"بۆ دابینکردنی داهاتیان و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی پێویستە ژنان بێنە دەرەوە"

لە شارۆچکەی ڕانیە، ژنێک لەڕێگەی دانانی کارگەیەکی شیرینییەوە جگە لە دابینکردنی هەلی کار بۆ خۆی، هەلی کاری بۆ ١٣ ژنی دیکەش ڕەخساندووە، ئەو ژنە دەڵێت؛ پێویستە ژنان لە ماڵەوە بێنە دەرەوە هەم داهات بۆ خۆیان دابین بکەن و هەمیش بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، دەشڵێت: ئەگەر حکومەت هاوکاری خاوەن پرۆژەکان بکات خەڵکێکی زۆر لە بێکاری ڕزگاریان دەبێت.


دیار بەکر قادر، دانیشتوی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕینە، چوار ساڵە کارگەیەکی شیرینی داناوە و دەستیکردووە بە دروستکردنی شیرینی و لە ئێستادا ۱۳ ژن لای ئەو کار دەکەن.

سەبارەت بە کارەکەی دیار بەکر دەڵێت: ٤ ساڵە دەستم کردووە بە دروستکردنی شیرینی لە منداڵیەوە ئارەزووی ئەوەم هەبوو ببم بە وەستای شیرینی، ماوەیەک دەستم بە کارکرد و کۆڵم نەدا، زۆر کەس هاوکاریان کردم لە هاندان و پەرەپێدانی کارەکە سەرەتا لە دووکانێکی بچوک دەستمپێکرد ئێستا بۆتە کارگەیەکی گەورە و ۱۳ هەلی کارم بۆ ژنان ڕەخساندووە.

ئەو جۆرە شیرینانەی لەشیرینیەکەی ئامادە دەکرێن بریتین لە، پاقلاوە بە ڕۆنی خۆماڵی، پاقلاوە بە فستەق، برمەی سادە، شەکلەمە، بسکیت بە کونجی، کولیچەی گوێز و خورما، شعریە، جۆرەکانی شیرینی ئێرانی و دروستکردنی کێکی بۆنەکان.

دیاربەکر، سەبارەت بە فرۆشنی شیرینیەکەی دەڵێت: شیرینیەکانمان خواستێکی زۆری لەسەرە ڕۆژ هەیە سێ جار سینی پڕ دەکەینەوە، بە هۆکاری ئەوەی کە شیرینەکە پاک و خاوێن و ڕێژەیەکی کەم شەکری تێدایە خەڵک زۆر سەردانی شیرینەخانەکە دەکەن هەندێک کات میوان لە شارەکانی دیکەوە سەردانی کەسوکاریان دەکەن تا لێرە شیرینی نەکڕن ناگەڕێنەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە کارگەکەی بۆتە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو ژنانەی لەوێ کار دەکەن.

سەبارەت بە هاوکاریی و کارئاسانی بۆ کارەکەی لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە، دیاربەکر بە پێکەنینەوە وتی: "باسی حکومەت هەر مەکە تا ئێستا هاوکاری ئێمەی نەکردووە ئەوەی دەکرێ خەڵکەکە بۆ خۆی دەیکات، حکومەت هاوکاری پرۆژە گەورەکان ناکات ئەوجا پرۆژەی بچوک، ئەگەر حکومەت هاوکاربێت خەڵکێکی زۆر لە بێکاری ڕزگاری دەبێت".

لە کۆتایی قسەکانیشیدا دیاربەکر پەیامێکی ئاراستەی ژنان کرد و وتی: با ژنان لە ماڵەوە بێنە دەرەوە و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن پرۆژە و کاری جیاواز پێش بخەن هەم دەبێتە داهات بۆ ئەوان و هەمیش بەرهەمی ناوخۆیی زیاددەبێت.

ک.س