"بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دەبێت لە پەروەردەی خوێندنگاکانەوە دەستپیبکرێت"

بەپرسی رێکخراوێکی ژنان پەخشکردنی دراما تورکییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان دەزانێت، چالاکوانێکیش دەڵێت: بۆ نەهێشتنی توندوتژیی دەبێت لە پەروەدەی خوێندنگاکانەوە دەستپێبکرێت و منداڵی هۆشیار پێ بگەیەندرێت.


ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە، ئەمەش نیگەرانیی چالاکوانی بوار مافەکانی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەسێک لەو ژنانە لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سنوور حەنیفی پوور، بەرپرسی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، باسی یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتن کرد و وتی: هۆشیاریی ژنان پەرەی سەندووە و هاوشێوەی ڕابردوو هەموو شتێک قبوڵ ناکەن، لەبەرامبەریشدا کۆمەڵگا دەیەوێت ژن تەنیا لە چوارچێوەی ماڵدا بێت و سنووری بۆ دیاریی بکات، ڕێگا نادەن کە ژن بڕیار بدات.

سنوور، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی توندوتیژییەکانی گەڕاندەوە بۆ ئەو دراما بیانییانەی کە لە تەلەفیزیۆنەکانی باشوری کوردستان پەخش دەکرێن و وتی: ڕاگەیاندنەکان لەڕێگای هەندێک بەرنامە و دراماوە هەوڵی شێواندنی کلتور دەدەن، لەکاتێکدا خۆشیان باش دەزانن هیچ یەک لەو درامایانە لە گەڵ ئێمە ناگونجن، بە تایبەت دراما تورکییەکان لەناو خودی تورکیاشدا ئەو شێوازە ژیانە نییە کە نیشان دەدرێت، ئەمانە زیانی زۆری بە خێزانەکان گەیاندووە.

هەروەها شیراز جەلال، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، ئاماژەی بە چارەسەرییەکان کرد و پێیوایە، دەبێت لە پەروەردەوە دەستپێ بکرێت، "دەبێت لە خوێندنگاوە دەستپێبکەن و وانەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لەپاڵ وانەکانی دیکەدا دابنرێت، بۆئەوەی تاکێکی هۆشیار پێ بگات، هاوکات رێکخراوەکانیش بە سمینارە بەردەوامەکانیان کارگەرییان هەبێت لە سەر گەورەکان".

شیراز، ڕەخنەی لە دەسەڵاتی دادوەریی گرت، کە بە یەکسانیی مامەڵە ناکەن لە جێبەجێکردنی یاسادا و وتی:"یاسا تەنیا بۆ خەڵکی هەژار جێبەجێ دەکرێت، ئەگینا چەندەها کەیس هەبووە و لەلایەن کەسانی باڵادەستەوە تاوان ئەنجامدراوە، بەڵام یاسای بە سەردا جێبەجێ نەکراوە".

ئەو چالاکەی بواری مافەکانی ژنان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە و ئەرکە ڕێکخراوەکان و حکومەت بێنە دەنگ و هۆشیارییەکی گشتی بڵاو بکەنەوە بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی.

ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان مەترسیدارن و بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ٢٢ ژن کوژراون و ٣٢ ژنی دیکە خۆیان کوشتووە، هەروەها ٩٩ ژن سووتاون و ٥٨ی دیکەش خۆیان سووتاندووە.

ش.ف