تییپەکانی تۆپی پێی ژنان لە باشور ڕوو لە گەشەکردنە

تییپەکانی تۆپی پێی ژنان لە هەرێم ڕوو لە گەشەکردنە، یانەی سیروانی نوێ-ش ماوەی چەند مانگێکە تیپی تۆپی پێی ژنانی بۆ یانەکەی زیادکردووە، ژنان ئیدی مۆرکی پیاوان لە یاری تۆپی پێ دەسڕنەوە، گەشبینیشن، کە لە ئایندەدا بتوانن لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراقدا یاریی بکەن.


یانەی سیروانی نوێ یانەیەکی وەرزشی شاری سلێمانییە، ئەگەرچی چەند ساڵێکە تیپی باسکە و بالەی ژنانی هەیە، بەڵام تیپی تۆپی پێی ژنانی نەبووە و بۆ ئەمساڵ تیپێکی دروستکردووە و لە خولە نایابەکانی فوتساڵی کوردستان بەشدارە و ١٨ یاریزانی ژنی گەنجی هەیە، لەم بەدواداچونەدا ڕۆژنیوز زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو تییپە دەخاتەڕوو.

تیپی تۆپی پێی یانەی سیروانی نوێ، لە ١٨ یاریزانی ژنی گەنج پێکهاتووە، کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٦ ساڵدایە و بەشێكیان خوێندکاری بەشی وەرزشن، بەشکێشیان خوێندنیان تەواوکردووە و ئێستا لەیانەکەدا وەک یاریزانی تۆپی پێ بەشداری خولەکانی ئەمساڵی تۆپی پێی یانە نایابەکانی فوتساڵی کوردستانن، کەخولەکە بەسەر ٢ کۆمەڵەدا دابەشبوون لە کۆمەڵەی یەکەمدا توانیویانە لە ٧ یارییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن و ببنە براوەی یارییەکان.

ژنان ئیدی جیاوازییە ڕەگەزییەکان قبوڵ ناکەن و ڕێگا نادەن لە یاریی تۆپی پێ دووربخرێنەوە، جەختیش دەکەنەوە، کە وەک چۆن لە یارییەکانی دیکەدا ئاستی زۆر باشیان بڕیوە، لە تۆپی پێشدا ەب هەمان شێوە سەرکەوتوو دەبن.

لەکاتیبەدوادا چوونەکانماندا، "تۆپی پێی کچانی یانەی سیروانی نوێ و تۆپی پێی کچانی یانەی ئافرۆدەیت"، لەیاری ڕۆیشتنی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕێنی خولی فوتساڵی کچانی یانەکانی کوردستاندا، لەهۆڵی ساڵح عەلی لە شاری سلێمانی یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامدا و تۆپی پێی کچانی یانەی سیروانی نوێ توانیان بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکە ببەنەوە، لە پێشتریشدا لە کۆمەڵەی یەکەمی خولەکە لە ٧ یارییدا بەرامبەریانەکانی تری کوردستان سەرجەم یارییەکانیان بردوەتەوە، وا بڕیاریشە ڕۆژی هەینی داهاتوو یاری گەڕانەوە بکەن و دوای ئەم یارییەش یانەی سەرکەوتوو بۆ یاریی کۆتایی دەردەکەوێت.

یاریزانانی یانەکە جەختدەکەنەوە ژنان لە تۆپی پێدا توانای باشیان هەیە، لەوبارەیەوە بێریڤان جەلال، یەکێک لە یاریزانەکانی یانەکە وتی:"هیچ جیاوازییەک نابینم لەنێوان خۆم و پیاواندا هەربۆیە بەردەوامم لەیارییکردن و توانایەکی زۆرم هەیە".

ئەو یاریزانە، ئاماژەی بە کێشەی یاریزانەکان لەگەڵ ناوبژیوانانی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەکرد و وتی: ناوبژیوانەکان زۆر جار هەڵە دەکەن، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ بڵێین کاتێک قسە بکەین کارتی زەردمان پێدەدات، داوا دەکەین خول بکەنەوە بۆ ناوبژیوانەکان تازیاتر بەرەوپێش بڕۆن.

بێریڤان لە ناو یاریزانانییانەکان لە سلێمانی بەیاریزانە"جۆکەرەکە" ناسراوە، چونکە لەمنداڵییەوە چەندین یاریی تاقیکردوەتەوە وەک تۆپی بالە، باسکە و دەست، هەروەها لە ١٢ ساڵییەوەت ائێستا،یاریی تۆپی پێ دەکات و٣ جاریش لەسەر ئاستی ژنان بە باشترین بەرگریکار لە تۆپی پێدا لە کوردستان دەستیشان کراوە، لە ئێستاشدایاریزانی تۆپی پێی سیروانی نوێیە و لەڕیزی بەرگریی یانەکەی یاریی دەکات.

لەبارەی تواناکانی ژنان و یاریزانەکانی عەباس فەرەج، ڕاهێنەری تۆپی پێی ژنان لەیانەی سیروانی نوێ، وتی: زۆر دڵخۆشم ماوەی ١٠ ساڵە لەگەڵ ژناندا لەیاریی تۆپی پێدا لە چەند شوێنێکی جیاواز ڕاهێنەریی دەکەم لەو باوەڕەدام سەرکەوتن و ناوبانگی من بەهۆی یاریزانەکانمەوە بووە، چونکە ئەوان توانایەکی زۆریان هەیە و جیاوازیان نییە لەگەڵ پیاواندا.

ڕوونیشیکردەوە، لە پێشتردایاری تۆپی پێ بەیارییەکی کوڕانە ناسرابوو، بەڵام ئێستا ژنانیش لەهەوڵییاریکردندان، بەشێک لە دایک و باوکەکانیش هانی کچەکانیان دەدەن بێ نیاریی بکەن و ڕێگرییان لێ ناکەن.

تییپەکانی تۆپی پێی ژنان لە هەرێم ڕوو لە گەشەکردنن، لە ئێستاشدا بەشێک لە یانەکانی هەرێمی کوردستان لە تییپەکانی تۆپی پێدا یاریزانانی ژنیان هەیە، یاریزانانی ژنی تیپی تۆپی پێی یانەی سیروانی نوێ-ش گەشبین و لە هەوڵداندان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراقدا یاریی بکەن و خۆیان ببینەوە.

بۆ زانینی بەشداری ژنان لە یاریی تۆپی پێ و ژمارەی تیپەکانی تۆپی پێی ژنان و مێژووەکەی، پەیوەندییمان بە هەریەک لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوان و بەرپرسانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە کرد، بەڵام ڕایانگەیاند کە زانیارییان لەو بارەیەوە لە لانییە.

ک.س