تەژەکە-ئەوروپا: ئەوەی لە کۆبانێ تێکشکا فاشیزمی ئەردۆغان بوو

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا، دەڵێت، کە ئەوەی کە لە کۆبانێ تێکشکا فاشیزمی ئەردۆغان بوو، داواش لەژنان، گەلەکەمان و هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتیخوازەکان دەکات، کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ تێبکوشن و خاوەنداریی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەن.


تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەورووپا( TJK-E) دەربارەی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

تەژەکەی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، دەڵێت: سەرکەوتن لە کۆبانێ لەژێر سێبەری بەرخۆداندا مسۆگەربوو، نەک تەنیا کوردستان، هەروەها تێکوشەرانی ئینتەرناسیۆنالیش، کە باوەڕیان بە نرخەکانی مرۆڤایەتی هێناوە، لەوچوارچێوەیەدا شەڕیان کرد و لەهەرچوارلای جیهانەوە بەروە کوبانی بەڕێکەوتن، ئێمە بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی کوبانی بەڕێزەوە بەبیردێنینەوە.

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەرخۆدانی کۆبانێ گەلی کوردی لە دڵ و مێشکدا کردە یەک و بەرخۆدانێکی نەتەوەیی خوڵقاند، هاوکات، بووبە ڕێبازێکی بەرخۆدانیی کە بووە خاوەنی پشتیوانی ئینتەرناسیۆنالیستەکان، هەربۆیە ١/نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی کۆبانێ لەناو لاپەڕەی مێژوویی جیهاندا جێگەی خۆی گرتووە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا هاتووە: بەناوی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا، ئێمە ڕۆژی جیهانی کوبانی لەسەرەتادا لە هەموو ژنانی تێکوشەر کە ڕێگەی سەرکەوتنیان کردەوە، لەهەموو کوردستانیان و گەلانی ئازادیخواز پیرۆزدەکەین، کۆبانێ بەهەموو جیهانی نیشاندا کە لەدژی ڕێکەوتنی پیسی هێزی ڕەش، قڕکەر و داگیرکەر، بەرخۆدانی هاوبەش و تێکۆشانی قارەمانانە سەردەکەوێت.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەوەی کە لە کۆبانێ تێکشکا فاشیزمی ئەردوغان بوو، دەوڵەتی تورک وەک هەر ڕژیمێکی فاشیست، بۆ ئەوەی درێژە بەدەسەڵاتداریەیتی خۆی بدات ڕێگەی هێرش کردن و قڕکردن دەگرێتە بەر. ئەردۆغانی دیکتاتۆر، دوژمنی مرۆڤایەتی، گەلی کورد و ژنانە، ئەم ڕژیمە فاشیستە بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا و بەنیازە دەسکەوتەکانی گەلی کورد لەناوبەرێت، ئامانجی سەرەکی تورکیا داگیرکردنی ڕۆژئاوا و قڕکردنی گەلی کوردە، هێزە بەناو جیهانییەکان، دەیانەوێت ئەوشتە نەبینن و نەبیسن و خۆیان کەڕولاڵ نیشان بدەن، بەڵام ژنانی کورد بەدەنگێکی بەرز دەڵێن نا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا( TJK-E) هاتووە: پێویستە ژنانی کورد و دۆستانیان و هێزە دیموکراتخوازەکان تێکۆشانی خۆیان فراوانتربکەن، ئەرکی ئێمەیە گەشە بەو بەرخۆدانە بدەین، ئێمە داوا لە ژنان، گەلەکەمان وهەموو هێزە دیموکرات و ئازادیخوازان دەکەین، کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێیەوە خاوەنداریی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەن.

ش.ف