"بۆ ئازادیی ژنانی ئێزدیی تێکۆشان بەهێزتر دەکەین"

تۆڕی هاوکاری ژنانی ئێزدی لە بەرامبەر کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سوپای قەسەدەی کرد و ڕایگەیاند:"بۆ ئازادی ژنانی ئێزدی تێکۆشان بەهێزتر دەکەین".


تۆڕی هاوکاریی ژنانی ئێزدی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کوشتی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی چەتەکانی داعش، بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێزدییەکان لە مێژوودا بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی زۆر بووەتەوە، دوایین کۆمەڵکوژییش ئەو کۆمەڵکوژییە بوو، کە داعش لە شەنگال کردی، سەدان شەنگالی ئاوارە بوون، هەزاران کەسیش کوژران و ڕفێندران، لەم هێرشەدا هەرە زۆر ژنان کرانە ئامانج، هەزاران ژن وەک دەستکەوتی شەڕ ڕفێندران و وەک کۆیلە لە بازاڕەکاندا فرۆشران.

لە بەردەوامییدا هاتووە: وەک تۆڕی هاوکاریی ژنانی ئێزدی ئەرکی سەرەکییمان ئەوەیە، کە ئەو ژن و منداڵانەی ڕفێندراون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە ئازاد بکەین و بیانگەڕێنینەوە بۆ سەر خاکی خۆیان، لەم بوارەدا قەسەدە هاوکارییەکی زۆری ئێمەی کردووە، بە هاوکاری قەسەدە سەدان ژن و منداڵی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگار کراون.

لە کۆتاییشدا هاتووە: کوشتنی سەرکردەی چەتەکانی داعش بۆ ئێمە وەک موژدەیەک بوو، بە کوژرانی سەرکردەی داعش، تۆڵە کردنەوەی ژنانی ئێزدی نەخشێندرا، سوپاسی قەسەدە دەکەین و بۆ ئازادی هەموو ژنانی ئێزدی خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر دەکەین.

ش.ف