بەرخۆدانی لەیلا گەیشتە ١٧٠ ڕۆژ

لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ، ماوەی ١٧٠ ڕۆژە پێشەنگایەتی بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی تورک بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکات. 


لە ڕۆژی  ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا، دژی سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی تورک بۆ گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لەیلا گوڤەن لە زیندانی ئامەد مانگرتن لەخواردنی بێسنووری ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ١٧٠ ڕۆژە لەیلا گوڤەن پێشەنگایەتی بەرخۆدانێکی گەورە و مێژوویی دەکات. 

کاتێک ڕێگەیەکی دیکە نەبێت، مانگرتن لەخواردن دەبێتە ئامرازی بەرخۆدان لە بەرامبەر نابەرابەری و ستەم، هێزی مانگرتنیش دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەیی مانگرتوو بۆ فیداکردنی گیانی لە پێناو ئامانجەکەی.

لەو ماوەیەدا بە هەزاران کەس لە سەرتاسەری کوردستان و جیهان بەشداری مانگرتنەکان بوون، ئەم چالاکییە بووەتە بەرخۆدانێکی مێژوویی کە چۆک بە فاشیستەکان دادەنێت، هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەو ماوەیەدا بە پیلانەکانیان ویستیان بەرخۆدانی پێشەنگی چالاکییەکان بشکێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، لەوانە؛ ڕێکخستنی دیدارێکی چەند خولەکی محەمەد ئۆجالان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی، ئازادکردنی لەیلا گوڤەن لە زیندانی ئامەد و دواتریش ناردنی پزیشک بۆ چارەسەریی، بەڵام لەیلا گوڤەن کە بڕیاری خۆی دابوو و ئامانجەکەی دیاری بوو، بە پێداگریی لەسەر مانگرتنەکەی پیلانەکانی پۆچەڵ کردەوە. 

تا ئێستا بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن، ناسر یاگز ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان، ماوەی ١٥٧ ڕۆژە بێسنوور مانی لەخواردن گرتووە، ١٣٢ ڕۆژە مانگرتنی زیندانەکان دەستیپێکردووە، ١٣١ ڕۆژە سیاسەتمەداران و ئاکادمیسیەنەکان لە ستراسبورگی فەرەنسا و بە سەدان کەسی دیکەش لەچوارپارچەی کوردستان و سەرتاسەری جیهان بەشداری ئەو بەرخۆدانە بوون، کە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیری ڕەهای سەر عەبدوڵا ئۆجالانە. 

دۆخی مانگرتووان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت و ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە ئارادایە، چالاکوانان ڕایدەگەینن کە تا گەیشتن بە ئامانجەکەیان دەست لە چالاکییەکەیان هەڵناگرن. 


ک.ک