"تێزەکانی ئۆجالان کۆتایی بە ڕەگەزگەرایی دەهێنێت"

ژنانی گەرمیان ئاماژە بە تێکۆشانی ئۆجالان دەکەن بۆ ئازادیی مرۆڤایەتیی و بۆ کۆتاییهێنان بە ڕەگەزگەرایی و دەسەڵاتداریی پیاو ، داوا دەکەن تێزەکانی ئۆجالان بە بنەما بگیردرێت.


ژنانی گەرمیان لە لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز، تیشک دەخەنە سەر گرنگیی بەبنەما گرتنی تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان.

نیگار عومەر، ئەندامی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، کە بە سود وەرگرتن لە فکری ئۆجالان لە ڕێکخراوەکەدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی پەیڕەو دەکرێت، ئاماژە بە تێکۆشانی ئۆجالان دەکات لەپێناو ئازادیی مرۆڤایەتیی و بەتایبەت ژنان و وتی:

لەو چوارچێوەیەدا خاوەنی چەندەها تیۆرییە و تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی ژنان لە کۆیلایەتیی و ژێردەستی ڕزگاریان ببێت.

نیگار عومەر، بە پێویستیشیدەزانێت، تێزەکانی ئۆجالان بە بنەما بگیردرێن و کاریان پێبکرێت، چونکە "بە پشتبەستن بە تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی بە ڕەگەزگەرایی و دەسەڵاتداریی پیاو دێت".

ژیان مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، باس لەوە دەکات، کە "هەموو کێشە قوڵەکانی ژنان بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕیشەکێش دەکرێت و چارەسەردەکرێن، هەروەها ژنی ئازاد بەرهەمدەهێنێت"، بۆیە

داوا لە ژنان دەکات، کە فکر و فەلسەفەی ئۆجالان بکەن بە بنەما.

هەروەها، شەیما عەدنان، ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئۆجالان چ بە تیۆریی و چ بە کرداریی چارەسەری بۆ کێشەکانی ژنان داناوە و ئازادیی ژنی کردووەتە بنەما بۆ ئازادیی کۆمەڵگا، بە گرنگیشی دەزانێت، کە تێکۆشان بۆ هەرڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان فراوان بکرێت.

ش.ف