حەلبوسی: لەدەستوردا  نەهاتووە هەرێم نەوت بفرۆشێت و بەغداش قەرزی بۆ بداتەوە

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر و لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاندووە: لەدەستوری عیراقدا نەهاتووە هەرێم نەوتی خۆی سەربەخۆ بفرۆشێت و بەغداش قەرزەکانی بداتەوە.


ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو نیگەرانی خۆی لەسەر چەند پرسێک ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کردووە.

بەپێی زانیارییەکان،مەسرور بارزانی لەکۆبوونەوەکەدا جەختیکردۆتەوە، حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات و بەغداش پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستور.

لەبەرامبەریشدا، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە: بەغدا پاشگەز نەبۆتەوە لە جێبەجێکردنی دەستور، بەڵام لە دەستوردا نەهاتووە کە هەرێمی کوردستان قەرز بکات و بەغدا قەرزەکانی بداتەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە ویستی خۆی ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاندووەو ماوەی پێنج ساڵە نەوتی هەرێم و کەرکوکیشی فرۆشتووە.

حەلبوسی نیگەرانی بەغدای گەیاندۆتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم  و ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، هەرێم بانگەشەی ئەوە دەکات قەرزارە، لە کاتێکدا هەرێم ڕێگە نادات لێکۆڵینەوە لە خەرجی و داهاتەکانی بکرێت.

ب.ش