بیری ئۆجالان وایکردووە ژن ببێتە پێشەنگی شکاندنی گۆشەگیریی

دەوڵەتی تورک، گۆشەگیرییەکی سەختی خستووەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن، ژنە پەرلەمانتارێکی باکوری کوردستان، دەیان هەزار کەس بە چالاکی مانگرتن هەوڵی شکاندنی ئەو گۆشەگیرییە دەدەن، ژنانی باشوری کوردستانیش پێیان وایە بیری ئۆجالان بۆ ئازادیی ژن، وایکردووە ژنان پێشەنگایەتی شکاندنی گۆشەگیریی بکەن.


دەوڵەتی تورک ماوەی ٨ ساڵە، گۆشەگیرییەکی توندی خستووەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕێگا نادات پارێزەران و خانەوادەکەی سەردانی بکەن.

بۆ شکاندی ئەو گۆشە گیرییە، لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات- کەجەدە ١٩٩ ڕۆژ لەمەوبەر و لەنێو زیندانی شاری ئامەدی باکوری کوردستان، بڕیاریدا مانگرتنی بێسنوور لەخواردن ڕابگەیەنێت.

بڕیارەکەی لەیلا گوڤەن، بووە هەوێنی خەباتێکی گەورە و لە ئێستادا هەزاران کەس، لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا و شارەکانی باکور و باشوری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، لە مانگرتنی خولی و مانگرتنی بێسنوور و مانگرتنی تا مردندان، لەپێناو شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە.

ئۆجالان لە تێزەکانیدا گرینگییەکی زۆری بە ئازادیی ژن و توانای ژنان داوە، هەمیشە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە تا ژنان ئازاد نەبن کوردستان ئازاد نابێت، هەروەها پێی وایە دەبێت ژنان پێشەنگایەتیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا بکەن و لە هەموو کایەکانی ژیاندا بەشداریی ڕاستەقیە بکەن.

یەکێک لەو سیستمە نوێیانەی ئۆجالان پێشنیاری کردووە بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا، سیستمی هاوسەرۆکایەتییە بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، ئەویش بەواتای ئەوەدێت، هەموو دامەزراوەیەک دوو سەرۆکی هەبێت، کە پێکبێن لە ژنێک و پیاوێک، ئێستا ئەم سیستمە لە هەموو ئەو دامەزراوانەدا پەیڕەو دەکرێت کە لەسەر بیری ئۆجالان کاردەکەن.

سنور کەریم، ژنێکە لە باشوری کوردستان و لە یەکێک لە خوێندنگاکانی باشوری کوردستاندا مامۆستایە، پێی وایە هۆکاری ئەوەی کە ژنان پێشەنگایەتی هەوڵەکانی شکاندنی سەر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەدەن، ئەوەیە کە ئۆجالان چەندین ساڵ هەوڵی بۆ ئازادیی ژن داوە، دەشڵێت: ئەوەی ئێستا وایکردووە لەیلا گوڤەن، ببێتە هەوێنی مانگرتنی هەزاران لەیلای دیکە، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجلان، بەرهەمی فکر و تێزی ئۆجەلانە، کە چەندین ساڵە لە بواری ژناندا پێشکەشی کردووە.

سنوور پێی وایە کە ئۆجالان ئەو نا دادپەروەری و نایەکسانی ڕەگەزیانەی بەهۆی سیستمی سەرمایەدارییەورە دژی ژن ئەنجامدراوە، بووەتە هۆی ئەوەی ژن بە پلە دوو و کۆیلە ئەژمار بکرێت لە کۆمەڵگادا، بەڵام ئۆجەلان توانی هەموو ئەمانە لە پراکتیکدا پێجەوانە بکاتەوە و ژنی ئازاد بئافرێنێت، دەشڵێت: بیرۆکە و فکری ئۆجلان خزمەت بە دۆزی ژن دەکات، بۆیە ژنان پێشەنگایەتی شکاندنی گۆشەگیریی دەکەن.

لاڤە کوردە، ڕۆژنامەنوس لە یەکێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە باشوری کوردستان، پێی وایە کە لەیلا گوڤەن، وەک ژنێک توانیویەتی ببێتە پێشەنگ بۆ هەزاران هاوڵاتی دیکە لەهەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و نێو زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، دەشڵێت: ئۆجالان هەموو چەوساندنەوەیەک دژی ژنان ڕەت دەکاتەوە و پێوایە چەوساندنەوەی ژنان چەوساندنەوەی تەواوی گەلە، هەر بۆیە بەشێكی زۆری ژنان پێشەنگایەتی شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە، نیگەرانە لەوەی کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستاندا گرنگی بەوەنادرێت، کە شەپۆلێکی گەورەی مانگرتن دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بە پێشەنگایەتی ژنێک بەڕێوەدەچێت، دەڵێت: لەبەر ئەوەی دەزگا ڕاگەیاندنەکان سەربەخۆنین بۆیە ناتوانن گرنگی بەو پرسانە بدەن.

لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکی کەجەدە لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨-ەوە، لەنێو زیندانی شاری ئامەدی باکوری کوردستان، ڕایگەیاند، کە دژ بەو گۆشەگیرییەی خراوەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، مانگرتنی بێسنوور لە خواردن ڕادەگەیەنێت، لە ئێستاشدا هەرچەند باری تەندروستی ناجگیرە بەورەیەکی بەرزەوە ١٩٩ ڕۆژە بەردەوامە لە مانگرتن.

لەژێر فشاری ئەو چالاکی مانگرتنانەی کە بەپێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن دەستی پێکرد، دەوڵەتی تورک ناچاربوو، ڕۆژی ٢ و ٢٢ی ئەم مانگە ڕێگا بە پارێزەران بدات کە سەردانی ئیمڕاڵی بکەن، هەروەها جارێکیش ڕێگای داوە خانەوادەکەی سەردانی ئۆجالان بکەن، بەڵام مانگرتووان هێشتا بەردەوامن لە مانگرتن و پێیان وایە گۆشەگیریی تێک نەشکاوە.

د.ع