خەتەنەکردنی مێینە ساڵانە ملیۆنان ژن دەکاتە قوربانی

گفتوگۆیەکی کراوە لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ‌خەتەنەکردنی مێینە، بە باسکردنی لایەنی تەندروستی و هۆکارەکانی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا ئاماژە بەوەشکرا، کە ساڵانە ٢٠٠ ملیۆن ژن و کچ خەتەنە دەکرێن و دەکرێنە قوربانی.


ئەمڕۆ، پەیمانگای تەکنیکی کوردستان و کۆلێژی پەرستاری زانکۆی سلێمانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، گفتۆگۆیەکی کراوەی لە ناوەندی فێرکاری شێخ تەیب قەیوان، لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد.

ئەو گفتوگۆیە، بە مەبەستی ڕوونکردنەوە لەسەر خەتەنەکردنی مێینە بوو، کە چەندە مەترسیدارە بۆ ژنان و داهاتووی کۆمەڵگا، تێیدا هەریەک شایان جەلال خەلەف، پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون، سەیران بەرزنجی، مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و ئاراس محەمەد، مامۆستای کۆلێژ پەرستاری و پەروین حەسەن بەڕێوەبەریی گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەشدارییان کرد.

شایان جەلال دەربارەی زیانەکانی قسەیکرد و وتی: زیانەکانی تەندروستی خەتەنەکردن بە دوو شێوەیە، نزیک مەودا و دوور مەودا، نزیک مەودا بریتییە لە، مردن، ئازاری زۆر، هەوکردنی ئەندام، ژەهراوی بوون خوێن، لە دەستدانی گورچیلە و کۆئەندام هەناسە، نەخۆشی گەزاز، خوێنبەربوون، میزگیران و تووشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسەکان دەگرێتەوە.

هەروەها زیانە دوورمەوداکانی، بریتیین لە نەخۆشی دەروونی، نەمانی هەستی سێکسی، ئازاری درێژخایەن، ناشرین گیرسانەوەی برینەکە، بوونی ئازار لە سووڕیمانگانە و خوێن کۆبوونەوە و گیرانی بۆری میز، نەزۆکی، زیانەکانی کاتی دووگیانی، خوێنبەربوون، زەحمەتی پشکنین لە کاتی منداڵبوون و دەیان نەخۆشی دیکە بەدوادادێت .

هەروەها سەیران بەرزنجی، وتی: خەتەنەکردن کارەساتە و ئەم جۆرە دیاردەیە جگە لە زیان و نەهامەتی هیچی بۆ ژن تێدا نییە و توندترین شێوازی جیاکارییە، زوڵمێکە بەرامبەر ئارامی جەستەی ژنان دەکرێت، زۆربەی جاریش بە مردن کۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارەسات ئەوەیە بە ناوی دین و شەرەف پەیڕەو دەکرێت و وتیشی: بە پێی داتاکانی یۆنسێف تاوانە، پێشێلکاری مافی مرۆڤە، بووەتە نەریتێک کە نەک یاسا، بەڵکو پێویستە شەڕێکی فکری بۆ بکرێت و زیاتر لەو کۆمەڵگایانەیە کە نەخوێندەوار و ئاستی ڕۆشنبیری نزمە، ئەم دیاردەیەش ۲۹دەوڵەت پەیڕەوی دەکەن، کە میسر پلەی یەکەمە، لە ۹۰٪ ژنانی خەتەنە کراون.

هەروەها ئاراس محەمەد ئامرێکی یونسێف بۆ هەبوونی زۆری خەتەنکردن بەنمونە هێنایەوە، کە ساڵانە ۲۰۰ملیۆن ژن و کچ خەتەنە دەکرێن، ئەم دیاردەیەش تا ئێستا لە چەن ناوچەیەکی کوردستان بوونی هەیە و بە هۆیەوە ژمارەیەک لە کچان زەبرێکی زۆریان بەردەکەوێت.

ئاراس ڕەخنەی لە لایەنی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی گرت و وتیشی: تەندروستی ڕۆڵێکی بەرچاو نابینێت بۆ ئەم دیاردەیە و کەمتەرخەمییەک هەیە، هەروەها داتایەکمان لەوبارەیەوە دەست ناکەوێت، لە کاتێکدا سەندیکای پزیشکان پێویستە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە و داتایەک وەربگرن لەو ژنانەی دێنە لایان.

پەروین حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، ئاماژەی بە کارابوونی یاسا کرد و دەڵێت: بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا هیچ سکاڵایەک نییە لە سەر دیاردەی خەتەنەکردن نییە، کە سکاڵاش نەبێت ئەوە یاسا جێبەجێ ناکرێت، چونکە هەمووی پێی شەرمە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە پڕۆژەیەکیان لە بەردەستدایە بۆ ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ کە کارکردن بۆ نەهێشهتنی دیاردەی خەتەنەکردنیش بەشێکە لەو پڕۆژەیە و لە داهاتوودا ئاشکرای دەکەن.

دواتر بە باسکردنی لایەنی ئایینی و وەرگرتنی سەرنج و پرسیارەکان کۆتایی بە گفتوگۆکە هات.

س.ح