تێکەڵبوونی کۆمەڵگەی کوردیی بەشێویەکی کتوپڕ بە جیهانی تەکنەلۆژیا و تۆڕە بەناو کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی هەرتاکێک و ژنان بەتایبەتی دروستکردووە، بەشێوەیەک پیاوان وەک چەکێک دژ بە ژنان بەکاری دەهێنن تا ڕادەی کوشتن و هاندانیان بۆ خۆکوشتن.
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.. ئامرازێکی دیکە بۆ ژن کوشتن
لە باشووری کوردستان پەرەسەندنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کۆمەڵگە دروست کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناهۆشیارانە و بەبێ شارەزاییەکی ئەوتۆ بەکاردێت، زۆرترین ئەو کەسانەشی دەبنە قوربانیی ئەو ناهۆشیارییە، ژنان و نەوجەوانن.
لە ماوەی دەیەی ڕابردوو، تەکنەلۆژیای زانیاریی و پەیوەندیی نوێ کاریگەری بەهێزی هەبووە لەسەر ژیانی تاکەکان لە دروستکردنی پەیوەندیی و کارلێککردنی نێوان خەڵک، میدیای ئینتەرنێتی، کە گشت جۆرەکانی بڵاوکراوە و کارلێکەکانی سەر ئینتەرنێت لە خۆدەگرێت، کاریگەری چەندهێندەیان هەیە لەسەر ژنان.
سەرباری گرنگیی و سودەکانی ئەم جۆرە نوێیەی پەیوەندی و کارلێککردن، ژنانی ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ کردووەتەوە، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەشێکی دروستکردووە بۆ دەرکەوتنی شێوازی نوێی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان، کە دووبارە لەسەر بنەمای زهنیەتی پیاوسالاریی و شەرەف سەرچاوەیان گرتووە.
کێشەکە بە هەڕەشەکردن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و دەنگ و ڤیدیۆی ژنان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستپێدەکات، جا ئیتر ئەو داتایانە بە چ ڕێگەیەک بەدەست هاتبێتن وەک هاککردنی هەژمارە تایبەتیەکانیان لە تۆڕی فەیسبووک و ئیمەیلەکانیان، دروستکراوبن یاخود کەسە توانیویەتی ژنێک فریوبدات و داتاکانی لەوڕێگەیەوە دەستکەوتبێت، بەهۆی ترسی ژنان لە کۆمەڵگە و چواردەورەکانیان، ئەو هەڕەشانە دەیانخاتە ژێر فشارێکی قورسی دەروونیی.
کاتێک بابەتەکە پەیوەست دەکەن بە شەرەفەوە ئەوا بۆ کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار گرنگ نییە ئەو بڵاوکراوانە ڕاستن یاخود نا، کەسانی هەڕەشەکار لەم ڕێگەیەوە زۆر بەئاسانیی مەرامەکانیان بۆ دەچێتە سەر، ژیانی ژنەکانیش دەکەوێتە مەترسییەوە و زۆربەی جار بە خۆکوشتن یاخود کوشتن بەناوی شەرەف کۆتایی دێت.
زۆرکات لایەنە پەیوەندیدارەکان ناتوانن بەتەواوی هۆکاری خۆکوژییەکان بگەڕێننەوە بۆ ئەو جۆرە لەبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، تۆمارکردنی بەڵگەی لەم جۆرە چەوساندنەوەیە و جوڵاندنی پۆلیس و دادوەر بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی، کە دووچاری چەوساندنەوەی ئینتەرنێتی بوون، ئاسان نییە.
لەم بارەیەوە پارێزەر چرۆ حسێن، بە ڕۆژنیوزی وت: لە کەیسی خۆکوشتنی ژناندا بەدەگمەن باس لەوە دەکرێت قوربانییەکە بەهۆی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە کەوتووەتە ژێر فشار و زەبری دەروونیی، ڕێگەچارەی دیکەی بەدینەکردووە و پەنای بۆ خۆکوشتن بردووە.
چرۆ حسێن ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتی ڕووداوێکی لەو جۆرەدا سەرچاوەی کێشەکان ئاماژەی پێناکرێت، تەنها باس لە دەرئەنجامەکان دەکرێت، کاتێک کەسێک خۆی دەکوژێت دەوترێت بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیی ئاخود بارودۆخی گوزەرانی بووە و ناڵین سەرچاوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکە چ بووە.
سەربارەت بەوەی بۆچی پیاوان زیاتر لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەو فشارەکان بۆ سەر ژنان دروستدەکەن، چرۆ حسێن وتی: بەپێی بیروبۆچوونی ئەوان ئەگەر لەو ڕێگایەوە بێت، وەکو تاوانبارێک دەرناکەون و ناتوانن ناسنامەکەی ئاشکرابێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە چونکە لە ئەمڕۆدا یاسایەکی تایبەت هەیە بۆ خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی، کە دەتوانرێت لە ڕێگای لایەنی پەیوەندیدارەوە بتوانرێت بگەنە ئەو کەسەی کە ئەم کارانە ئەنجامدەدات.
ساڵی ٢٠٠٨، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە شەشی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی پەسەندکرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناوزڕاندن و خراپ بەکارهێنانی ئامرازە نوێکانی پەیوەندییکردن، ئامانج لە یاساکە قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردنە، بەتایبەتی ئەگەر ببێتە هۆی لەکەدارکردن و پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی کەسەکان و دروستکردنی مەترسیی بۆسەریان.
ئەم یاسایەش وەک زۆربەی یاساکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، سێبەری بەرژەوەندیی حزبی بەسەریەوەیەتی، لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندیی هاوڵاتیاندا کاری پێبکرێت، خراوەتە خزمەت ویستەکانی دەسەڵات و بەرامبەر کەسانی ماف پارێز، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەکاردەهێندرێت.
ئەو پارێزە باسی لەوەشکرد، کە دەبێت لەگەڵ سەردەمدا یاساکان بگونجێنین تا بەڕاستی لەخزمەت هاوڵاتیاندابێت، چونکە یاسا لەپێناو ڕێگریی لە تاوان و گەڕاندنەوەی مافە بۆ قوربانی.
هەروەها وتیشی: ڕاستە لێرە دادگا و پارێزەر و یاسامان هەیە، بەڵام بەداخەوە یاسا سەروەرنییە.
چرۆ حسێن چارەسەری ئەم گرفتەی کۆمەڵگەی بەستەوە بە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەشێوەیەک ئەو هۆشیارییە لەناو خێزان و ناوەندەکانی فێرکردنەوە سەرچاوەبگرێت، باسی لەوەشکرد پێویستە متمانە لەنێوان ئەندامانی خێزانەکاندا پتەوبێت، تاکو لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراوی لەم شێوەیەدا بەگفتوگۆ و لێكتێگەیشتن ڕێچارەسەری بۆ بدۆزنەوە و بەکارەساتی دڵتەزێن کۆتایی نەیەت.
ش.ف