تەمەلـلی باسی سەردان و ئەنجامەکانی لە باشور دەکات

سەزای تەمەلـلی، هاوسەرۆکی هەدەپە، دەربارەی سەردانەکەیان بۆ باشوری کورستان دەدوێت و ئاماژە بەوە دەکات، بەهیوان بۆ چارەسەرییەکانی کێشەی کورد و دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی هەنگاوبنرێت وتیی، دەبێت دیالۆگی دوولایەنە بکرێت و بەرەو چارەسەریی هەنگاوبنرێت، وتیشی، باشور بۆ ئەم پرسە ناوەندێکی گرنگە، هەروەها باس لە هەندێک قسەی دەکات و دەڵێت وتەکانم شێوێندراون.


شاندی هەدەپە و کەجەدە، کە لە سەزای تەمەلـلی هاوسەرۆکی هەدەپە، بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە و چەند پەرلەمانتارێکی هەدەپە پێکهاتبوون، ماوەی چوار ڕۆژ لە باشوری کوردستان مانەوە، لە سەردانەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان و سەرۆک کۆماری عێراقدا کۆبوونەوە، دەربارەی ناوەڕۆکی دیدارەکان و تێڕوانینی ئەوان، سەزای تەمەلـلی هاوسەرۆکی هەدەپە بۆ ڕؤژنیوز دەدوێت.

تەمەلـلی باسی لەوە کرد کە جاری یەکەمە دێتە باشوری کوردستان و، وتی: یەکەم جارمە دێمە باشورو بۆ من ئەزمونێکی زۆر گرنگە، لە مانای سیاسیشدا ئێمە پێمانوایە سەردانێکی گرنگ بووە، ئێمە پیرۆزباییمان لە هەڵبژێردراونی نوێی هەرێمی کوردستان کرد.

"کێشەی کورد پەیوەندی بە هەموو ناوچەکەوە هەیە و دەبێت بە زوویی چارەسەر بکرێت"

تەمەلـلی ئەنجامی سەردانەکەی بە زۆر گرنگ لە قەڵەمدا و، وتیشی: ئێمە کاتێک لە پێشکەوتنە سیاسییەکانی تورکیا و هەرێمەکە دەڕوانین، ئەم چاوپێکەوتنانە بە زۆر گرنگ دەزانین، سەرەتا دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات لە ئێستادا گفتوگۆمان کردووە، هەم گەلانی کوردستان و هەم تورکیا داوای ئاشتی دەکەن و دەیانەوێت ئاشتی پێشبکەوێت، لەبەر ئەوە خێراترین هەنگاو کە پێویستبێت هەنگاونانە بۆ چارەسەری دیموکراتی و بۆ چارەسەریی کێشەکانی کوردە، بەڵام ئێمە دەڵێین پێویستە کێشەی کورد وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێی بڕواندرێت، چونکە پەیوەست نییە بە جوگرافیایەکی دیاری کراوەوە.

"هەدەپە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی گەلی کورد لە گەڕاندایە"

لە بەردەوامییدا تەمەلـلی دەڵێت: ئێمە کاتێک لە تورکیادا تێکۆشان بۆ دیموکراتی پەرەپێدەدەین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردیش بژاردەمان دەبێت، ئێمە دەزانین کێشەی کورد دابڕاونییە لە کێشەکانی دیموکراتییەت، ئەم کێشەیەش تەنها لە ناو تورکیادا نا، بەڵکو لە دەرەوەی تورکیاشدا کاریگەریی هەیە، ئێمە لە کۆبوونەوەکاندا ئاشكرا ئەم باسانەمان کرد، گرنگە کە تێکۆشان بۆ دیموکراتی و ئاشتی پێکەوە بکرێن.

"نەبوونی یەکێتی کورد چارەسەرکردنی کێشەی کورد زەحمەت دەکات"

تەمەلـلی دەستنیشانی کرد، کە چارەسەریی کێشەی کورد بە یەکێتی نەتەوەییدا دەڕواتە پێشەوە و لە کۆبوونەوەکاندا وەک خاڵێکی سەرەکی باسیان کردووە، کە چۆن هەنگاوەکانی ئەو یەکێتییە بنرێت و وتیشی: کاتی ئەوە هاتووە کە کورد لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا هەستیارانە بجوڵێنەوە، هەروەها کاتی ئەوەیە کە سیاسەتی هاوبەش بێتەکایەوە، کە هەنگاو بۆ ئەمانە نەنێراوە کەموکورتی دروستبووە و بمانەوێت و نەمانەوێت چارەسەریی قورسکردووە و زیانێکی زۆری بە گەلی کورد داوە، زیانەکانیش سەرچاوەیان لە شەڕەکانەوە دێت، بۆ چارەسەرییەکان دەبێت دژی شەڕ هەڵوێست پیشان بدرێت و ئاشتی بکرێتە پێوەر.

"دیموکراتی لە تورکیادا دیموکراتی دێنێتە ناوچەکەوە"

هاوسەرۆکی هەدەپە وەها بەردەوامیی بە قسەکانی دا: گەلانی ناوچەکە چاویان لە چارەسەرکردنیی پرسەکانی گەلی کوردە، چونکە کاریگەریی لەسەر هەموو گەلانی مافخورا دەبێت، بۆیە دیموکراتیی بوونی تورکیا دیموکراتی لە ناوچەکەدا دێنێتە ئاراوە، ئەگەر ئێمە ئاشتی لە تورکیادا بخولقێنین ئاشتی دەگاتە هەرێمەکە، تورکیا وڵاتێکی بەهێزە، بەڵام هێزی خۆی باش بەکارناهێنێت، لە سیاسەتی دەرەوەیدا سیاسەتی بێ متمانەیی پەیڕەو دەکات، لە سیاسەتی ناخۆشدا ئاسایشی کۆمەڵگە بەهیچ دەزانێت، ئەوەش نەک تەنها ڕژێمێکی توتالیتەر، فشار، توندوتیژیی و شەڕ پەرەپێدەدات، لەهەمان کاتدا لە هەرێمەکەدا نائارامیی دێنێتەکایەوە و هیوای ئاشتی ناهێلێت، ئێمە خاوەنی هێڵی سێیەمین کە دەڵێین، دیموکراتی هەڵدەبژێرین و سیاسەتێکی دیموکراتی بەڕێوەدەبەین، دەستورێکی بنەڕەتی دیموکراتیی کێشەکانی کورد چارەسەر دەکات.

"دەبێت بۆ ئاشتی پێشنیارەکانی ئۆجالان لەبەرچاو بگیرێن"

لە درێژەی قسەکانیدا تەمەلـلی باسی لە ڕۆڵ و پێشنیارەکانی ئۆجالان بۆ ئاشتی کرد و، وتی: دەبێت ئێمە خاوەنداری لە پرەنسیپی ئاشتی لە تورکیا و دیموکراسی لە ناوچەکە بکەین، کورد لە تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران هەیە، کورد لەم وڵاتانە بەشێکی سیاسەتە و کۆمەڵگایە، ئێمە دەزانین بینینی ئەو وڵاتانە چۆنە بۆ کورد، بەڵام چارەسەریش هەیە، ئەگەر ئەمانە نەبینرێت و کێشەکان وەکخۆی خوێندنەوەیان بۆ نەکرێت چارەسەریی و ئاشتی پێکنایەت، هەربۆیە بەتایەبت دیموکراتیی بوون بۆ تورکیا زۆر گرنگە، ئەگەر لەم پرسەدا بۆچوونەکانی ئۆجالان لەبەرچاوبگیرێن کە ئەزموونێکی زۆر گرنگی لە ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ هەیە، ئەگەر کەمێک پێشکەوتن لەو چوارچێوەیەدا پێکبێت ئەوە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە هەرێمەکە دەبێت.

"دیموکراتی لە باشور کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت"

هاوسەرۆکی هەدەپە باسی لە ڕۆڵی باشوری کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد و، وتی: بۆنمونە، ئەگەر لە باشوری کوردستان هەنگاو بۆ دیموکراتیبوون بنرێت و هەوڵدانێکی باش بۆ ئاشتی هەبێت، ئەوە کاریگەرییەکی باش لەسەر تورکیا دەکات، ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی دانوستان و بڕانی پەیوەندییەکان لە تورکیا زۆر بەئاسانیی دەتوانن قەیومەکان بخەنە شوێن کەسانی هەڵبژێردراو، دەتوانن ئۆپەراسیۆنی پەنجە بۆ باشور بکەن و دەتوانن هەڕەشەی زۆر لە ڕۆژئاوا بکەن.

"داواکردنی کۆنگرەیەکی بەپەلە پێویستە"

تەمەلـلی ئاماژەی بەوەکرد، کە بەرپرسانی باشور بە ئەرێنی لە پێشنیار و گفتوگۆکانیان ڕوانیوەو وتیشی: کاتێک دەڵێین کێشەی کورد لە ڕاستیدا تەنها کیشە نییە، بەڵکو ئەو بیرکردنەوەیەیە کە کوردان و مافەکانیان بە نەبوون هەژمار دەکات، دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت کە پێویستی بە تێکۆشانێکی هەمەلایەن هەیە، بانگکردن بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە زۆر پێویستە، چونکە ئەم باسە گرنگە و پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە، هەڵبەتە باشور لەم نێوەندەدا ناوەندێکی زۆر گرنگە، کۆبوونەوەکان هەموویان ئەرێنی بوون، ئەوانیش نزیکایەتییان لە بۆچوونەکانی ئێمە ئەرێنی بووە، بۆیە چاوەڕوان دەکەم لە کاتێکی نزیکدا ئەنجامەکانی بەباشی دەرکەون.

"ئێمە بانگمان کرد و ئەوانیش ئەرێنی وەڵامیان دایەوە"

هاوسەرۆکی هەدەپە ئومێدی هەیە کە ئەو بەرپرسیارییەتییەی دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێکیبهێنن، دەشلێت: ئێمە بانگەوازییمان بۆ هەنگاونان نا، ئەوانیش بە ئەرێنی وەڵامی ئێمەیان دایەوە، هەڵبەتە ئێمە چارەسەریی دیموکراتیمان دەوێت، چونکە لە شەڕدا هەموومان زیانیان بەردەکەوێت، بێگومان هەڵوێستی ئارەزوومەندانەی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکرێت، ئێمە لە تورکیادا لە ستەمێکی گەورەدا دەژین و نائارامییەکی گەورە هەیە، هەژارییەکی زۆر هەیە، ئەمانە هەموویان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی دیموکراتیدا دەتوانن چارەسەر بکرێن، مادام ئێمە سیاسەت دەکەین، ئەوە لە چارەسەریی دیموکراتیش بەرپرسیارین.

"قسەکانی من شێوێندرا"

دەربارەی هەندێک قسەی کە لە چەند میدیایەکی باشوری کوردستاندا، کە وەرگێڕانی هەڵە یان شوێندراون، تەمەلـلی وتی: من بە تورکی قسە دەکەم و کاتێک وەرگێڕانی بۆ دەکرێت دەبێت کێشەیەک دروستبێت، یان دەکرێت شێوێندرابێت، جیهانی کورد جیهانێکی گەورەو دەوڵەمەندە، ئێمە باسی گروپێکی بچوک ناکەین، ئێمە باسی ٤٥ ملیۆن کورد و دەیان حزبی سیاسیی لە هەرێمەکە دەکەین، ئێمە باسی بۆچوونە جیاوازەکان دەکەین، هەڵبەت چەندین سەرکردەی کورد هەیە، یەکێکیش لەوانە 'مەسعود بارزانیی و بەڕێز ئۆجالانە'، ئەمەش ڕاستییەکە کە وەک سیاسییەک چی بڵێن گرنگە، هەوڵدانەکان بۆ چارەسەریی کێشەی کورد و پێشنیارەکان چۆنن ئەوە گرنگە، ئێمەش ئەوانە دەبینین، ئێمە باسی ڕێگای سێیەم دەکەین، باسی سیاسەتی ئازاد و پرۆژەی دیموکراتی دەکەین، بۆ ئەمە داواکانی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئێمە گرنگە، ئەو بۆخۆشی وتی، کە لەسەر هێڵ و ڕێبازی ٢٠١٣م، کە ئەو هەنگاوەی ٢٠١٣ بۆ تورکیا و جیهانیش زۆر گرنگ بوو، ئێمە نەمانتوانی هەڵسەنگاندنی باش بۆ ئەوە بکەین، لەسەروی هەموویەوە ئێمە و چەندین ڕێخراویی دیکە لەمبارەیەوە ڕەخنەمان لە خۆمان گرت، ئەگەر ئەو هەنگاوە سەریبگرتایە ئێستا هەموو کێشەکان چارەسەر بووبوون، هەڵبەت هەریەکە و لای خۆیەوە ئەم بابەتە جیاوازتر دەبینێت، بەڵام بە کوردی یەکلایەنە شرۆڤەیان بۆ کرد کە هەڵەیەکی گەورەیە و قسەکانی من شێوێندران.

"بۆچارەسەریی پرسی کورد ئێستا بەهیواترم"

تەمەلـلی دوو بارە هیوای خۆی بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی کورد خستەڕوو، بەمشێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەتوانم بڵێم، کە بۆ چارەسەیی دیموکراتیی و ئاشتیانە ئێستا بەهیواترم، ئەمە گرنگە، کە بۆ کێشەکە چارەسەرییەکی گشتگیر بێتە ئاراوە، بەگشتی لە ئاستێکدا بوو، کە دەواتنم بە خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد و تورکیا و هەرێمەکەی ببینم، کە پێشکەوتنێکی گرنگ بووە، بەڵام پێوستی بە پەیوەندیی و دیالۆگی زیاتر هەیە.

س.ح