"بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردەوە ژنێک گیانی لەدەستدا"

وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى سۆران ڕایگەیاند، له‌ سنورى شارۆچکه‌ى ڕواندوز، بەرد لەسەر شاخێک بەربوەتەوە و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستداوە و په‌ڕاوى لێکۆڵینه‌وه‌ش بۆ ڕووداوه‌که‌ کراوه‌ته‌وه‌.


دوێنێ ئێوارە له‌سه‌ر ڕێگاى هامڵتۆن له‌ گوندى ڕێزانۆک-ى سه‌ر به‌ شاره‌دێى وه‌رتێ له‌ سنورى شارۆچکه‌ى ڕواندوز‌ ژنێک گیانى له‌ده‌ستدا.

سه‌عدون هاودیانى، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى سۆران بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دوێنێ ئێوارە کاتژمێر ٦:٠٠ ئاگادارکراینه‌وه‌ به‌ بوونى ڕووداوێکى کەوتنەخوارەوەی به‌رد له‌ شاخ و به‌رکه‌وتنى به‌ ئۆتۆمبێلێکى هاوڵاتیه‌کدا، که‌ له‌ ڕێگاى هامڵتۆن ده‌رۆیشت و به‌و هۆیه‌وه‌ ژنێک گیانى له‌ده‌ستداوە، که‌ سه‌رنشینى ئۆتۆمبێله‌که ‌بوو.

ڕاشیگەیاند: به‌رده‌که‌ به‌ر سه‌یاره‌ی هاوڵاتییەک بە ناوی (ح. ئ) له‌ دایکبووی ١٩٧١ که‌وتووه‌، له‌ ئه‌نجامدا ژنێک که‌ سه‌رنشینی ئۆتۆمبێلەکە بووه‌ و هاوسه‌رى شۆفێره‌که ‌بووە، بە ناوی (ش. ق) له‌ دایکبووی ١٩٧٥ گیانی له‌ ده‌ستداوه‌.
  
وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى سۆران ئەوەشی وت: له‌ ئێستاشدا په‌ڕاوى لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌که‌ کراوه‌ته‌وه ‌و ڕێکاری یاسایی گیراونه‌ته‌به‌ر.


ک.ک