ڕۆڵی گرنگی هەیە لە ناو كۆمەڵگا و پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتدا، بۆیە پێویستە گرنگیان پێبدرێت.

وتیشی: بەشێك لەو ژنانەی كە بەشدارییان لە پڕۆژەکەماندا كردووە پێشتر قوربانی سیستەمی كۆمەڵگا بوون و توندو تیژی-یان بەرامبەر کراوە، دوای ئەوەی چەندین خولی ڕاهێنانیان بینی، ئێستا لەسەر پێیەكانی خۆیان وەستان و بە ڕەنج و ماندبوونیان ئەركی بەخێوكردنی منداڵاكانیان لە ئەستۆ دەگرن، ئەم ژنانە ئەمڕۆ سەركردەیەكی دیاری كۆمەڵگان چونكە بەشێكن لە ئابووریی ئەم شار و وڵاتە".

د.ع