باوکی ئەو کچە هەشت ساڵانەی ده‌ستدرێژی کرایەسەر: هەڕەشەمان لەسەرە

باوکی ئەو کچە هەشت ساڵانەی لە هەولێر ده‌ستدرێژی کرایەسەر، دەڵێت: هەڕەشەیان لەسەرەو ژیانی خۆی و کچەکەی لە مەترسیدایە، داواشدەکات، تۆمەتبارانی ده‌ستدرێژی سەر کچەکەی دەستگیربکرێنەوە.


ئەمڕۆ لە پارکی شانەدەری شاری هەولێر باوکی ئەو کچە هەشت ساڵانەیەی کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن چەند کەسێکەوە ڕفێنراو دواتر دەستدرێژی سێکسی کرایەسەری لەبارەی دۆسیەی کچکەیەوە قسەی بۆ ڕاگەیاندنەکان کرد.

لوقمان ئیسماعیل، باوکی کچە قوربانیەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: تۆمەتبارەکان لەلایەن بەرپرسێکی پارتییەوە داڵدە دەدرێن و لە سزاو لێپێچینەوەی دادگا دەربازیان دەکات، هاوکات بەرپرسانی پۆلیسیش بە ئاشکرا هەڕەشەی لێدەکەن کە دەستبەرداری دۆسیەی کچەکەی ببێ و سکاڵاکانی بکشێنێتەوە.

باوکی کچە هەشت ساڵانەکە ڕاشیگەیاند، دوای چەندینجار لە دانیشتینی دادگا لەسەر كەیسی كچەكەی، بەڵام تا ئیستا دادگای هەولێر نەیتوانیوە كەیسەكە بەباشی بەڕێوە ببات و جەختی لەوەشکردەوە كەیسەكە بە سیاسی كراوە و تۆمەتبارانی دۆسیەکە ئازاد کراون.

لوقمان ئیسماعیل، ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام هەڕەشە لەسەر خۆی و كچەكەی هەیەو پاسەوانی بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێریش هەڕەشەی کوشتنی لێکردوون.

باوکی ئەو کچە باس لەوە دەکات لەبەرئەوەی پێشمەرگەی یەکێتییە، دادگا بێلایەن نییە لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی کچەکەی و بە ئاشکرا ستەمی لێدەکرێت و هەروەها پێی ڕاگەیەنراوە کە نابێت چیتر قسە بۆ میدیاکان بکات، داواشدەکات، تۆمەتبارانی ده‌ستدرێژی سەر کچەکەی دەستگیربکرێنەوە.

ک.س