ڕۆژنیوز- سۆران
ژنانی سۆران و ڕواندز داوا دەکەن میدیا واز لەو ڕۆڵە خراپە بھێنێت، کە دەرحەق بە ڕوداوەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەیکات و چیتر ھانی تاکەکانی کۆمەڵگە نەدات بەرەو توندوتیژی بڕۆن، دەشڵێن، پێویستە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاودێری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن و ڕێگە نەدەن بەبێ خستنەڕووی چارەسەر باس لە ڕوداوەکانی توندوتیژی بکەن.
ئاوات فەھمی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز وتی: میدیاکاران پەروەردەی ئەو خێزان و قوتابخانانەن، کە ھێشتا داب و نەریتی کۆنی کوردەواری بەسەریاندا زاڵە و ژن وەک بونەوەرێکی جیاواز سەیردەکەن، بۆیە ھەرکاتێک ڕوداوێک بەرامبەر بە ژن ڕودەدات ئەوان ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی بنکۆڵکاری بۆ ڕوداوەکە بکەن و ھۆکار و چارەسەری بخەنەڕوو، ڕوماڵی دەکەن و نیشانی تاک بە تاکی کۆمەڵگای دەدەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر زھن و بیرکردنەوەی تاک جێدەھێڵێت.

وتیشی، زۆر جار میدیاکان ڕۆڵێکی خراپ دەبینێت و ھانی تاکەکانی کۆمەڵگە دەدات بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو ڕوداوە توندوتیژیانەی، کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، ڕەخنە لە بەرنامەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەگرێت، کە بەشێک لە بەرنامەکانیان بەبێ پسپۆری دەرونی و کۆمەڵایەتی لەسەر ڕوداوەکانی توندوتیژی ئەنجام دەدەن، دەشڵێت، زۆرجار لە بەرنامەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تەنیا تۆمەتباری ڕوداوەکان نیشان دەدرێت و کەسێک نیە ھۆکار و چارەسەری ڕوداوەکان شی بکاتەوە، ئەمەش ھاندەرە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەتەنیا تۆمەتبار ببینن و بیر لە لایەنی دیکەی ئەنجام نەدانی تاوانی وەھا نەکەنەوە.
ئاوات، ئاماژە بەوەدەدات کەوا بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ھەست بە بەرپرسیارەتی ناکەن و ھەموو شتێک وەک خۆی بڵاودەکەنەوە، بەتایبەت ڕەخنە لە سۆشیال میدیا دەگرێت و دەڵێت، ئەو بابەتانەی لە ڕاگەیاندن لەسەر پرسەکانی ژنان باس دەکرێت و بەبێ سانسۆر ڕوماڵی توندوتیژیەکان دەکەن، ھی ئەوەنین ھەموو کەسێک بیانبینێ، ھەندێ زانیاری باس دەکرێن، کە نابێت ھەموو کەسێک بیزانێ، بەڵام ڕاگەیاندن بەبێ سانسۆر باسی دەکات، ئەمەش دەبێتە ھاندان بۆ کەسانێکی تر تاکوو ھەمان ڕووداو بەرامبەر بە ژنێکی تر دووبارە بکەنەوە.
ژنان داوا لە حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەن چاودێری و سانسۆر بخەنە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێگە نەدەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوماڵی ھەموو بابەتێک بکەن، کە ببێتە ھۆکارێک بۆ زیادبوونی توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان.
کوردستان ئەسعەد، چالاکوانێکی ژنە و دەڵێت، ڕوماڵی ھەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەتایبەت سۆشیال میدیا ھۆکار و ھاندەرن بۆ زیادبوونی ڕیژەی توندوتیژیەکان بەرامبەر بەژنان، دەشڵێت، ئەگەر بەدوای خێزنێکی بەختەوەر و کۆمەڵگەیەکی دوور لە کێشەدا دەگەڕێین، پێویستە حکومەت و چالاکوانانان و میدیاکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و ھاندەرنەبین بۆ زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.

لەماوەی ڕابردوودا چەند ڕوداوێکی توندوتیژی لەھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدرا و میدیاکان بەشێوەیەکی چڕ و بەبێ بوونی زانیاری دروست بڵاویانکردەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناو ڕەخنە ئاڕاستەی میدیاکان کرا کە نابێت بەو شێوەیە ڕەواج بدەن بەو شێوازە لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.
ش. ئـ