بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری پشدەر دوو ژن خۆیان سووتاند، لەسەر ئەو ڕووداوانە و دژی بوونەقوربانی ژنان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە سەنگەسەر بەڕێوەچوو.


پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- رژاک، گردبوونەوەیەکی دژی بوونە قوربانی ژنان لە شارەدێی سەنگەسەر لە دەڤەری ڕاپەڕین ڕێکخست.

لە گردبوونەوەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان تێیدا بەشداربوون، بەیاننامەی رژاک، لەلایەن کوێستان مستەفا خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو ژن بە ناوەکانی ئەستی محەمەد ئەمین، تەمەن ۲۳ ساڵ و بەرزی یاسین، تەمەن ۲۱ ساڵ، لە دوو گوندی سەر بە شارەدێی سەنگەسەری پشدەر ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، بە داخەوە بە هۆکاری جیا جیا ڕەگەزی ژن وەک مرۆڤی پلە دوو سەیر دەکرێت.

هەروەها هاتبوو: ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئەم ڕووداوە شەرمەزار دەکەین، لێرەوە داوا لە خەڵک و کەسایەتی و کەسانی رۆشنبیر دەکەین چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو هەموو زوڵمەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا هاتووە: بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی لە ژنان دەکرێت، ساڵانە بە سەدان ژن لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی ناموس دەکوژێن و دەسووتێن، ئێمەی ژنان ناموسی کەس نین ناموسمان ئازادیمانە، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین پێویستە واز لە هەموو توندووتیژییەک بەرامبەر ژنان بهێندرێت، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان خۆیان بگەیەننە هەموو شوێنێک و تاکەکان لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە هوشیار بکەنەوە.

لە کۆتایدا هاتووە: داوا لە خەڵکی پشدەر، بە تایبەت ژنان دەکەین چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست مافە ڕەواکانی خۆیان، پێویستە دادگا سزای ئەو کەسانە بدات کە بە بێ تاوان، غەدر لە ژنان دەکەن و دەیان کوژن.

د.ع