"بە کاری پێکەوەیی دەتوانین لە بەرژەوەندیی ژنان کار بکەین"

ژنانی سەرکەوتووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێم کوردستان ڕخنە لە کارەکانی پەرلەمانتارانی پێشوو دەگرن و دەڵێن: بەبێ گوێدانە ئەوەی لە سەر چ لیستێکین بە کۆمەڵ کار بۆ ژنان و بەرژەوەندییەکانیان بکەین.


ڕۆژان جەمال،کاندیدی سەرکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  و شادی نەوزاد، کاندیدی سەرکەوتووی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دەربارەی کار و پڕۆژەیان بۆ ژنان لە چوار ساڵی داهاتووی پەرلەمان، بۆ ڕۆژنیوز دوان.

ڕۆژان محەمەد وتی: کاری من بۆ ژنان لە ڕێگای یاساکانەوەیە و ئێستا یاسایەک هەیە یاسای ڕێگرتن لە توندوتیژیی خێزانی، کە ئەم یاسایە لە هەندێ دەقدا پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و دەبێت کاربکەین بۆ دانانی ئەو خاڵانەی کە تێیدا نییە، هەروەها پێویستە خەڵک لە ڕێگای ڕاگەیاندن، ڕێکخراوەکانەوە ئاشنا بکرێت بە یاساکە تا خێزانەکان زیاترین ئاسودەییان هەبێت.

ڕۆژان، زیاتر لەسەر دەرکردنی یاسا بۆ داکۆکییکردن لە ژنان و مافەکانی مرۆڤ دوا و وتی: یاسا پێویستە بۆ ڕێگرتن لە بە قوربانییبوونی ژنان، بۆ نمونە ڕێگرتن لە بازرگانییکردن بە مرۆڤ بە تایبەتی ژنان، کە ئەو یاسایە لە عێراق هەیە، بەڵام لە هەرێم نییە، بۆیە دەبێت وەک ژنان دەسپێشخەر بین بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە

بەپێویستیشی زانی، کە پێکەوە کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی لیژنەی ژنان، کە لە خولی چوارەمدا بڕیاری هەڵوەشانەوەی درا.

ڕۆژان محەمەد، پێیوایە، کە هەموو ئەوانە، بە هەوڵدانی هەموو ژنانی ناو پەرلەمان و بە کاری پێکەوەیی دەکرێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ لیستێکن، وتیشی: ئێمە پێش هەموو شتێک ژنین و ژنانی هەرێمی کوردستانیش ئومێدیان بە ئێمەیە و دەبێت چی لە بەرژەوەندی ژناندا بێت بیکەین.

هەروەها، شادی نەوزاد، ڕەخنەی لە پەرلەمانتارانی پێشوو گرت و پێیوایە، کە سست بوون لە کارکردن لە بەرژەوەندیی ژنان و کاراین نەکردووە بۆ ڕادەستکردنی بکوژان بە دادگا، ئەمەش هۆکاری تەشەنەسەندنی زیاتری توندوتیژییەکان بوووە.

شادی نەوزاد، بە پێویستیشی زانی، کە کار لەسەر ئازادیی ڕەگەزیی بکرێت، ئەویش لەڕێگەی پەروەردەکردنی تاکەوە.

ش.ف