بە هونەرەکەی مێژووی زەردەشتییەکان دەژێنێتەوە

ژنە هونەرمەندێکی شاری سلێمانی بە هونەری سیرامیک بووەتە پارێزەری میژووی سەردەمی زەردەشتیەکان و هانی هاوڵاتیان دەدات کە مێژوو و ناسنامەی ئاینی زەردەشتیەکان بپارێزن.


 مهابات جەمال، ئەو هونەرمەندەیە، کە بە کارە هونەرییەکانی هەوڵدەدات کەلوپەلی مێژوویی زەردەشتییەکان دروستبکاتەوە و دووبارە بە هاوڵاتانی بناسێنێتەوە.

مهابات، لە ساڵی ١٩٧٣ لە گەرەکی سەرشاقامی شاری سلێمانی لە دایک بووە، دایکی کوڕێکە و لە خۆشەویستی بۆ زەردەشتیەکان کوڕەکەی ناوناوە ئاهورا، کە گەورەترین خودای زەردەشتییەکانە.

ئەم هونەرمەندە هیچ بەش و کۆلێژێکی هونەریی نەخوێندووە، بەڵکو ساڵی ١٩٩٧ بەشی کارگێڕی لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی تەواو کردووە، لە ئێستاشدا فەرمانبەرە لە  بەڕێوبەرایەتی هونەری شێوەکاریی لە سلێمانی.

 

دوای تەواوکردنی خوێندن هەوڵی داوە فێری هونەری سیرامیک ببێت، سەرەتا بە دروستکردنی گۆزە و گیزە دەستی پێ کردووە، دواتر هەوڵی داوە کاری هونەرمەندانی دیکە دروست بکاتەوە.

مهابات بەهۆی خواستی زۆری بۆ فێربوونی هونەری سیرامیک، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ فێربوونی ئەو هونەرە، بۆیە لەگەڵ مامۆستا قادر میرخان، کە شارەزا بووە لە هونەری سیرامیک، دەست بە کارکردن دەکات بۆ ئەوەی بە شیوازێکی ئەکادیمی فێری هونەری سیرامی بێت، ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ قادر میرخان بەردەوام دەبێت لە کارکردن، دواتر لەگەڵ پڕۆژەی پەیکەرو سیرامیکی سلێمانی، لەگەڵ چەند مامۆستایەکی شارەزا لە بوارەکەدا بەردەوامی بە کارەکانی دەدات.

ئەم هونەرمەندە بەردەوام هەوڵی داوە کە کارێکی جیاواز بکات، بۆیە هەمیشە خواستوویەتی بە شێوازی نوێ و ستایلی نوێ کاربکات، لە نوێترین شێوازی کارکردنیشیدا دەیەوێت، بە هونەرەکەی مێژووی زەردەشتییەکان ببوژێنێتەوە، لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی ئەو کەلوپەل و ڕەمزانەیە، کە لە ئاینی زەردەشتیەکاندا هەیە،

مهابات، شوینێکی تایبەت بە خۆی هەیە بە ناوی پێشانگای ئاهورا لە شاری سلێمانی، کە هەم کاری تێدا دەکات و هەم کارەکانیشی تێدا دەفرۆشێت، بۆ ئەوەی کارەکانی جیاواز دەربکەون گڵی سور بەکار دەهێنێت بۆ دروستکردنی کەلوپەلی مێژوویی ئاینی زەردەشتی، ئەو گڵەش لە شارۆچکەکانی دەوروبەری شاری کەرکوکەوە دەهێنێت بۆ شاری سلێمانی.

مهابات، بۆ دروستکردنی هەر کارێک ڕۆژێک یان زیاتری پێدەچێت، هەندێک کاریشی هەیە کە چەند ساڵێک پێوەی سەرقاڵ بووە، بۆنمونە یەکێک لە کارەکانی کە دروستکردنەوەی شوێنی ئاگرکردنەوەیەکە لە ناو ئاتەشگای زەردەشتیەکان، ماوەی ٩ ساڵ پێوەی سەرقاڵ بووە هەتا تەواوی کردووە.

ئەم ژنە هونەرمەندە جیاواز لە مێژووی زەردەشتیەکان، گرنگی بە دروستکردنەوەی خەنجەر دەدات، چونکە پێی وایە گەلی کورد، گەلێکە، کە هەمیشە هێرشکراوتە سەری ئەو تەنها بەرگریی لە خۆی کردووە، بۆیە ئەو خەنجەرانەی کە دروستی دەکات خەنجەری کورت و قەبارە بچوکن، چونکە ڕای وایە خەنجەری درێژ نیشانەی هێرشبردنە، بەڵام خەنجەری کورت نشانەی بەرگرییە.

مهابات، بیرەوەریی فرۆشتنی یەکەم کاری دەگێڕێتەوە و دەڵێت، '  بۆیەکەم جار لە گەلەری زاموا لە شاری سلێمانی یەکەم کاریی فرۆشتووە'، بەڵام لە ئێستادا پێشانگایەکی بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیی کردووەتەوە و هاوڵاتیان و بەشیکی زۆر لە کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی کارە هونەرییەکانی دەکڕن.

ئەم هونەرمەندە ئەزمونی ٢٠ ساڵی کارکردنی خۆی لە فرۆشتگاکەیدا کۆکردۆتەوە و دەیانفرۆشێت، هەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی دابینبکات هەمیش بۆ ئەوەی بە کارەکانی خزمەت بە بووژاندنەوەی کەلەپوری کورد و مێژووی زەردەشتییەکان بکات و کارەکانی لەنێو ماڵەکاندا نمایش بکرێن و ببنە بەشێک لە ژیانی هاوڵاتیان.

د.ع