تەرمی گەریلایەکی یەژاستار لە قەندیل بەخاکسپێردرا

تەرمی گەریلایەکی یەکینەکانی ژنانی ئازاد-ستار 'یەژاستار' لە قەندیل بەخاکسپێدرا، کە ڕۆژی ٣ی کانوونی دووەم لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیدا شەهیدبوو.


لە مەراسیمێکی جەماوەرییدا، تەرمی گەریلا مەدینە چەتین ناسراو بە هاڤین نسێبین، بە دروشمی "شەهید نامرێ" لە مەزارگەی شەهید محەمەد قەرەسونگول لە بناری قەندیل بەخاکسپێردرا.

لە مەراسیمەکەدا، شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا وێڕای سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهید، باسی لە ژیان و خەباتی شەهید هاڤین کرد و وتی:"هەڤاڵ هاڤین لە ساڵی ١٩٩١ەوە بەبێ دابڕان و دوودڵیی، بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لە خەبات سارد ببێتەوە، بەردەوامیی بە تێکۆشان و خەبات و بەرخۆدانی خۆی دا".

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی وتیشی:"هەڤاڵ هاڤین هەم لە ڕیزەکانی پاراستنی گەلی کورد، هەمیش لە زیندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، هەروەها لە باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، کار و خەباتی خۆی بە سەربەرزانە ئەنجامداوە، زۆرن ئەوانەشی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی تێکۆشانی هەڤاڵ هاڤین و ڕێچکەی ئەویان گرتووەتە بەر".

شیلان شاکر، جەختیشیکردەوە، کە ڕێبازی شەهید هاڤین بەردەوام لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتردا دەبێت، "ئەگەرچی لەئێستادا پیلانگێڕیی هێشتا بەردەوامە، بۆ ئەوەی کە ئومێد و هیواکانی هەڤاڵ هاڤین و تەواوی هەڤاڵانی شەهید هاڤین ئاستەنگ بکەن و ڕێ لە بەدیهاتنی بگرن، بەڵام هەتا هەڤاڵ و تێکۆشەری وەک هەڤاڵ هاڤین هەبێت، بێگومان ئەو هێڵی تێکۆشانە دەتوانێت بەسەر هەموو پیلانگێڕییەکاندا سەربکەوێت".

شەهید مەدینە چەتین ناسراو بە هاڤین نسێبین، ساڵی ١٩٧٦ لە شارۆچکەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین-ی باکوری کوردستان لەدایکبووە، ناوی دایکی شکورییە-یە و ناوی باوکی محەمەدە، ساڵی ١٩٩١ بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بووە و پاش ٢٧ ساڵ خەباتکردن بەبێ دابڕان، ڕۆژی ٣ی کانوونی دووەمی 2019  لەکاتی پێکهێنانی ئەرکەکانیدا بەهۆی نەخۆشییەوە شەهیدبوو.

 

ش.ف