خراپی شێوازی پەروەردە و زهنیەتی پیاو سالاریی هۆکارە بۆ ناوزڕاندنی ژنان

جیاواز لە پرسەکانی دیکەی ژنان، یەکێک لەو گرفتانەی ڕووبەرووی ژنان دەبێتەوە، ئەوەیە کاتێک ژنێک کەموکورتییەکی دەبێت، ئەوەی لە ئەندازەی خۆی زیاتر بۆ گەورە دەکرێت و ناوی دەزڕێنرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەمان کەموکورتی پیاوێک ئەنجامی بدات بەوشێوەیە گەورە ناکرێت، قسەی لەسەر ناکرێت و بۆی پەردەپۆشدەکرێت، هاوڵاتیان هۆکاری ئەوە بۆ خراپی شێوازی پەروەردەی کۆمەڵگا و زهنیەتی پیاو سالاریی دەگەڕێننەوە.


توندوتیژی دژ بە ژنان تەنها لە ڕووی جەستەییەوە نییە، بەڵکو زۆر جار بەهۆی هەڵەیەک کە ژن لە کۆمەڵگادا تووشی دەبێت، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر دەبێتەوە و ناوی دەچێتە سەر هەموو زارێک و ناوی دەزڕێندرێت و جۆرێک لە توندوتیژی دژ بە دەروونی ئەنجامدەدرێت، بەڵام کاتێک پیاوێك هەمان هەڵە دەکات کەمترین باس دەکرێت و هەڵەکانیان بۆ پەردەپۆش دەکرێت و زۆرجاریش دەخرێتە ئەستۆی ژنان، دەربارەی ئەم بابەتە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دوان.

هیوا محەمەد، هاوڵاتی، پێیوایە کە هەڵەی کۆمەڵگایە ئەوەی دروستکردووە، کە هەرچی بێت هەر هەڵەی ژنەکانە و ناویان دەزڕێندرێت، لە بەرامبەریشدا هەڵەی پیاوان پەردەپۆشدەکرێت، بەڵام هەر کارێکی هەڵە چەند بۆ ژن عەیبە بێت ئەوەندەش بۆ پیاوان دەبێتە شەرمەزاریی.

ئەو هاوڵاتیە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە هەڵەی کۆمەڵگایە وایکردووە، کە سەرزەنشتکردن تەنیا بۆ ژن بێت، سەرکوتی ژن بکرێت، ڕەخنەکان هەر بۆ ژن بێت، دەشپرسێت ئەی پیاو هیچ هەڵەی نییە بۆچی هەر دەبێت ناوی ژن بزڕێندرێت؟.

شیلان مەحمود، هاوڵاتیەکی دیکەی شاری سلێمانییە، هۆکاری ئەم ناوزڕاندنەی ژنانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کۆمەڵگای کوردیی هێشتا لە هەموو شتەکان تێناگات و هۆشیار نییە، لەبەرئەوە ئەم کارانەی کۆمەڵگاش لە نەزانییەوەیە، هەروەها دەڵێت: لە کۆمەڵگای ئێمە پیاو سالارییە بۆیە مافی ژن نییە، بە پێویستیشی دەزانێت کە تێگەیشتن و هۆشیاریی دروستبکرێت.

کارزان حەسەن، هاوڵاتیەکی دیکەیە و دەربارەی هۆکاری ناوزڕاندنی ژنان و پەردەپۆشکردنی هەڵەکانی پیاوان بۆجوونی خۆی بەمشێوەیە خستەڕوو، "ئەوەی پەیوەندی بە دواکەوتوویی کۆمەڵگاوە هەیە، لە کۆنەوە تا ئێستا هەر وا هاتووە هەر شتێک ئافرەتێک دەیکات دەردەکەوێت، لە کۆمەڵگای ئێمەدا پیاو هەر شتێک دەکات دەشاردرێتەوە، بەڵام ژنان ناویان دەزڕێندرێت".

کارزان زیاتردواو وتی: نە کۆمەڵگا ڕاستیەکان قبوڵ دەکات، نە پەروەردەکەمان تەندروستە، کوڕەکەم لە خوێندنگا تا ئێستا هیچ شتێکی دەربارەی یەکسانی ژن و پیاو پێنەوتراوە، وە ئەو شتانە دەبینێت کە ئێمە دەیکەن، کە گەورە بوو ئەم جیاوازی و نایەکسانیەی بەلاوە ئاسایی دەبێت، چونکە بە منداڵیش هەر بینویەتی، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هۆشیار کردنەوەیەکی باش نییە لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوەکان.

هەر دەربارەی ئەو پرسە سازگار حەمە عەلی، ئەوەی خستەڕوو کە ژنان لە ڕابردوودا هیچ مافێکیان نەبووە و نەیانتوانیووە بە ئازادی بچەنە هەر شوێنێک کە دەیانەوێت، رێگایان پێنەدراوە قسە لە قسەی پیاودا بکەن، بەڵام ئێستا کەمێک دۆخەکە باشتر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێستا هەر نا یەکسانیەکی زۆر هەیە.

ک.س