توندوتیژیی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ زیادبووندایه‌

لە هەرێمی کوردستان لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی هەشت هەزار حاڵەتی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان تۆمارکراوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش ئامارەکە لە هەڵکشاندایە.


به‌پێی ئامارێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ هه‌رێمی کوردستان، له‌ ماوه‌ی نۆ مانگی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا له‌ هه‌رێمی کوردستان حەوت هەزار و ٥٧٣ حاڵه‌تی توندتیژیی لە جۆرەکانی کوشتن و خۆکوشتن، سووتان و خۆسووتاندن، توندوتیژیی جنسیی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان تۆمارکراوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان.

بەپێی ئامارەکە، له‌ماوه‌ی ئه‌و نۆ مانگه‌دا، ٣٧ ژن کوژراون و ٥٤ ژن-یش خۆیان کوشتووە.

هەروەها،  ١١٣ ژن سوتاون و ٩٠ ژنی دیکە خۆیان سوتاندووە، بەڵام ئامارەکە ڕوونینەکردووەتەوە، کە چەند لەو ژنانە گیانیان لەدەستداوە و چەندیان لە ژیاندا ماون.

هەر بەپێی ئامارەکە، ٨٧ حاڵەتی توندوتیژیی جنسیی هەبووە و ژنان حەوت هەزار و ١٩٢ سکاڵایان تۆمارکردووە، بەو پێیەش کۆی گشتیی توندوتیژییەکان لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا دەکاتە، حەوت هەزار و ٥٧٣ حاڵەت.

هەر بەپێی ئاماری به‌پێی ئ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ هه‌رێمی کوردستان، له‌ هه‌شت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا شەش هەزار و ٦٦٢ ‌حاڵه‌تی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان تۆمارکراوه‌، کە ئەگەر بەراوردی بکەین بە ئاماری ئەمساڵ، ئەگەرچی مانگێکی ساڵی ڕابردوو کەمترە، بەڵام حاڵەتەکانی توندوتیژیی لە ئەمساڵدا زۆر زیاترە.

 

ش.ف