تاران، تەرمی ژنەکوردە ڕفێندراوەکە دۆزرایەوە

تەرمی مەریەم فەرەجی، ژنەخوێندکاری کوردی دانیشتووی تاران کە لە نۆ ڕۆژ پێش ئێستا بێ سەروشوێن کرابوو، بە سوتاویی دۆزریەوە.


بەگوێرەی هەواڵێکی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی ومەدەنی، ئێوارەی دوێنێ پۆلیسی تاران تەرمی مەریەم فەرەجیی بە سووتاویی دۆزیوەتەوە و پاش وەرگرتنی تێستی دی ئێن ئەی لە باوکی ناسنامەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

فەرەجی لە چوارچێوەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ لە تاران دەستگیرکرابوو.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بە سێ ساڵ زیندان و دوو ساڵ قەدەغەی چوونە دەرەوە لە وڵات سزادرا و پاشان بە مەرجی بارمتە تا کاتی جێبەجێکردنی سزاکەی ئازادکرا.

محەمەد حسێن ئاغاسی، پارێزەری مەریەم فەرەجی ڕۆژی ١٢/تەموز لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، کە ماوەی هەفتەیەکە بریگرتەکەی لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، وتبووشی ئەگەری هەیە کوشتبێتیان.

مەریەم فەرەجی، ژنە خوێندکارێکی کوردی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی سەر بە کرماشان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە دانیشتووی تاران بووە و لە کۆمپانیایەکی پایتەختدا سەرقاڵی کارکردن بووە.

 

ش.ف