تۆماركردنی سكاڵای خێزانی لە هەولێر زیادیكردووە

ئامارەكانی شەش مانگی ڕابردووی توندوتیژی خێزانی لە سنوری پارێزگای هەولێر بڵاوكرایەوە و بەپێی ئامارەکەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تۆماركردنی سكاڵای خێزانی لەو پارێزگایە زیادیكردووە.


ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان، ئامارەكانی شەش مانگی ڕابردووی توندوتیژی خێزانی لە سنوری پارێزگای هەولێر، بڵاوكردەوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا نەقیبی ماف پەروەر ڕێباز زیوەر مستەفا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان لە هەولێر، وتی: لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە هەولێر ٣٠ حاڵەتی سوتانی ژنان هەبووە، هەروەها ٢٠ حاڵەتی خۆسوتاندن، ٦ حاڵەتی كوشتنی ژنان، ١٠ حاڵەتی خۆكوشتن و ١٤ حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی بۆسەر ژنان تۆماركراو، هەروەها  لەو ماوەیەدا ١٨٤٦ سكاڵا تۆماركراوە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی سکاڵاکان زیادییان کردووە.

لەبارەی ئەو ژنانەش کە هەڕەشەیان لەسەر بووە و کێشەکانیان ڕووبەڕووی شەڵتەرەكانی ژنان کراوەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە شەش مانگی ڕابردوودا ١٦٨ ئافرەت چوونەتە شەڵتەرەکان و ١٣٧ حاڵەتیان کێشەکانیان چارەسەركراون و ٣١ حاڵەتیشیان لە شوێنی مانەوەدا ماون.

لەبارەی هێڵە گەرمەكانی خزمەتكردن بە خێزان ژمارە (١١٩) وتی: لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوەوە هێڵەکە دەستبەكاربووە و لەماوەی هەشت مانگدا ٣١٤٩ كەس پەیوەندییان بەو هێڵەوە كردووە کە هەڕەشەیان لێکراوە و داوای بەهاناوە چونیان کردووە.

ک.س