تەرمی سێ خوشکی پەرستار لە ماڵەکەی خۆیان لە مەکسیک دۆزرانەوە

بەرپرسانی مەکسیک بڵاویانکردەوە، تەرمی سێ خوشکی پەرستاریان لەماڵەکەی خۆیاندا دۆزیوەتەوە کە ئاسەواری خنکانیان پێوە دیار بووە.


لەگەڵ بڵاوبونەوەی توندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مەکسیک، شەوی ڕابردوو هەواڵێکی دڵتەزێن لەو وڵاتە بڵاوبوویەوە کە ئەویش دۆزینەوەی تەرمی سێ خوشکی پەرستار بوو لە شوقەکەی خۆیاندا لە ویلایەتی کواوەیلای باکوری مەکسیک.

بە گوێرە هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەوە یەکەمجار نییە هێرش دەکرێتەسەر پەرستار و پزیشکانی مەکسیک، لەگەڵ توندکردنەوەی ڕێوشوێنە تەندروستیەکانیش دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەت لەم چەند مانگەی کۆتاییدا، پەلامار و دەستدرێژییەکان بۆسەر کارمەند و پەرستارانی کەرتی تەندروستیش زیادیان کردووە.

بە وتەی خافێر جیریرۆ گەورە بەرپرسی دەزگای خزمەتگوزاری گشتی لە ویلایەتی کواوەیلا، ڕووداوەکە ئەنقەست بووە، بەلایەنی کەمەوە دوو تا سێ کەس ئەنجامیانداوە، بەڵام تا ئێستا کەسیان دەستگیر نەکراوە، هەروەها ناشزانن لەسەر چی و بە چ هۆکارێک ئەو پەرستارانە خنکێنراون.

مەکسیک کە خاوەنی دووەم گەورە ئابووری ئەمریکای لاتینە، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و تا بەیانی ئەمڕۆش ژمارەی گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە گەیشتووەتە سێ هەزار و ١٦٠ کەس، ٣١ هەزار و ٥٢٢ کەسیش دووچاری ڤایرۆسەکە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی کە لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، ڕێژەی تاوان لە مەکسیک ئاستی پێوانەیی شکاندووە، بەجۆرێک ڕۆژانە ٩٥ حاڵەتی کوشتن لە ڕۆژێکدا تۆمار دەکرێت، واتە لە ١٥ خولەک جارێکدا کەسێک لەو وڵاتە دەکوژرێت، تا ئێستاش نزیکەی ٦٢ هەزار کەس بەهۆی شەڕی ماددەی هۆشبەر و توندوتیژی نێوان گرووپە مافیاکان و دەزگا ئەمنیەکان بێسەرو شوێن بوون.

بەپێی ئامارێکی فەرمی کە ساڵی ٢٠١٩ پۆلیسی ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی ٣٥ هەزار تاوانی کوشتن لەو ساڵەدا تۆمار کراوە، لە کاتێکدا بەراورد بە سوریا کە بەدەست شەڕی ناوخۆوە گرفتارە، ساڵی ڕابردوو تەنها ١١ هەزار کەسی مەدەنی کوژراوە.

بەگوێرەی ڕیزبەندی جیهانی، مەکسیک لە پلەی ١٩هەمینی ئەو وڵاتانەدایە کە ڕێژەی تاوانکاری کوشتنیان تێدا ئەنجام دەدرێت، ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ٢٠١٧ش دەریدەخەن کە لە ناو هەر ١٠٠ هەزار کەسێکدا ٢٥ تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمار دەکرێت.

ک.س