بانگەشەی خۆسوتاندنی ژنێکی دیکە دەکرێت

ژنێکی دیکە بە سوتان گیانی لەدەستدا و بانگەشەی ئەوە دەکرێت، کە گوایە "خۆی خۆی سوتاندووە".


ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژنێک بەناوی زەینەب بورهان، لەدایک بووی ساڵی ۱۹۹۰، بەڕێژەیەکی زۆر سوتا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شەهید هەژار، کەمێک پێش ئێستا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی عەلی جەمال قەدوری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و کەیسەکە ڕەوانەی بەشی توندوتیژیی ژنان دەکرێت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە.

بەپێی ئەو زانیارییانەشی کە ڕۆژنیوز، لە بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان لە گەرمیان وەریگرتووە، دایکی قوربانییەکە وتویەتی، کە 'ئەوان ئاگاداری ڕووداوەکە نەبوون'، بەڵام هاوسەرەکەی دەستگیرکراوە.

هەرچەندە تازە لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی تودنوتیژیی دژی ژنان دەستیپێکردووە و هێشتا ڕاستی ڕووداوەکە ڕوون نەبووەوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکە باس لەوە دەکەن، کە گوایە حاڵەتەکە "خۆسوتان" بووە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە شەی ١٦ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، پیاوێک هاوسەر و سێ منداڵەکەی سوتاند و هەرسێکیان گیانیان لەدەستدا.

ش.ف