توندوتیژیی ژیانی ژنێکی دیکە سەندەوە

لە شارۆچکەی کەلار ژنێک بە پەت خنکا و بەڕێوبەری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی گەرمیان-یش دەڵێت: کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبووە و خۆی خۆی خنکاندووە.


ئێواره‌ی دوێنێ، له‌ گەڕەکی بنگرد-ی شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ژنێک بەناوی (هـ.م.و) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٩ بە پەت خنکا و کۆتایی بە ژیانی هات.

لەمیعە محەمەد، بەڕێوبەری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بە ڕۆژنیوزی وت:"ئەو ژنە لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی هەبووە و ماوەی مانگێکە چووەتەوە ماڵی باوکی و دوێنێ بە پەت خۆی خنکاندووە".

وتیشی: له ‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

لەمیعمە محەمەد، ڕاشیگەیاند، کە دادوه‌ری دادگایی به‌رای كه‌لار، بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ هاوسه‌ری ژنه‌كه‌ ده‌ركردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٨ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ش.ف