بێریتان هیوای هێڵی ئازادیی گەلان نیشان دەدات

لە ٢٦ ەمین ساڵیادی شەهیدبوونی گولناز کاراتاش (بێریتان هێڤی)دا، بێریتان بۆ ژنانی کورد، عەرەب، ئاسوری و سوریانی و ژنانی ئازادیخواز هێڵی ئازادیی گەلان نیشان دەدات.


ئەمڕۆ ساڵیادی شەهیدبوونی گولناز کاراتاش، گەریلای پەکەکەیە کە لە ساڵی ١٩٩٢ دا لە شەڕی دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی خۆی ڕادەست نەکرد و شەهیدبوو، یادی شەهید بێریتان هەموو ساڵێک لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکرێتەوە.

گولناز کاراتاش خەڵکی شاری دەرسیمی باکوری کوردستانە، شارێک کە دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژی زۆری تێدا ئەنجامداوە، بەڵام ئەوە بۆ بێریتان بە واتای تێکۆشان و بەرخۆدان لەدژی دا بوو، ئەوەش هەر لە سەردەمی خوێندگاوە لە بێریتاندا خۆی نیشان دا.

لە سەردەمی خوێندنی لە خوێندگادا کاتێک مامۆستاکەیان دەڵێت هەرکەسێک بەسەرهاتی ژیانی خۆی بنووسێت، بێریتان ئەم ڕستانەی نووسی:

ئەگەر بتانەوێ من بناسن سەیری ناسنامەکەم دەکەن، بەڵام ئایا ئەوە بۆ ناسینی من بەسە؟ کرێکارێک کە لە ڤیێتنام کاردەکات باش دەزانێت کە من چەندە تامەزرۆی ڕەنگی سەوزم، ئەو ژنانەی لە نیکاراگۆی کاردەکەن باش دەزانن کە من هەموو ڕۆژێک دەچمە دەرەوە و بە کاتژمێر سەریری ئاسمان دەکەم، ئەو منداڵانەی پێڵاو بۆیاخ دەکەن پەیوەندی من بە شعر و کتێب دەزانن، ئەوەی لە ناسنامەکەم دا نووسراوە هیچ ناخاتە ڕوو، ئەوەی من دەناسێنێت، ئەو ڕستانەن کە نووسیومن.

ژیان و تێکۆشانی بێریتان

دەرسیم پاش کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک چۆڵکرابوو، هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە ناچارکرابوون شوێنە ژیانیان بەجێبهێڵن، دواییش قۆناغی تواندنەوەی دەرسیم دەستپێکرا، ساڵ لە دوای ساڵ تێپەری ئەو قۆناغە کاریگەریی زۆری کردە سەر گەلی کورد، ٤٠ ساڵ پاش کۆمەڵکوژییەکە، لە ساڵی ١٩٧٠دا، کوردێک بەناوی موستەفا کاراتاش کە دەرسیمی بەجێهێشتبوو، بەهۆی کارەکەیەوە کە کارمەند بوو لە سالۆخانی سەربە چەولک جێگربوو.

لە ساڵۆخان کچێکی لەدایکبوو و ناویان نا گوڵناز، چەند ساڵی منداڵی گولناز لە سالۆخان تێپەڕبوو، دواتر خانەوادەکەی چوون بۆ خاررپێت، خوێندگای سەرەتایی، ئامادەیی و ناوەندیی لە خارپێت تەواوکرد.

لە خارپێت لە گەڕەکی فەڤزی چاکماک دادەنیشتن، ئەوکاتە گەڕەکەکانی فەڤزی چاکماک و یڵدزباغلاری خارپێت بە گەڕەکی عەلەوییەکان و شۆرشگێڕەکان دەناسرا، ژمارەیەکی زۆر لە کوردە ئاوارەکانی دەرسیم لەو گەڕەکانە نیشتەجێ بوبون، خانەوادەی گولنازیش یەکێک بوون لەوان.

ساڵی کوەتاکەی ١٢ی ئەیلول ١٩٨٠ئەو گەڕەکانە ڕۆژی زۆر سەختیان بەخۆیانەوە بینی، هەموو رۆژێک هێرش دەکرایە سەریان، ئەوەش زۆر کاریگەری کردە سەر گوڵناز و پرسیاری "بۆچی"ی لە مێشکیدا دروست کرد.

خوێندنگای گوڵناز کاراتاش لەلایەن مامۆستا نەژادپەرستەکانەوە داگیرکرابوو، ئەو خوێندگایانە بە سیستمی فار و زۆرداریی بەرێوەدەبران، بەپێی ئەو سیستمە منداڵان لە نەتەوە و باوەڕ و ئاینیان دووردەخرانەوە، یەکەم چالاکیی گوڵناز بەشداریی نەکردنی لە مارشی ئیستقلالی خوێندگادا بوو، بۆ ئەوەش هەمیشە درەنگ دەچووە خوێندنگا، بۆیە لەلایەن هەڤاڵەکانییەوە بە کەسێکی یاخی دەناسرا.

یەکێک لە هەڤاڵەکانی بەم شێوەیە باسی گولناز دەکات: ڕۆژی دووشەممە بوو، بۆ ئەوەی لە مەراسیمی سوێندخواردن و سرودوتنەوەدا بەشداری نەکەین درەنگ چووین بۆ خوێندنگا، ئەو ڕۆژە مەراسیمەکە درێژی کێشابوو و ئێمە گیراین، ئێمە جلی فەرمیمان لەبەر نەکردبوو، سزادراین و پێیان وتین کە دەبێت بە جلی فەرمییەوە بچین بۆ خوێندنگا، من گەڕامەوە و جلەکانم لەبەر کرد، بەڵام بینیم کە گوڵناز جلی نەگۆڕیوە و هەر پارچەی جلەکانی لە ڕەنگی جیاوازن، ئێمە پاشەکشەمان کردبوو، بەڵام ئەو سوور مابوو لەسەر یاخیبوونەکەی، سەرەڕای ئەوەی زۆر یاخی بوو، بەڵام لەبواری نەتەوەکەیدا زۆر ئاگادار نەبوو، جارێک لە ڕۆژی نەورۆزدا، کاتێک هەڤاڵەکانی بە نهێنی پێیان وت نەورۆزت پیرۆزبێت، وتی: من عەلەویم، کورد نیم.

لە گەڕەکی فەڤزی چاکماک دووکانێکی کفتەفرۆشی لێبوو، لە پشتی ئەو دووکانە گوڵناز و چەند لە هەڤاڵانی ژوورێکیان هەبوو بۆ ڕێکخستن، لەوێ گۆڤارە نوێکانیان دەخوێندەوە و لەبارەی پرسە سیاسییەکان گۆفتوگۆیان دەکرد، لە ساڵانی خوێندگای ئامادەییدا لە بواری وەرزش دا زۆر سەرکەوتوو بوو، لە یارییەکانی بالە، هەندبۆڵ و باسکەدا زۆر باش یاری دەکرد.

تامەزرۆییەکی زۆریشی بۆ شانۆ هەبوو، لە گروپی شانۆی خوێندنگاکەیاندا بوو، ئەو کاتانەی گروپە شانۆ پرۆفیشناڵەکان دەهاتن بۆ شارەکەیان دەچوو و سەەیری دەکردن.

خارپێت ناوەندێکی ئەشکەنجەی بەناوبانگی لێبوو، لەو ناوەندەوە هەمیشە دەنگی بەرخۆدان یان خیانەت دەهات، لە ساڵی ١٩٧٩دا کاتێک تەمەنی هەشت ساڵان بوو گوێی لێبوو کە کچەشۆڕشگێڕێکی ئاپۆچی بەناوی ساکینە چانسز، لەو ئەشکەنجەگایەدا بەرخۆدانی دەکرد.

لە ساڵی ١٩٨٩دا لە بەشی زانستی ئابووریی لە زانکۆی ئابووریی ئەستەنبوڵ وەرگیرا، هەرچەندیش دوور لە کوردایەتی گەورە بووبوو، بەڵام لە ماوەیەکی کەم دا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەرهات، لە زانکۆ هۆشیاریی نەتەوەیی خۆی بەدەستهێنا و وەک کەسێکی وڵاتپارێز دەستی بە چالاکییەکانی کرد.

دەنیز تانیا، دەڵێت: لە ساڵانی زانکۆدا گوڵنازم ناسی، ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٩ دەستی بە خوێندنی زانکۆ کرد، لە چالاکییەکانی گەنجاندا بەشداریی دەکرد، تا ساڵی ١٩٩٢ لە هەموو چالاکییەکانی گەنجاندا بەشداریی دەکرد، گوڵناز لە چالاکیی تایبەت بە مافەکانی خوێندکاراندا بەشداری نەدەکرد، دەیوت، کە ئەو چالاکییانە دوورمان دەخەنەوە لە تێکۆشانی سەرەکیمان، هەموو شتێکی گوڵناز جیاواز بوو، لە جلەکانییەوە بگرە تا شتەکانی دیکە، دەیانوت گوڵناز ئانارشیستە.

لە ساڵی ١٩٩٠ دا چوو بۆ یۆنان و لەوێ پەروەردەی سیاسی و تیۆریی بینی، دواتر بۆ تێکۆشان ،لە ئەستەنبوڵ ئەرکدار کرا، زیاتر لەناو ئەو کەسانەی خەڵکی مێردین و سێرت بوون کار و چالاکیی دەکرد، خەڵک و بەتایبەتی دایکان زۆریان خۆش دەویست، لە ماوەیەکی کەم دا فێری زمانی کوردیش بوو، لەو سەروبەندەدا لەگەڵ یڵدز دورموش بە ناوی ڕێکخستنی "ژیان" لە ئەستەنبوڵ دەستگیر کرا، لە زینداندا دانی بە هیچ دا نەنا و بەرخۆدانی کرد، دواتریش گوازرایەوە بۆ زیندانی بایرام پاشا.

ئەو کاتەی لە زیندانی بایرام پاشا بوو، جارێک ساکینە جانسز دەچێتە سەردانی

ساکینە جانسز، لەو بارەیەوە وتویەتی:"زۆر لەگەڵ هەڤاڵ گولناز نەمامەوە، لە سەردەمێکی گرنگ دا یەکترمان ناسی، لە دەستپێکی ساڵئ ١٩٩١دا کاتێک من لە زیندان هاتمە دەرەوە چوومە سەردانی، لە ئەستەنبوڵ لە زیندانی بایرامپاشا زیندان کرابوو، کاتێک بینیم هەڤاڵ یڵدز دورموشیش لەگەڵی بوو، هات و خۆی ناساند، وتی من گولناز کاراتاشم و خەڵکی دەرسیمم، لە ماوەیەکی کەم دا هەموو زانیارییەکانی ناو زیندانەکەی پێدام، هەڤاڵ ژیانیش قسەی دەکرد، بەڵام گولناز لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زانیاریی زۆری پێداین، لەبارەی دەرەوە و زیندانەکانی دیکەوە پرسیاری کرد، زۆر سەرنجڕاکێش بوو بەلامەوە، ئەو شتانەی دەیوتن زۆر ڕوون و ڕاشکاو بوون".

پاش ماوەیەک، لە زیندانی بایرامپاشا ئازادکران، لەماوەی زیندانیبوونی دا ئامادەکاریی زۆری کرد، لەبارەی کۆمەڵکوژیی کوردەوە لێکۆڵینەوە کرد، قارەمانێتی ژنانی کورد کاریگەریی زۆری کردبوە سەری، هەمیشە لە قسەکانیدا دەیوت:"بژین ئەوانەی وا بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمنەوە خۆیان لەسەر تاشەبەردەکانەوە هەڵدایە خوارەوە، ئایا ئێمەش دەتوانین ئەوە بکەین؟"، پاش ئازادبوونی پێی نابووە قۆناغێکی نوێی ژیانەوە، بڕیاری دابوو بچێتە کوردستان و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بێت.

ساکینە جانس: لە چالاکییەکانی گەنجاندا ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبوو، کاتێک کە لە زیندان ئازادبوو دەیوت کە بەشداریی ڕیزەکانی گەریلا دەبێت، دەمانوت ماوەیەکی دیکەش بمێنە چونکە کار و چالاکیی دیکەشمان هەیە، بەڵام سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی.

لە ساڵانی زانکۆدا لەگەڵ کورێک بەناوی حسێن دەستگیران بوون

دەنیز تایا: ئێمە لە بەر دەرگا دانیشتبووین، لەبارەی ڕۆیشتنەوە قسەی دەکرد، وتی من دەستگیرانم هەیە، من کاردانەوەم پیشان دا و وتم گولناز تۆش ئەو کارانە دەکەی؟ سەیری کردم  و تی: بۆ من ناتوان حەز لە کەس بکەم؟ ئێمە ئیرەییمان دەبرد، نەماندەویست گوناز لەگەڵ کەسی دیکە بێت، دوای، وتی: دەستگیرانەکەم هەڤاڵ حسێنە، ئەویش شەهیدبوو، وتی پاش ئەوەی ڕۆیشتم لەگەڵ حسێن قسەبکە، پاش ئەوەی گولناز چوو بۆ بەشیکتاش من چووم حسێنم بینی.

ئەو کاتەی چوو بۆ چیا ماڵئاوایی لە حسێن نەکرد، بەڵام شعرێکی بۆ بەجێهێشت، دەستپێکی شعرەکەی بەم شێوەیە بوو:

کاتێک من بۆ لێدانی دوژمنێک کە لە هیوا، بەیانی و منداڵانی ئاگر دەترسێت بەڕێدەکەوم، تۆ بەجێدەهێڵم.

٩ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ لە چیای جودی بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو، پێش ئەوەی بگاتە چیا لە ژێر کاریگەریی بنەفش ئاگال دا ناوی بۆ خۆی هەڵبژاردبوو، بەڵام کە چووە چیا بینی کە زۆر گەریلا ناویان بنەفشە، بۆیە ناوی خۆی گۆڕی بە بێریتان.

دەنیز تانیا: دەیویست وەک بنەفش بەئاگا بێت، بەردەوام پرسیاری دەکرد، پرسیاری کرد، تۆ بنەفش ئاگال دەناسی؟ من نەمدەناسی، ناویم بیستبوو کە چۆن لە سەرهەڵدانی جزیرەدا ڕۆڵی گێڕاوە و پێشەنگایەتی کردووە، سەرەتا ناوی بنەفشی بۆخۆی بەکاردەهێنا، ناوی ڕێکخستنی منیش هەر ئەو نای، ناوی کچە خاڵەکەم کە پێکەوە بەشداری پەکەکە بوبووینی نا تانیا، ناوی منی نا دەنیز و ناوی کەسێکی دیکەشی نا سەنا، بەو شێوەیە سێ ناوی هەڵبژارد، سەنا کچێکی فەلەستینی بوو کە چالاکیی فیدایی ئەنجامدابوو، تانیا لە ڕوسیا ناوی کچەشۆڕشگێڕێک بوو و ناوی منیشی لە دەنیز گەزمیشەوە وەرگتربوو، بۆخۆشی پاش بنەفش ناوی بێریتانی لە خۆی نا.

پەروەردەی گەریلایەتییەکەی دەستیپێکرد، هەموو ڕۆژێک یاداشتی دەنووسی، جاری واش بوو شعری دەنووسی، ٢٥ی ئەیلولی ١٩٩٢ بۆ چالاکیی ڕوبارۆک ئامادەکارییان دەکرد، لەو چالاکییەدا بەشداری کرد و برینداربوو، پاش ئەو چالاکییە وەک فەرماندەی تیمێکی گەریلاکان چوو بۆ شەمزینان.

Image result for Bêrîtan Gulnaz karataş

٣ی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵە شەڕێکی گەورە لەدژی گەریلاکان دەستیپێکرد، لە خواکورک، مەرینا، زاگرۆس و هەفتانین هێرش دەکرایە سەر گەریلاکان، ڕۆژانە شەڕ هەبوو، شەڕەکە لە ناوەندی پەکەکەوە بەڕێوەدەبرا، لە سەروبەندی شەڕەکەدا ڕاگەیەندراوێک لە بێتەلەکانی گەریلاکانەوە بڵاوکرایەوە کە دەیوت: با بەسەر تەرمەکانتاندا تێپەڕبن، بەڵام خۆتان ڕادەست مەکەن.

بێریتان ئەو پەیامەی لە گەرماوگەرمی شەڕدا گوێ لێبوو، لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٢ دا شەڕەکە گەیشتبووە ئاستی مان و نەمان، ئەو چادرەی بێریتانی تێدابوو لەلایەن هێزە داگیرکەرەکان و نۆکەرەکانیانەوە گەمارۆدرابوو، لە پێشەوەی تیمەکەیدا شەڕی دەکرد  بۆ ئەوەی خۆیان لە گەمارۆکە ڕزگاربکەن، سەر و شان و سنگی بریندابوو، لە هەموو ئەندامی جەستەیەوە خوێن دەباری، بەڵام هەر شەڕی دەکرد، خۆی گەیاندە سەر تاشەبردێک، کە ڕووباری لۆلان لە ژێرییەوە دەربازدەبوو، بێریتان لاپەڕەیەکی نوێی لە تێکۆشانی ئازادیدا هەڵدایەوە،  سەرەتا چەکەکەی پارچەپارچە کرد، پاشان دەفتەرەکەی شاردەوە بۆ ئەوەی ڕۆژێک بگاتە دەستی هەڤاڵانی یان حسێن و پاشان بە بیرکردنەوەی لە بەرخۆدانی ساکینە جانسز لە زیندانی خارپێ و کۆمەڵکوژی گەل دەرسیم و بەرخۆدانی بەسێ و لەسەر تاشەبەردەکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە.

لە بەرنامەیەکی ڕۆژ تیڤی دا، چەتۆ ڕەحیم کەریم، بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانەی کرد: ئەو کچە هاتە سەر تاشەبەردەکە، پێشمەرگەیەک هاواری کرد، کە خۆت ڕادەست بکە،  لە وەڵامدا بە زاراوەی کرمانجی وتی:"بژی کوردستان، بژی پەکەکە"، پاشان وەک باڵندەیەک فڕی و خۆی هەڵدا، بەڕاستی نازانم چۆنی بگێڕمەوە، نازانم ئەو کەسانە چ ویژدانێکیان هەبوو، چوونە سەر تەرمەکەی و جانتایەکی پێبوو، لە جانتاکەی نانی تێدابوو، نانەکە زۆر ڕەق بوو، جووتێک پێڵاوی ئادیداسی لە پێدابوو، لای ئێمە بەو پێڵاوانە دەڵێن پێڵاوی ئێرانی، قەڵەمێکیش لە جانتاکەیدا بوو، ئالبۆمێکی وێنەشی تێدابوو.

سێ ڕۆژ پاش شەڕەک وا ڕێککەوتن کە لایەنەکانی شەڕەکە تەرمەکان ڕادەستی یەکدی بکەنەوە، پێشمەرگەکان تەرمی هەڤاڵ بێریتان و دوو هەڤاڵی دیکەیان ڕادەست کردەوە، هەڤاڵان تەرمی هەڤاڵ بێریتانیان لە شوێنێکدا بە خاک سپارد و ڕۆیشتن، بۆ ماوەی ١٣ ساڵ کەس نەیزانی کە تەرمی بێریتان لە کوێیە، بوو بە داستانێکی گەورە بۆ گەلی کورد، گۆران، شعر و ڕۆمان و فیلمیشی لەبارەوە درست کرا، لە کاتی دروستکردنی فیلمەکەدا لە دەرهێنانی خەلیل ئویسال لە دەڤەری خواکورک تەرمێک دۆزرایەوە، دواتر زانرا کە ئەوە هەمان تەرمی شەهید بێریتان بووە.

گەریلایەک، کە بەدەستی خۆی شەهید بێریتانی ناشتبوو، ئاشکرای کرد، ئەوە گڵکۆی شەهید بێریتانە و ئەو تەرمانە، هەمان تەرمی شەهید بێریتان هەڤاڵانین، تەرمەکان لە گۆڕستانێک بە ناوی بێریتان خۆیەوە بەخاک سپێردران.

چالاکییەکەی شەهید بێریتان ئەنجامی زۆر گەورەی لێکەوتەوە، یەکێک لەو ئەنجامانە پێکهاتنی ڕێکخستنی گەریلای ژنان بەناوی یەژاستار بوو، بۆیە ڕێکخستنی ژنان لە ڕووی سەربازییەو لەسەر ڕێبازی بێریتان پێکهاتووە.

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لەبارەی شەهید بێرتانەوە دەڵێت: هێڵی شەهید بێریتان بۆ من زۆر گرنگە، لە بێریتانەو نامەیکمان بۆ هاتبوو، ئەو نامەیە بە زمانێکی قووڵی ڕۆشنبیرانە نووسرابوو، نووسیبووی، خۆی ڕادەست ناکات و تەسلیمی کۆنەپەرستی نابێت، ئەوە هێڵەکەیەتی، خۆی لەسەر تاشەبەردەوە هەڵدەداتە خوارەوە، ئەو ناوی خۆکوشتن نییە، ئەو بۆ ئێمە وەک ژان دارک وایە، ئێمە ئەوە بە بنەما دەگرین، ئەو حورمەتی ئێمە و بزوتنەوەکەمانە، من یەکێکم لە ئەندامانی ئەو هێڵە، ئێمە بەردەوامی دەدەین بەو هێڵە.

جگە لەو قسانەی ئۆلان لەبارەی بێریتانەوە، زۆر کەسی دیکەش رێباز و هێڵی بێریتانیان نرخاندووە، لەگەڵ ئەوەدا شعر و ڕۆمان و چیرۆک و گۆرانی لەبارەوە نووسراوە و وتراوە، خەلیل ئویسال لە ساڵی ٢٠٠٦دا فیلمێکی لەبارەی ژیان و تێکۆشانییەوە دەرهێنا، دەستنووس و یادداشتەکانیش لە کتێبێکدا بەناوی "ئازادیی، داستانی گوڵێکی نارنجی" چاپکراوە.

لە شەهیدبوونی بێریتانەوە بۆ ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستان ناوی بێریتان لە منداڵەکان دەنرێت، ئەو منداڵانە ئێستا گەورەبوون و بەردەوامی بە رێبازی بێریتان دەدەن، ئەمڕۆکە ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ژنانی گلانی عەرەب و سوریانی بێریتان وەک نموونەیەک دەبینن.

ش.ف