بێریتان لە نەتەوەی تورکە و لە چیاکان گەریلایە

بێریتان بە نەتەوە تورکە و چوار ساڵە گەریلایە و دەڵێت، لە دژی سیستمی دەوڵەتی تورک کە دەستدرێژیی بووە بۆ سەر ژنان بووە بە گەریلا، دەشڵێت: ڕژێمی ئێرانیش بە هەمان شێوەیە، بۆیە بانگی بەشداربوون لە ژنان دەکەم.


بێریتان ئامارا، کە گەریلایەکی بە نەتەوە تورکە، ئێستا لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی ئەو زیهنییەتە ڕەگزپەرەستی و ستەمکاررییەی ڕژێمی ئێران کە لەسەر گەلان و ژنان بەڕیوەیدەبات تێدەکۆشێت، بێریتان تایبەت بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

بێریتان لە ناو گەریلاکاندا دڵخۆشە، بێریتان ئێستا نە لە باکوری کوردستان و نە تورکیا، لە چیاکانی ڕۆژهەڵات لەناو گەریلاکانی کوردستاندا جێی گرتووە، ئێمەش پرسیاری هۆکاری ئەوەمان لێکرد، بێریتانیش کە لە ماوەیەکی کورتدا زمانی کوردی فێربووە هەوڵێدا بە کوردی وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە.

بێریتان وەها باسی بەشداربوونی خۆی دەکات: ئەو ژیانەی کە سیستم دروستی کردووە گەیشتووەتە ئاستێک کە تەحەمول ناکرێت، سووکایەتی و دەستدرێژی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستەکان، ڕازی نەبووم بەو ژیانە، دەستم کرد بە گەڕان بۆ ژیانێکی نوێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگا و ڕێبازی تێکۆشانم نەدەزانی و لەو شوێنەی کە من دەژیام ڕێکخستن نەبوو، نەمتوانی وەکوو پێویست تێکۆشان بکەم، لێگەڕینەکانم بووە هۆی ئەوەی ساڵی ٢٠١٥ بەشداری فەلسەفەی ئاپۆیی ببم و بێمە چیاکان و لەوێ باشتر ئەو هزر و فەلسەفەیە بناسم، هەرچی فەلسەفەی ڕێبەرایەتیم زیاتر دەناسی، زیاتر حەزم لە ژیان دەکرد.

بێریتان لەسەر ئەوەی بۆ ئەو ناوەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، دەڵێت: کاتێک بەشداربووم لەسەر هەموو ئەو ژنانەی پێشەنگایەتی تێکۆشانیان کردووە لێکۆڵینم کرد، لەناو هەموویان زیاتر ژیانی بێریتان سەرنجی ڕاکێشام، بۆ ئەوەی شایستە ئەو ناوەبم بە هەموو هێزی خۆمەوە هەوڵدان دەکەم، چونکە هڤاڵ بێریتان بۆ گەلەکەی و ئازادی ژنان بە گیانێکی فیداییانە بەرخۆدانی کرد.

دوای ئەوەی بێریتان بەشدار دەبێت هەندێک گۆڕانکاری لە کەسایەتی-دا دروست دەبێت، کە خۆی وەها باسی دەکات: سیستم تاکپەرەستی فێری مرۆڤەکان دەکات، هەروەها هەندێک یاری لەسەر ژنان و گەنجان بەڕیوە دەبات، کە کاریگەری لەسەر منیش دانا، بەڵام لە ژیانی ڕێبەر ئاپۆ-دا شوێنێک بۆ تاکپەرەستی نییە، بە پێچەوانە ژیانی کۆمیناڵ و بە ئیرادە بە بنەما دەگرێت، فەلسەفەی ژنی ئازاد پێشدەخات، سیستم زۆر بە خراپی باسی ئاپۆی دەکرد، بۆ ئەوەی من بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن هەرجۆرە درۆیەکیان سەبارەت بە ڕێبەرایەتی دەوت، بەڵام کاتێک هاتمە ئێرە بینیم شتەکان پێچەوانەی ئەوەیە ئەوان باسیان کردووە، هەر مرۆڤێکی هۆمانیست کە دەیەوێت بۆ ئازادی تێکۆشان بکات، دەتوانێت بەشداری ئەم فەلسەفەیە ببێت، فەلسەفەی سەرۆکایەتی هەموو گەلان لە ئامێز دەگرێت.

بێریتان ئامارا وەها باسی خۆشەویستی خۆی بۆ چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات: ویستم گەریلایەتی لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم، هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵات سەرنجی ڕاکێشام، جێگرتن لەناو هێزەکانی پاراستنی ژنان- هەپەژە، هەستێکی لە من دروست کرد کە وەسف ناکرێت، ئەو چیایانەم خۆشدەویست، پەیوەندییەکی تایبەتم لەگەڵ گەلی ڕۆژهەڵات پێشکەوت، بۆیە ویستم لە نزیکەوە بیانناسم، پێش بەشداربوونم زۆر باسی زۆڵمی رژێمی ئێرانم لەسەر ژنان بیستبوو، هیچ کات ئەوم پێ قبوڵ نەبوو، بۆیە کاتێک بەشدار بووم، ڕێگای هەرەباشم لە دژی رژێمی ئێراندا لەناو ڕێزەکان هەپەژە دۆزییەوە، دەوڵەتی تورک و ڕژێمی ئێران بۆ من جیاوازییەکیان نییە، هەردوو دەوڵەت لەدژی ژنان کوشتن و توندوتیژیی بەڕێوەدەبەن، ئیرادەیان قبوڵ ناکات، زوڵم و فشار لەسەریان بەڕیوە دەبات، خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم کە لەدژی ئەو ڕژێمە تێکۆشان دەکەم، تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان هەستێکی زۆر خۆشە، ڕژێمی ئێران دەستێوەردانی چونیەتی پووشینی جلوبەرگ و تەنانەت قسەکردن و هەڵسوکەوتی ژنان دەکات، ژنان ئەگەر پێچەوانەی ئەو پێوانانە بجوڵێنەوە ڕووبەڕووی زۆڵم و فشارێکی سەخت دەبنەوە، پێویستە هەر ژنێک لە بەرامبەر ئەمانە بێدەنگ نەبێت.

بێریتان ئامارا لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، کە بەشداری فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە ببن و وتیشی: ناسینی ڕێبەرایەتی بۆ من بوو بە ژیانێکی نوێ، ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر ڕێبەرایەتیمان هەیە، هەرچەند بۆ ئەو بابەتە چالاکی بەڕێوە دەبرێت، بەڵام بۆ شکاندنی گۆشەگیری پێویستە بەشداری لەناو ڕێزەکانی گەریلا زیاتر بێت، بۆیە بانگەوازی لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم بەشدارببن، منیش وەک گەریلایەکی هەپەژە- یەرەکە، بە هەموو هێزمەوە بۆ ئازادیی تێدەکۆشم، ئامانجێکم ئەوەیە ڕێبەرایەتی لە زیندان ئازاد بێت.

س.ح